هه‌ندێك پیشه بوونه‌ته پاشگری ناوی كه‌سایه‌تیه‌كان و له‌ڕێی ئه‌و پیشه‌یه‌وه ناو و ناوبانگیان ده‌ركردووه و پێی ده‌ناسرێنه‌وه ، له‌كاروانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانیدا كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندمان هه‌یه كه كار‌و پیشه‌كه‌یان بۆته نازناو، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه له مۆسیقا و گۆرانی دا و، یه‌كێكه له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی كه‌هه‌ڵگری چرای مۆسیقا بووه له‌سه‌رده‌مێكدا كه هونه‌ری مۆسیقا له‌لای خه‌ڵك نامۆ و ته‌نانه‌ت پێی ئاشنا نه‌بوون و به‌عه‌یب و شووره‌یی خوێندنه‌وه‌ی بۆكراوه، هه‌روه‌ها یه‌كێكه له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) ، كه له‌دوكانه‌كه‌ی ئه‌و خاوه‌ن پیشه‌یه و هونه‌رمه‌نده‌وه بڕیاری دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی دراوه ،ئه‌و تیپه دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی هونه‌ری كوردی، كه‌كاریگه‌ری له‌سه‌ر شاری سلێمانی و كوردستان و عێراق به‌گشتی هه‌بووه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌مۆسیقا ژه‌ن و ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگین و كارامه‌یه بۆ كاره‌كه‌یی و هونه‌ره‌كه‌ی( به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ) یه.
به‌هجه‌ت ڕه‌شید فه‌ره‌ج ، ناسراو به ( به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی) .
بۆ نازناوی سه‌عاتچی ..؟
ئه‌م هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره دێرینه‌ی شاری سلێمانی و تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی و باپیری له دایكیه‌وه، یه‌كه‌م بنه‌ماڵه بوون كه سه‌رقاڵی پیشه‌ی سه‌عات فرۆشتن و چاككردنه‌وه‌ی كاتژمێر بوون له‌سه‌ر (جاده‌ی تازه) ی كۆن و شه‌قامی مه‌وله‌وی ئێستا، كه‌واته ئه‌و ناوه به‌هۆی كاركردن له‌وپیشه‌یه‌دابۆته پاشگری ناوی خۆیی و باوكی و هونه‌ره‌كه‌یی.
هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ، له‌ساڵی (1927) له‌شاری سلێمانی له‌دایكبووه، خاوه‌نی
( 3 براو یه‌ك خوشكه) ،
له‌ساڵی (1933) له قوتابخانه‌ی ( فه‌یسه‌ڵیه) خراوه‌ته به‌رخوێندن، هونه‌رمه‌ند تا پۆلی سێیه‌می ناوه‌ندی خوێندووه و ، له‌ساڵی (1942) وازی له‌خوێندن هێناوه و سه‌رقاڵی كاركردن بووه له‌لای باوكی.
حه‌زو خولیای بۆ هونه‌ری مۆسیقا له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
له‌سه‌ره‌تای سه‌ده بیسته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ تیپێكی مۆسیقا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌شاری سلێمانیدا نه‌بووه، ته‌نها یه‌كه‌م تیپێكی مۆسیقا كه‌له‌شاری سلێمانی له‌ساڵی (1926) دامه‌زراوه‌پێكهاتووه له (18) هونه‌رمه‌ند، به‌ڕێز ( شاكر فه‌تاح) سه‌رپه‌رشتی كردوون، زیاتر ئامێره‌كانیشیان هه‌وایی ( فوودار) بوون، وه‌ك ( شمشاڵ وكلارنێت و ترامپێت) و ئامێره ئیقاعییه‌كانی وه‌ك ( ده‌هۆڵ و ته‌پڵ و ده‌ف) (1).
