Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 00:56

وەزیری شارەوانی بەدواداچوون بۆ خزمەتگوزارییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكات

کوردستان TV
100%


 ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێكی وەزارەت كە پێكهاتوون لە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و ئاو و ئاوەڕۆ و ژمارەیەكی تر لە بەڕێوەبەرانی ناو وەزارەت، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشوازی لێكرا. 
لەمیانەی سەردانەكەیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ئیشوكاری دامودەزگە خزمەتگوزارییەكانی دەڤەرەكە كرد، كە كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی هەر یەكە لە سەرپەرشتیار و جێگری ئیدارەی سۆران و قائیمقام و دامودەزگە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی دەڤەری سۆران بەشداربوون.
هاوكات لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی سۆران دەستبەكار بوو، هەروەها بەدواداچوون بۆ پرۆژەكان و ئاستی خزمەتگوزارییەكانی دەڤەرەكە كرا و جەختیش لەسەر پەرەپێدانی پرۆژە و بووژانەوەی دەڤەری سۆران كرایەوە. 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێوڕەسمی دەستبەكاربوونی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆراندا، جەختی لەسەر هاوكاری و پاڵپشتیی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئیدارەی سۆران كردەوە. ئاماژەی بەوەش كرد دەبێت فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتییەدابن كە حكوومەت پێیداون و پێویستە بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵك و دەڤەرەكەیان بكەن، هاوكات پیرۆزبایی لە خەڵكی سۆران كرد بە بۆنەی كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان لەو دەڤەرەدا و ئەم هەنگاوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بە ڕۆژێكی مێژوویی بۆ دانیشتووانی سۆران ناوبرد و هیوای خواست ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بتوانێت خزمەتی زیاتری دەڤەری سۆران بكات.
 

دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.