Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 00:57

وەزارەتی ڕۆشنبیری داوا لە توركیا ده‌كات رێگە لە هەڵمەتی چەواشەكاری دژ بە هەرێمی كوردستان بگرێ

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی زنجیرە درامای گورگی تەنیا كە لە كەناڵی (atv) توركی پەخش دەكرێ یاداشتێكی نارەزایی راگەیاند و دەڵێت: لە كاتێكدا ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە كە پێویستە هەمووان ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و وەك دوو دراوسێ، برایانە پێكەوە بژین ، هاوكات ئومێدەوارین حكومەتی توركیا-ش رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەكارییە بگرێ كە لەلایەن هەندێك خەڵكی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئالۆزكردنی پەیوەندی نێوان گەلان.
دەقی یاداشتی ناڕەزایی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی زنجیرە درامای گورگی تەنیا:
لە كەناڵی (atv) توركی زنجیرە درامای (گورگی تەنیا) پەخش دەكرێ. ئەم درامایە بەرهەمی كۆمپانیاكانی (توركواز میدیا)ی نزیك لە حكومەتی توركیایە، (عوسمان سناڤ) بەرهەمهێن و (جاغاتای تۆسۆن) دەرهێنەری دراماكەیە، (عەلی ئالپەر و موراد كوچا) سیناریۆكەیان نووسیوە.
(گورگی تەنیا) باس لە مێژووی توركیا و شەڕی نێوان توركیا و PKK  دەكات، هەروەها باسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕۆڵی ئەمریكا دەكات. لە چەندین ئەڵقەیدا بە نەفەسێكی دوژمنكارانە باسی كورد و هەرێمی كوردستان دەكات و هەموو كارتەكان تێكەڵ دەكات تا ڕادەی تێكەڵكردن لەگەڵ داعشی تیرۆریستدا. بۆ نموونە لە ئەڵقەی (19) كە ڕۆژی 3-6-2022 پەخشكراوە، لە دیمەنێكدا كە باسی دادگاییكردنی توركێكە لە دادگایەكی هەرێمی كوردستان، لە دادگاكەدا ئاڵای كوردستان و وێنەی سەرۆك مەسعود بارزانی دانراوە، سوكایەتی بە خەبات و هێماكانی گەلی كورد دەكات و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ناشەرعی لە قەڵەم دەدات و دەڵێ جوگرافیایەك بەناوی كوردستانەوە نییە و موسڵ و كەركووك دوو شاری توركمانین و گەورەترین شەقامی هەولێریش ناوی (موزەفەرەدین گۆكبۆرو)ە، وەك ئاماژەیەك كە هەولێریش شارێكی توركمانییە.
هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە لە عێراقدا، خاكی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە. كونسوڵخانەی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستانە، سەدان هاووڵاتی و كۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوسێیەتی كۆیان دەكاتەوە لەگەڵ هاوڵاتییانی كوردستاندا بە كورد و توركمان و سریان و عەرەبەوە لە هەموو ئایین و ئایینزاكان.
بەلای ئێمەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم درامایە سووكایەتییە بە هەموو ئەو ڕاستییانە و زیانیان  پێدەگەیەنێت، دوورە لە بەهای هونەریی كە لە بنەڕەتەوە هونەر پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی جیاوزییەكانی پێیە، نەك ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی بەرامبەر.
لە كاتێكدا ئێمە بڕوای تەواومان بەوەیە كە پێویستە هەمووان ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و وەك دوو دراوسێ، برایانە پێكەوە بژین ، هاوكات ئومێدەوارین حكومەتی توركیاش رێگە لەو هەڵمەتی چەواشەكارییە بگرێ كە لەلایەن هەندێك خەڵكی قین لە دڵ و نەژادپەرستەوە دەدرێت بۆ ئالۆزكردنی پەیوەندی نێوان گەلان.
ئێمە دەزانین ئەو درامایە و دراما هاوشێوەكانی كە پێشتریش بەرهەمهاتوون بۆ ڕازیكردنی توێژێكی بیرتەسكن و جگە لە زیانگەیاندن بە بەهاكانی هاوسێیەتی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش و بنەما مرۆیی و نێودەوڵەتییەكانی پەیوەندیی نێوان گەلان، هیچی تریان لێ بەرهەم نایەت.
لێرەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەگەیەنینە دەزگای بەرهەمهێنەر و (atv) و تەواوی ئەو ستافە، لە بەرامبەر ئەو سوكایەتییە و بڵاوكردنەوەی تۆوی شۆفێنیزم و بە كەم سەیركردنی بەرامبەرەكانیان.  

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان    
8ی 6 ی 2022

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.