هه‌روه‌ها هۆكاری ڕاگه‌یاندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگ و هونه‌ری گۆرانیبێژان ، سه‌ره‌تا ته‌نها له‌ڕێی ( گرامافۆن_ قه‌وان) ه‌وه بووه، له‌ساڵی (1939) به‌دواوه به‌هۆی ڕادیۆی به‌غداوه‌كارو چالاكی هونه‌ری گه‌یشتۆته به‌رگوێی بیسه‌ران و گوێ‌گران، گرامافۆن وڕادیۆش یه‌كێك بوون له‌ئامێره ده‌گمه‌نه‌كان كه له زۆر ماڵ دا نه‌بووه ، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌هه‌ندێك له‌چایخانه دیاره‌كانی شاری سلێمانیدا بوونیان هه‌بووه، ئه‌وسه‌رده‌مه‌ش جەنگی جیهانی دووەم ( 1939_1945) بووه‌كاریگه‌ری زۆر سه‌ختی له‌سه‌ر بژێوی ژیانی خه‌ڵك داناوه.
ئینگلیزەكان لەشاری سلێمانی ڕادیۆیه‌كی ناوخۆیی دادەمەزرێنن ، ئەو ڕادیۆیه زۆر ساده بووه و پێكهاتووه لە ( ئەمپریفایەرێك و میكرۆفۆنێك و چەند بڵندگۆیەك) ،ته‌نها مه‌به‌ست له‌دانانی ئه‌و ڕادیۆیه بۆ ئاگاداربوون لە كارەسات و ڕووداوەكانی جەنگی جیهانی دووەم ، هونه‌رمه‌ند ( كه‌ریم كابان) كه خۆی یه‌كێك بووه له‌ڕێی ئه‌و ڕادیۆیه‌وه ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌خه‌ڵك و ڕێبوار و گوێ‌گران گه‌یشتووه، به‌وشێوه‌یه باس له‌و ڕادیۆیه ده‌كات( لەبەر ئەوەی ئەو سەردەمە شاری سلێمانی هێندە گەورە نەبووە و بەردەركی سەرا سەنتەری شاربوو و زۆرینەی چایخانەكان وه‌ك ( چایخانه‌ی حه‌مه ڕه‌ق ، حاجی عه‌ول و حه‌مه تۆڵه) و دوكانەكان لەو شوێنەدابوون شوێنی كۆبوونەوەی خەڵك و ئاڵوگۆڕی كاڵاكان بووە ، ئینگلیزەكان ئەو بڵندگۆیانە لەبەردەركی سەرا و ئه‌و چایخانانه داده‌نا ، كاری ئەو ئیستگە ناوخۆییە تەنها ئەوەبووە كە هەواڵ و ڕووداوەكانی جەنگ بگەیەنێتە دانیشتوانی شاری سلێمانی، خوالێخۆشبوو ( مەدحەت موبارەك ) كارمەندێكی ئەو ڕادیۆیەوە بووە و كاری ئەوەبووە هەواڵەكانی وه‌رده‌گرت و خوالێخۆشبوو( ئەحمەد عارف) وەك بێژەری ئەو ڕادیۆیە هەواڵەكانی ده‌خوێنده‌وه ، منیش به‌ڕه‌سمی له‌قوتابخانه‌وه چووم بۆ ئه‌و ئیزگه ناوخۆییه، ئه‌وكاته ساڵی (1941) بوو له‌وێ گۆرانیم گوت ، ئه‌وكاته جیهازی تۆماركردن نه‌بوو ڕاسته‌وخۆ گۆرانیمان ده‌گووت ، وه‌تیپی مۆسیقاشیان نه‌بوو به‌بێ مۆسیقا گۆرانیمان ده‌گووت )(2) .
