Erbil 31°C ھەینی 04 تشرینی یەکەم 16:24

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: رێگەوبان و دووسایدکردنی رێگەی نێوان شارەکان لە پێشینیەی کارەکانمانە

کوردستان TV
100%

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 07ـی 06ـی 2022 لەمیانی پێشوازی لە سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە رێگەوبان و دووسایدکردنی رێگەی نێوان شارەکان لە پێشینیەی کارەکانمانە.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و شاندێکی یاوەری کرد.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆی ورد کرا سەبارەت بەچەند پرس و بابەتێکی پەیوەست بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەت و خزمەتکردن بەهاووڵاتییان، دانا عەبدولکەریم وێڕای بەخێرهێنانی وەفدی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکرد؛ کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەزارەتێکی خزمەتگوزارە و پەیوەندی راستەوخۆی بەهاووڵاتییان و بەژێرخانی وڵاتەوە هەیە بەتایبەت لەڕووی رێگەوبانەکان و نیشتەجێکردن.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستەڕوو کە دانا عەبدولکەریم لە کۆبوونەوەکە گوتی: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە ڕابردوودا بەپاڵپشتی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجوومەنی وەزیران هەنگاوی گرنگیناوە، بەڵام هێشتا هەندێ پڕۆژەی رێگەوبان ماون کە پێویستیان بە هەرچی خێرا تەواوکردن هەیە لەوانەش رێگە دوسایدییەکانی نێوان پارێزگاکان و رێگەی دوسایدی کەلار-دەربەندیخان، هەولێر-کۆیە، دوکان-چوارقوڕنە، کۆڕێ-شەقڵاوە، چۆمان-حاجی ئۆمەران، بەردەڕەش-کەڵەک.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە هەروەها جەختیکردەوە رێگەوبان ئەولەویەتە و پەیوەندی بە تاکبەتاکی کۆمەڵگەوە هەیە، لە بواری نیشتەجێبوونیش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی هەیە و خۆشبەختانە لەکۆبوونەوەی رابردوومان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت چارەسەری گونجاو پەسەند کرا بۆ تەواوکردنی 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و کەمدەرامەتان کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە جێبەجێ دەکرێت.

لە بەرامبەردا سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و سازدانی ئەم جۆرە کۆبوونەوانە و ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی حکوومەت خزمەتکردنی هاووڵاتییانە و بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێت لە رێگەی ئەم جۆرە کۆبوونەوانەوە هەوڵەکان چڕتر و یەکبخەین بۆ باشترکردنی کاروبارەکان و خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هاووڵاتییان.

سەرۆکی دیوان هەروەها جەختیکردەوە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە یەکێکە لە باشترین وەزارەتەکانی حکوومەت و رایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیران هەمیشە دەرگای کراوەیە و هەروەها پاڵپشت و هەماهەنگکار دەبێت بۆ ئەم وەزارەتە، بۆ دابینکردنی پێداویستی و داواکارییەکانتان بەمەبەستی باشتر راییکردنی کاروبارەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوە سەرجەم ناوچەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.