Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 03:43

وەزیری شارەوانی: گرفتی ئاو لە سۆران چارەسەر دەکرێت

کوردستان TV
100%

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەمڕۆ سێشەممە 07ـی 06ـی 2022 ڕایگەیاند کە گرفتی دابینکردنی ئاو لە ڕێگەی تانکەرەوە لە سۆران چارەسەر دەکرێت.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە لە ڕاوێژكار و بەرێوەبەرانی گشتیی دیوان و ئاو و ئاوەڕۆ و چەند بەڕێوەبەرێكی تری ناو وەزارەت پێكهاتوون، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، كە ڕاوێژكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەت و بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی سۆران ئامادەی بوون، لەبارەی پرۆژە ستراتیژییەكانی ئاو و وشكەشاڵی و ئەو شوێنانەی تاوەكو ئێستا بە تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكرێت، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە "ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە سۆرانەوە بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی سۆران ڕادەسپێرێت كە بەزووترین كات دەرخستەیەک بۆ ئەو شوێنانەی پڕۆژەی ئاویان نییە و بە تانكەر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەكرێت، ئامادە بكەن بۆ ئەوەی پڕۆژەیان بۆ جێبەجێ بكرێت و چیتر پێویستیان بە تانكەری دابینكردنی ئاو نەبێت."

وەزیری شارەوانی ڕایگەیاند: ساڵانە بڕە پارەیەكی یەكجار زۆر لە سنووری سۆران بۆ تانكەرەكانی دابینكردنی ئاو بۆ ئەو شوێنانەی پرۆژەی ئاویان نەگەیشتووەتێ، سەرف دەكرێت، بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش ساسان عەونی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆرانی ڕاسپارد كە بەزووترین كات دەرخستەیەك ئامادە بكەن بۆ ئەوەی چیتر ئاو بە تانكەر بۆ هاووڵاتییان دابین نەكرێت و پرۆژەیان بۆ جێبەجێ بكرێت.

وەزیری شارەوانی سەبارەت بە وشكەساڵیش ئاماژەی بەوە دا کە حكوومەت نزیكەی 11 ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە، بۆ بیرەكان و كەلوپەل و ڕێگریكردن لە گرفتی كەمئاوی، بەشێكی ئەو بووجەیە بۆ سۆران دەبێت، بۆیە ئێمە هەموو دەسەڵاتێكمان داوەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئەو لیژنەی لە پارێزگای هەولێر دروستكراوە كە تایبەتە بە كەمئاوی و وشكەساڵێ، بۆیە پێویستە ئەو شوێنانەی گرفتی ئاویان هەیە، دەستنیشان بكرێن بۆ ئەوەی كیشەكەیان بۆ چارەسەر بكرێت و پرۆژەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ جێبەجێ دەكەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.