كه‌واته ئه‌وانه به‌شێك بوون له كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر هه‌ستی هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت ڕه‌شید، هه‌روه‌هائه‌و سروود و ئاوازانه‌ی كه له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌هه‌ست و بیری ئاشنا بوون،حه‌زو خولیای بۆ هونه‌ری مۆسیقا سه‌رچاوه‌ی گرتووه،به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ قوتابخانه‌و تیپێكی هونه‌ریی له‌شاری سلێمانیدا نه‌بووه، تا هونه‌رمه‌ند بچێت ئاره‌زووه‌كه‌ی له‌وێدا گه‌شه پێبدات،
تا ( هاوینی ساڵی (1947) خولێكی مۆسیقا له‌شاری سلێمانی ده‌كرێته‌وه ، ئه‌م خوله مۆسیقایه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ڕێكخراوه و چه‌ند مامۆستایه‌كی مۆسیقاژه‌ن وانه‌كانی مۆسیقایان له‌ده‌وره‌كه‌دا ده‌گوته‌وه ،هه‌ریه‌كه به‌گوێره‌ی پسپۆری خۆی ،كه ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه بوون :
1/ مامۆستا حه‌ننا پترۆس ،به‌ڕێوه‌به‌ری خوله‌كه و وانه‌ی ئامێره (فووداره‌كان ) ی وتۆته‌وه.
2/ غانم حه‌داد _ ئامێری كه‌مانچه
3/ جه‌میل به‌شیر _ ئامێری كه‌مانچه
4/ سالم حوسێن _ ئامێری قانوون
5/ یه‌عقوب یوسف _ ئامێری عوود
6/ حه‌قی ...؟ _ ئامێره‌كانی شمشاڵ و عود
7/ شواع ...؟ _ ئامێری كه‌مانچه ، دیاره (جوو) بووه
8/ مونیر ئه‌ڵڵا وێردی _ ئامێری كه‌مانچه.
ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌و خوله‌دا وانه‌ی مۆسیقیان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه خوێندووه:
1/ به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی
2/ قادر دیلان
3/ شه‌ماڵ سائیب
4/ نوری عه‌نبه‌ر
5/ ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ی له‌یلێ
6/ مه‌حمودی حه‌مه‌ی له‌یلێ
7/ ئه‌حمه‌د زرنگ
8/ غه‌ریب میرزا كه‌ریم
9/ عه‌بدوڵڵا میدیا
10/ ڕۆبین ئۆفیك
11/ سه‌ركیس كیغام
12/ ڕه‌زا شێخ محه‌مه‌د گوڵانی)( 3).
كه‌واته هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی، یه‌كێك بووه له‌و قوتابیانه كه‌به‌شداربووی ئه‌و خوله بووه و ، له‌سه‌رده‌ستی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه فێری ئامێری
( كه‌مانچه‌و عود) بووه، خۆشیی خاوه‌نی ڕۆحیه‌تێكی هونه‌ریی بووه‌و حه‌زو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا هه‌بووه‌تا فێری ژه‌نینی ئه‌و ئامێرانه ببێ.
هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت ڕه‌شید دوای ده‌رچوونی له‌و خوله مۆسیقیه‌وه، گرنگی دان و پرۆڤه‌كردن به‌ئامێره‌كه‌یی، ده‌ست و په‌نجه‌كانی ڕادێنێ له‌سه‌ر ژه‌نینی مۆسیقا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرنگی ده‌دات به‌پیشه‌و شوێنی كاره‌كه‌یی وله‌به‌رئه‌وه‌ی خۆشی كه‌سێك ڕووخۆش و قسه‌خۆش و زمانشیرین بووه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌یدا، كه‌سایه‌تی و دوكانه‌كه‌ی ده‌بێته مه‌كۆییه‌ك بۆ بینین و كۆبوونه‌وه‌ی هاوڕێكانی، نابێت ڕۆڵی دوو هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌و پێشه‌نگی بواری مۆسیقا له‌یاد بكه‌ین ، كه‌به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌یان ، توانیان ڕۆڵێكی گه‌وره ببینن له سه‌رخستن و پێشخستن و ئاشناكردنی هونه‌ری مۆسیقا له‌شاری سلێمانی ، هونه‌رمه‌ندان ( ولیه‌م یوحه‌ننا و قادر دیلان)
هونه‌رمه‌ند قادر دیلان كاتێك له‌كۆلیژی بازرگانی له‌به‌غدا ده‌خوێنێ، له‌ساڵی (1951) به‌هه‌وڵی سه‌رپه‌رشتیاری ڕادیۆی كوردی ( كامیلی كاكه‌مین) وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی( كلارنێت ژه‌ن) داده‌مه‌زرێت،دوای ماوه‌یه‌ك ده‌بێت به‌سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كوردی له‌به‌غدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی ڕه‌فتاری شۆڤێنستیانه‌ی كاربه‌ده‌ستانی عێراق ، له‌سه‌ر كاری سیاسه‌ت له كۆلیژ و ڕادیۆ دوورده‌خرێته‌وه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆشاری سلێمانی.
هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا ، له‌ساڵى (1955) بڕوانامه‌ى (دبلۆمى هونه‌رى ) له‌بوارى موزيك به‌پله‌ى باڵا به‌ده‌ست ده‌هێنێت و، ده‌رچووى يه‌كه‌م وه‌جبه‌ى ده‌رچووانى په‌يمانگاى هونه‌ره جوانه‌كانى به‌غدا ده‌بێت.ئه‌ویش به‌هه‌گبه‌یه‌كی پڕ زانستی مۆسیقاوه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆشاری سلێمانی،
ئه‌م هونه‌رمه‌نده مۆسیقیانه هه‌موو هیوا و ئاواتیان ئه‌وه‌ده‌بێت كه تیپێكی مۆسیقا دامه‌زرێنن له‌شاری سلێمانی و كاروانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی به‌شێوه‌یه‌كی ڕێك و پێك به‌ره‌و پێش به‌رن، ئه‌و كۆمه‌ڵه براده‌ره گه‌نج و لێوان لێوه له‌دڵسۆزیی و خزمه‌تكردن ڕۆژانه له‌دوكان و شوێنی كاری هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی كۆده‌بنه‌وه‌و یه‌كتر ده‌بینن و باسی هونه‌ر ده‌كه‌ن ، وه‌ك نیمچه تیپێكی مۆسیقی وابوون، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند و مامۆستا باكوری نوسیویه‌تی ( دوای ئه‌وه‌ی كاك قادر دیلان له‌ساڵی (1954) گه‌ڕایه‌وه سلێمانی ، له‌گه‌ڵ كاك ولیه‌م و به‌هجه‌ت ڕه‌شید بیریان له‌تیپێك ده‌كرده‌وه، تیپه‌كه له‌ڕاستیدا هه‌رهه‌بوو، به‌ڵام بێ ناوبوو..؟! هه‌ركه موناسه‌به‌تێك هه‌بوایه ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه یه‌كتریان ده‌گرته‌وه و ده‌چوونه ئه‌و شوێنه‌و ئاهه‌نگه‌كه‌یان خۆش ده‌كرد، من چه‌ندین جار ده‌چوومه لایان و له‌گه‌ڵیانا له‌هه‌ندێ دانیشتن به‌شداریم ده‌كرد، هه‌ندێ جار هه‌ر قادر و ولیه‌م و به‌هجه‌ت له‌ماڵه ئاغا و ناوداره‌كان یا گه‌وره پیاوانی حكومه‌ت ده‌عوه‌ت ده‌كران ، ئه‌گه‌ر به‌ڕێكه‌وت منیش له‌وێ باما منیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌برد) (4).
دوكانه‌كه‌ی به‌هجه‌ت ڕه‌شیدسه‌عاتچی و بڕیاری دامه‌زراندنی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی..!
سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی بڕیاردان له‌سه‌ر دروستكردنی تیپێكی مۆسیقا له‌شاری سلێمانی، به‌ومه‌به‌سته‌ی كه گۆرانی و به‌سته‌و میلۆدییه كوردییه‌كان به‌رز ڕابگرن و به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له‌چوارچێوه‌ی تیپێكی مۆسیقادا له‌فه‌وتان ڕزگاری بكه‌ن و هونه‌رێكی جوان وپڕچێژی مۆسیقا پێشكه‌شی نه‌ته‌وه‌كه‌یان بكه‌ن، ئه‌و هه‌سته پیرۆزه ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر هانیداون كه خۆیان ئاماده‌بكه‌ن ئه‌و خزمه‌ته له‌ژێر ناوی تیپێكی مۆسیقادا ئه‌نجام بده‌ن،
هونه‌رمه‌ند حاته‌م سه‌عیدئه‌حمه‌د، ناسراو به ( حاته‌مه ڕه‌ش) یه‌كێكه له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و ژه‌نیاری ئامێری ( ئیقاع) له‌دیدارێكیدا ، به‌وشێوه‌یه باس له‌چۆنیه‌تی بڕیاردانی دامه‌زراندنی ئه‌و تیپه ده‌كات،
( ئێمه كۆمه‌ڵێك براده‌ربووین، نه‌جاتی عه‌بده ، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك، هادی عه‌نبه‌ر ، به‌هجه‌ت سه‌عاتچی و به‌نده، له‌دوكانی به‌هجه‌تی سه‌عاتچی كۆده‌بووینه‌وه و دائه‌نیشتین و هه‌ریه‌كه‌مان له‌ئامێرێكی مۆسیقادا شاره‌زابووین، به‌هجه‌ت و هادی كه‌مانچه‌یان ئه‌ژه‌نی ، نه‌جاتی عه‌بده شمشاڵی لێئه‌دا ، هه‌رله‌وسه‌روبه‌نده‌دا مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا په‌یمانگای ته‌واوكرد، ئه‌میش كه‌مانچه‌ی ئه‌ژه‌نی ، دوای ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا دوورخرایه‌وه و هاتبۆوه بۆ سلێمانی ، قادر زۆر دڵخۆشبوو به‌حه‌زوو ئاره‌زوومان ، ڕۆژێك پێشنیاری كرد كه‌تیپێكی مۆسیقا دابمه‌زرێنین ، هه‌موومان پێمان خۆش‌بوو ڕازی بووین، تیپه‌كه‌مان بریتی بووین له :
( قادر دیلان _ كه‌مانچه ، به‌هجه‌ت سه‌عاتچی _ كه‌مانچه ، هادی عه‌نبه‌ر _ كه‌مانچه ، نه‌جاتی عه‌بده_ شمشاڵ، حازم حه‌داد( موسڵاوی بوو) عوود و گۆرانی ئه‌گوت، جه‌لال عه‌زیز_ عود و گۆرانیشی ئه‌گوت، سه‌ردار ڕه‌مزی كه‌مانچه ، حاته‌م سه‌عید _ ئیقاع) (5).
له‌دوكانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت سه‌عاتچی یه‌وه، مژده‌ی دامه‌زراندنی تیپێكی مۆسیقا كه كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوی خه‌مخۆر و دڵسۆز بۆ مۆسیقا و هونه‌ری كوردی درا به‌شاری سلێمانی و كوردستان به‌گشتی ،له‌سه‌ره‌تادا ئه‌م كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌نده له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م تیپه مۆسیقیه بێ ناوه‌دا كاریان كردووه و ، هیچ شوێنێكی تایبه‌ت و باره‌گایه‌كی سه‌ره‌كییان نه‌بووه تا لێی كۆببنه‌وه‌و پرۆڤه بكه‌ن له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كانیان ، دوكانه‌كه‌ی به‌هجه‌تی سه‌عاتچی شوێنی كۆبوونه‌و بڕیاردانیان بووه بۆ كاری هونه‌ری و ، ماڵی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌ننا و قادر دیلان) شوێنی پرۆڤه‌كردنیان بووه، مه‌گه‌ر جارجارێك له‌یه‌كێك له‌قوتابخانه‌كان بۆمه‌به‌ستی پرۆڤه‌كردن ڕێگه‌یان پێدابن.
ئه‌و تیپه مۆسیقیه چۆن ناونرا مه‌وله‌وی ...؟!
