Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 00:56

مه‌سرور بارزانی: هاوكاری كارگه‌ و نانه‌واخانه‌كانمان كردووه‌ بۆ زیاد نه‌بوونی نرخه‌كان له‌سه‌ر هاووڵاتییان

کوردستان TV
100%


بە ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سێ پڕۆژە لە شاری دهۆك بەڕێوەچوو .
ئەمڕۆ سێشەممە 7ی حوزەیرانی 2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی هەرسێ پڕۆژەی كارگەی ده‌ستاری ئارد، خانووی شوشەیی بۆ چاندنی میوە و سە وزە  ، بەخێوكردنی مانگا و پیشەسازی خۆراك  لە شاری دهۆك بەڕێوە چوو.  
له‌ڕێو ڕه‌سمه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند: به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌ت ڕه‌خساندنی هه‌ڵی كاره‌ بۆ گه‌نجان، به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌مه‌ جۆركردنی ئابووری كوردستانه‌، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، كوردستان به‌سه‌رچاوه‌ی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، هه‌موو توانایه‌كمان بۆ پێشخستنی كه‌رتی كشتوكاڵ ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ، شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا كاریگه‌ری له‌سه‌ر خۆراك له‌جیهان هه‌بووه‌، ئاسایشی خۆراك له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌پارێزرێت.
مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاند: ده‌بێ زیاتر په‌ره‌ به‌ به‌رهه‌می ناوخۆ بده‌ین،  هه‌وڵده‌ده‌ین به‌رهه‌می خۆماڵی كوردستان به‌ بازاڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ئاشنا بكه‌ین ، كشتوكاڵ بناغه‌ی پێشخستنی هه‌ر وڵاتێكه‌ ، ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كان خۆمان بگونجێنین  بۆ ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بین ، هاوكاری كارگه‌ و نانه‌واخانه‌كانمان كردووه‌ بۆ زیاند نه‌بوونی نرخه‌كان له‌سه‌ر هاووڵاتییان.
هه‌روه‌ها گوتیشی، له‌گه‌ڵ پێشخستنی كشتووكاڵ پیشه‌سازیش پێشده‌كه‌وێت.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، داوا له‌ زانكۆكان و پسپۆڕه‌كان ده‌كه‌م ڕێگه‌ی زانستی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان نیشان بده‌ن.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

• ئێمە لێرە كۆدەبینەوە بۆ دانانی بناغەی چەند پرۆژەیەكی دیكەی ستراتیژی و گرنگ، بۆ پێشخستنی كەرتی چاندن و پیشەسازیی خۆراك لە كوردستان و پەیداكردنی چەندین هەلی كار.

• ئەمە یەكێكە لەو پرۆژە و بەرنامە و ئەجێندایانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی، ئەویش پێشخستنی ئابووریی كوردستان و فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و زیادكردنی هەلی كار بۆ گەنجان.

•لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی پڕۆژە جێبەجێ دەکەین.

• بۆ ئێمە جێی شانازییە كە دەبینین ئەم كابینەیە گرنگییەكی زیاتری داوەتە سەرچاوەكانی داهات و هەمەڕەنگكردنی داهات بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

• كوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی مرۆیی و سەرچاوەی سرووشتیی خۆی، پێویستە ئەوەی پێمان دەكرێت بیكەین تاوەكوو سوود لە خاكی خۆمان ببینین.

• پێویستە ئێمە بگەینە ئەو ئاستەی كە دڵنیا بین ئاسایشی خۆراك لە هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان نامێنێت.

• پێویستە گرنگییەكی زیاتر بدەین بە بەرهەمی ناوخۆیی و زیاتری بكەین، زیاتر پشت بە خۆمان ببەستین، بە زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی نەك پێویستیی خۆمان دابین بكەین، بەڵكو ببینە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی خۆراك بۆ بەشەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەر توانا هەبێت، بۆ وڵاتانی كەنداو و ئەوروپاش.

• لەگەڵ وڵاتان گفتوگۆ كراوە بۆ دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی.

• لە ماوەیەكی نزیكدا ئەزموونێكی سەركەوتوو دەبینین و هیوادارم ئەنجامەكانی دەربكەون و ببێتە رێخۆشكەر تا بەرهەمی ناوخۆیی بنێرینە دەرەوە و بازاڕەكانی دونیا بە بەرهەمی ناوخۆیی كوردستان ئاشنا بكەین.

• كاتێكی زۆر ناخۆش و چەندین قەیرانمان تێپەڕاند، بەڵام پێویستە ئێمە ئامادەبین بۆ ئەوەی ئەگەر قەیران بەردەوام بن، بتوانین خۆمان بگونجێنین تا زیان بە خەڵكەكەمان نەگات.

• حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی خستووەتە گەڕ تا فشار نەكەوێتە سەر هاووڵاتییان.

• چەندین هەنگاوی پێویستمان ناوە چ لە كەمكردنەوەی نرخی هاوردەكردنی كەرەستەی سەرەتایی پێویست.

• جیهان هەمووی دووچاری قەیران هاتووە و تەنها هەرێمی كوردستانی نەگرتووەتەوە.

• ئێمە لە هیچ وڵاتێكی دیكە كەمتر نین، توانای میللەتی ئێمە لە هی كەسێكی دیكە كەمتر نییە.

• ئەوەی پێمان دەكرێ دەیکەین تا باشترین رێگە بۆ پێشخستنی ئابووریی كوردستان و پێشخستنی كشتوكاڵ و پیشەسازی لە كوردستان بگرینە بەر.

• توانای خەڵكی خۆمان پەرە پێ دەدەین بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆیان زیاد بكەن و پێشی بخەن، تاکو ببنە سەرچاوەیەكی باشی ئابووریی كوردستان.

• داوا لە هەموو زانكۆكانی خۆمان و پسپۆڕانی خۆمان دەكەم هاریكار بن لەگەڵ كەرتی تایبەت، هاریکار بن لەگەڵ كەرتی گشتی و حكوومەت بۆ دۆزینەوەی رێگەی زانستی تا بزانین چۆن خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كەشوهەوا كە دیسان بووەتە بابەتێكی دی كە دونیا پێیەوە سەرقاڵە.

• داوکاری من ئەوەیە پێکەوە رێگەیەك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بە كەمترین بەکارهێنانی ئاو بەرهەمی خۆمان بەرهەم بهێنین، ئەوە چەند ساڵە دەبینین بارانی پێویست نابارێت یان دەبێتە وشكەساڵی.

• ئەم پرۆژەیەی لێرە بینیمان پێویستیی کەمتری بە ئاوە بۆ كشتوكاڵ، دەخوازم ئەمە ببێتە نەریتێك بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە زیاد بكات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.