Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 08:35

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕوونکردنەوە لەبارەی جیاوازی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل لە هەرێم و عێراق دەدات

کوردستان TV
100%

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە دەدات سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە جیاوازی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق بڵاو کراونەتەوە.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێنەوە لەبارەی نرخی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل گوایە لە حکوومەتی فیدراڵ بە 50 هەزارە و لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بە 120 هەزار دینار دەدرێتە هاووڵاتیيان، دوای تاوتوێکردنی ئەم پرسە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، ڕاستی بابەتەکە خرایەڕوو.

هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا ڕاستی بابەتەکەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:-

یەکەم: بە ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا، بڕیار دراوە تابلۆی ئۆتۆمبێل بە ستانداردێکی نوێ و یەکگرتوو لەسەر ئاستی هەموو عێراق دروست بکرێتەوە. بەشێکی ئەم پرۆسەیە لابردنی ناوی شارەکانە و لە بری شارەکان کۆد بۆ هەر شارێک داندراوە و دەستەواژەی (KR) کە کورتکراوەی (Kurdistan Region- هەرێمی کوردستان)ە بۆ یەکەم جار دەخرێتە سەر تابلۆی ئۆتۆمبێلی شارەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە خۆی دەستکەوتێکی گرنگە و هاوتەریبە لەگەڵ پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان. لەپاڵ ئەمەشدا چەند جۆرێک کۆدی ئاسایشی و پارێزگاری لە ساختەکردن خراوەتە ناو ئەو تابلۆیە و لە کۆمپانیایەکی ناوداری ئەڵمانییەوە دیزاین و چاپ دەکرێت. بە هۆی ئامادەکاری خێرای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێستا پرۆسەکە تەنیا لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و دیار نییە بەغدا پێویستی بە چەند کاتی دیکە هەیە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو سیستمە تەواو بکات. واتا پێویستە هاووڵاتییان بزانن کە لە بنەڕەتدا لە بەغدا جارێ ئەو تابلۆیە و ئەو سیستمە نەخراوەتە کار تاوەکو بەراوردی نرخ بکرێت.

دووەم: لەبارەی نرخی تابلۆکان، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتەی ڕێکخستووە بە ڕێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2022 کە بە (ڕێنمایی دیاریکردنی شێواز و قەبارە و رەنگ و ناوەڕۆکی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان) ناسراوە و لە ژمارە 82ی رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی کوردستان لە 28ی نیسانی 2022 بڵاوکراوەتەوە. بە گوێرەی ئەحکامە داراییەکانی ئەو رێنماییە کە لە ماددەی 11 ڕوونکراوەتەوە، نرخی جوتێک تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێل تەنها (60 هەزار دینارە) و لە پاڵیدا رسوماتی دیکەی وەکو (5 هەزار دینار بۆ لێدانی برغو و سیکیوریتی تابلۆکان ) و ( 10 هەزار دیناریش رسوماتی پرۆسەکەیە) وەردەگیرێت. واتا کۆی گشتی کڕین و لێدانی دوو تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل (تەنیا 75 هەزار دینارە).

لەبارەی بڕی 120 هەزار دینار کە بە چەواشەکاری باس کراوە و بەراوردکاری پێ کراوە، ئەمەشیان لە خاڵی پێنجەم لە ماددەی 11 ی ڕێنمایی سەرەوە ڕوونکراوەتەوە. ئەو کەسانەی پەلەیانە تابلۆی نوێ وەربگرن و نایانەوێت چاوەڕێ بکەن تا ساڵیانەی ئۆتۆمبێلیان بەسەر دەچێت، دەبێت دوو بەرامبەر کە دەکاتە (120هەزار دینار) بۆ جووتێک تابلۆ بدەن و رسوماتی دیکەی بورغو و پێشکەشکردنی پرۆسەکە کە (15 هەزارە) بدەن. بۆیە لە ڕاستیدا بۆ ئەوانەی بە نۆرەی خۆیان تابلۆ وەردەگرن نرخی کۆی پرۆسەکە (75 هەزار دینارە).

سێیەم: ئایا لە بەغدا 50 هەزار بۆ تابلۆ وەردەگیرێت؟ بۆ زانیاری هاووڵاتیيانی خۆشەویست، حکوومەتی فیدراڵ جارێ دەستی بە پرۆسەی جێبەجێکردنی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل نەکردووە تاوەکو بڕی پارەکە دیار بێت. ئەوەی ئێستا هەیە سیستەمی کۆنە و نرخی تابلۆی کۆن 50 هەزارە و جاران لێرەش هەمان نرخ بوو. ئەوەش پێویستە بگوترێت کە ئێستا حکوومەتی فیدراڵ پلێتی تابلۆی کۆنیشی نەماوە و ئەو بڕە 50 هەزار دینارە لە بەرامبەر کاغەزێکی ئەی فۆڕە کە ژمارەکەی لەسەر دەنووسرێت و شوفێر ناچارە لە جامی پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بدات.

دووپاتیشی کردەوە کە ئەو جۆرە بەراوردکارییەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە، بێ ئەوەی زانیاری پێویست و ڕاست و دروست بخەنەڕوو، کاری ئەوان بووەتە رەخنەی ڕووخێنەر و ئەو کارەیان کردۆتە پیشەی خۆیان و هەمیشە بۆ سەدان بۆ ئەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکار دەرخواردی خەڵکی ئازیزی کوردستان بدەن.

ئاماژەی بەوەش داوە کە قەرەباڵخی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی شارەکان بە دوو دەوامەوە (بەیانیان و ئێواران) نیشانەی دڵخۆشی و پێشوازی خەڵکی کوردستانە لەو پرۆسەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.