ئه‌م كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌نده‌ده‌ست و په‌نجه جوانه هونه‌رییه، له‌به‌ر ڕێز‌و حورمه‌تی زۆرییان بۆ هونه‌رمه‌ند قادر دیلان، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردانه‌یی و شاره‌زاییه‌كی زۆر له مۆسیقادا پێیان خۆشبووه ناوی تیپه‌كه بنێن (دیلان) به‌ڵام هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) به‌و پێشنیاره‌یان ڕازی نابێت وگله‌یی و گازانده‌ش ده‌كات و بڕیاری كشانه‌وه‌ش له‌و تیپه مۆسیقیه ده‌دات، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هونه‌رمه‌ند (قادر دیلان) ده‌ڵێت ( سه‌ره‌تا تيپه‌كه‌يان ناونا ( ديلان) من ڕ‌ازى نه‌بووم و به‌ئه‌ندامانى تيپه‌كه‌م ووت ، ئه‌و ناوه نه‌گۆڕن وازدێنم، ئه‌وجا كردمانه تيپى مه‌وله‌وى ) (6).
لێره‌شدا پرسیارێك سه‌رهه‌ڵده‌دات بۆ ناوی ( مه‌وله‌وی ) ،بۆ به‌ناوی ئه‌و شاعیره به‌رزه‌ی كورده‌وه ئه‌و تیپه ناونرا ..؟!
هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاواز دانه‌ر ( نه‌جاتی عه‌بده) له دیمانه‌یه‌كدا له‌پاشكۆی ڕۆژنامه‌ی ( العراق) كه‌به‌كوردی له‌به‌غدا ده‌رچووه ده‌ڵێت ( چه‌ند جارێك له‌سه‌ر ناونانی تیپه‌كه كۆبووینه‌وه، ڕۆژێك كاك (حه‌مه فه‌ره‌ج مه‌عرووف) هات و وتی ناوێكی زۆر خۆشم دۆزیوه‌ته‌وه،( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی) له‌رۆحیانه‌تی (مه‌وله‌وی) مه‌زنه‌وه ، چونكه هۆنراوه‌كانی زۆر ته‌ڕ و جوان و بڕگه‌كانی پڕن له‌مۆسیقا ، ئیتر بڕیاری له‌سه‌ر درا) (7).
له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ناوی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و ده‌ركه‌وتنی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌و كاره هونه‌رییه‌كانیان، دوكانێكی سه‌عاتچی ئه‌ویش ناوی ناوه ( مه‌وله‌وی ) و هه‌روها ناوی جاده‌ی تازه‌ش ، گۆڕدرا بوو به‌و ( شه‌قامی مه‌وله‌وی) یه‌ی ئێستا.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆنه‌ویست و دڵسۆزانه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، كات به‌فیڕۆ ناده‌ن و ده‌كه‌ونه چالاكی هونه‌ریی له‌شوێنه گشتییه‌كان ، قوتابخانه‌كان و هه‌موو سه‌ری مانگێك له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی سلێمانی بێ به‌رامبه‌ر و بێ ڕه‌چاوكردنی ده‌ستكه‌وتنی ماددی ئاهه‌نگیان سازكردووه، تازیاتر خۆیان و هونه‌ره‌كه‌یان له‌ناوخه‌ڵكیدا بناسێنن ، به‌و كارانه‌شیان خۆیان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان ناساند‌و كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژ له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ى شارى سلێمانى له خۆيان كۆبكه‌نه‌وه، به ئاهه‌نگه‌كانيان دڵى جه‌ماوه‌ر شاد بكه‌ن و ئامانجی به‌رزی هونه‌ر پیرۆزتر بكه‌ن، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له‌ئاهه‌نگ و یاد و بۆنه خۆش و تراژیدیاكاندا به‌شداربوون وه‌ك هونه‌رمه‌ندان( ڕه‌شۆڵ ، حه‌مه‌ى به‌كر ، شه‌ماڵ سائيب ، حه‌سه‌ن زيره‌ك ، باكوورى ،سێوه ، تايه‌ر تۆفيق ، حه‌مه ساڵه‌ح دیلان، عوسمان سابونچی، فوئاد ئه‌حمه‌د ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، ئيبراهيم محه‌مه‌د ، قادرى حاجى حسێن ،كه‌ریم كابان ، عومه‌ر ڕه‌زا ، عائیشه عه‌لی،ڕه‌فيق چالاك،خه‌لیلی سه‌دیقی ، ئه‌حمه‌دی شێخاڵی و فه‌ره‌جى حاجى ڕه‌شيد ) .
هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ، دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی،دووجار ده‌كه‌وێته ژێر ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌رییه‌وه، له‌لایه‌ك دابینكردنی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌یی، له‌ساڵی (1958) هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ خاتوو( عایده نه‌جم محه‌مه‌د ڕه‌شید) ژیانی هاوسه‌ریی پێكدێنێ و به‌روبوومی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شییه‌ی نێوانیان ( كچێك و چوار كوڕ) بووه به‌ناوه‌كانی ( بنار ، بریار ، ئامانج ، به‌یار و دیار) ، به‌ڕێكردنی كاره‌كانی دوكانه‌كه‌یه‌تی كه‌سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی ژیانی بووه، لایه‌نی دووه‌م پابه‌ندبوون به هونه‌ره پیرۆزه‌كه‌یه‌وه كه زۆرجار ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و دوكانه‌كه‌ی كردۆته قوربانی له‌پێناو هونه‌ره‌كه‌یدا،ئه‌ندامێكی دڵسۆز‌و چالاك بووه له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كاره هونه‌رییه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی تا ئه‌وساتانه‌ی كه‌ئه‌و تیپه كاره‌كانی كه‌م بوونه‌و لێكترازان.
بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده ئازیزانه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی دوكانه‌كه‌ی به‌هجه‌تی سه‌عاتچی یان كردۆته مۆڵگه‌و مه‌كۆ بۆ یه‌كتردیتن و بڕیاردان و گۆڕینه‌وه‌ی ڕاو سه‌رنجی هونه‌ری ، له‌به‌رئه‌وه‌ی دوكانه‌كه‌ی له‌سه‌ر سه‌ره‌كیترین شه‌قامی سلێمانی و ناوجه‌رگه‌ی بازاڕ بووه ، هه‌روه‌ها به‌هجه‌تی سه‌عاتچی كه‌سێكی نوكته‌بازو قسه‌خۆش و خۆش مه‌شره‌ب و كه‌سێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌لای هونه‌رمه‌ندان و خه‌ڵكی شار خۆشه‌ویست بووه، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( باكووری) ئه‌وكاتانه‌ی كه چۆته شاری سلێمانی ته‌نها شوێنێك كه‌به‌دیداری هونه‌رمه‌ندانی شاری سلێمانی شادبووه، دوكانه‌كه‌ی به‌هجه‌تی سه‌عاتچی بووه ( له‌وڕۆژانه‌ی ڕێم ده‌كه‌وته شاری سلێمانی ، هه‌میشه له‌ماڵی مامۆستای هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌ننا) داده‌به‌زیم، به‌ڕۆژ به‌تایبه‌تی كاتی عه‌سر ، زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی تیپی مه‌وله‌وی شوێنی كات و ڕابواردنیان له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی خوالێخۆشبوو( به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی) بوو،چونكه ئه‌وێ باره‌گای ئه‌ندامه‌كانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بوو، له‌سه‌ر شۆسته‌كه ده‌وه‌ستان و مشت و مڕیان ده‌بوو ، ته‌علیقیان له‌م و له‌و له‌ڕه‌فیقه‌كانی خۆیان ده‌دا، جائه‌گه‌ر به‌ڕێكه‌وت به‌وێدا ڕه‌ت بوونایه ، یان ناویان بهاتبایه سه‌رزاریان ، ئیتر پێكه‌نین و هه‌را ده‌ستی پێ ده‌كرد!به‌هجه‌ت هه‌ندێ جار به‌دووربینه‌كه یان ( عه‌ده‌سه) كه‌ی سه‌رچاوییه‌وه له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی كه‌پڕی سه‌عات و له‌ش و مه‌كینه‌ی سه‌عاتی جۆراوجۆری له‌سه‌ر په‌رت و بڵاو بوبوونه‌وه، ده‌هاته ده‌ره‌وه و ده‌یپرسی ..؟ ها ..چییه؟ چی بووه ..؟ كێ هات ..؟ ئاله‌م پرسیارانه ، جا یه‌كێكیان قسه‌كه‌ی بۆده‌كرد و ئه‌ویش ده‌كه‌وته قاقای پێكه‌نین و هه‌رله‌سه‌ر براده‌ره‌كه‌یان نوكته‌یه‌كیشی ده‌گوت و ، ئینجا ده‌گه‌ڕایه‌وه سه‌رمێزه‌كه‌ی) (8) .
تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی و كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان..!
ئه‌گه‌ر به‌ووردی له مێژووی دره‌وشاوه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بڕوانین، لێوان لێوه له‌كار و چالاكی به‌رزی هونه‌ری له‌سه‌ر ئاستی عێراق و كوردستان ، چه‌ندین ئاهه‌نگیان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز له شاری به‌غداو شاره‌كانی دیكه گێڕاوه ، هه‌روه‌ها سازدانی ئاهه‌نگ بۆ لێقه‌وماوان و كاره‌ساته تراژیدیاكانی به‌سه‌ر كوردستاندا هاتووه وه‌ك ( بومه‌له‌رزه‌كه‌ی پێنجوێن و لافاوه‌كه‌ی ڕۆژی 18/10/1957) ی شاری سلێمانی ، و سازدانی ئاهه‌نگ بۆ قوتابیان و مامۆستایان بێ به‌رامبه‌ر، هه‌روه‌ها تۆماركردنی چه‌ندین سروودی نیشتمانی ، به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردنی شۆڕشی ئه‌یلولو گرنگی دان به‌هونه‌ری به‌رگری و به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی پۆڵاینی پێشمه‌رگه له‌ڕێگه‌ی ڕادیۆی ئه‌وكاتی شۆرشه‌وه.
ئاهه‌نگ و چالاكییه هونه‌رییه‌كان:
1/ ئاهه‌نگی قوتابخانه‌كان ، قوتابخانه‌ی گۆیژه‌ی كوڕان له ( 4/12/1955) .
2/ ئاهه‌نگی دواناوه‌ندی سلێمانی به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی پیشه‌سازی له (20/8/1956) له‌و ئاهه‌نگه‌دا هونه‌رمه‌ندان ( حه‌سه‌ن زیره‌ك و ئه‌حمه‌دی شێخاڵی) و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی شاری سلێمانی به‌شداربوون.
3/ هه‌موو سه‌ری مانگێك له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ئاهه‌نگیان له‌و یانه‌یه‌دا سازكردووه .
4/ له‌دواى ئه‌و كاره‌ساته تراژیدیایه‌ی له‌ڕۆژی (18/10/1957) رۆژی لافاوىشارى سلێمانى ، تيپى مۆسيقاى مه‌وله‌وى وه‌ك هه‌ستێكی به‌رزی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی، هونه‌ر ده‌كه‌نه پێوه‌ندییه‌ك له‌نێو شاره‌كاندا بۆ كۆمه‌ك كۆكردنه‌وه، بۆئه‌و مه‌به‌سته به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندان ( حه‌مه ساڵه‌ح دیلان ، ڕه‌شۆڵ و عوسمان سابونچی) له شارى سلێمانى ئاهه‌نگ سازده‌كه‌ن، دواتر ڕووده‌كه‌نه شارى هه‌ولێر له ( 13/11/1957) به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌سوڵ گه‌ردی ، مشكۆ و حه‌یده‌ربه‌قاڵ) ئاهه‌نگ سازده‌كه‌ن و پاشان ده‌ڕۆنه كۆيه له (15/11/1957) جگه له‌هونه‌رمه‌ندانی سلێمانی ، له‌كۆیه‌ش هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( سێوه‌و باكووری) هاوكار ده‌بن له‌ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگه‌كه،ئه‌و تیپه دڵسۆزه خه‌مخۆره ئه‌و داهاته‌یان له‌ئاهه‌نگه‌كاندا ده‌ستكه‌وتووه بۆ زيان لێكه‌وتووانى لافاوه‌كه ته‌رخانكردووه.
5/ ئاهه‌نگی یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ( بارزانی نه‌مر ) له‌ساڵی (1958).
6/ سازدانی ئاهه‌نگ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی كرێكارانه‌وه له (1/5/1959) به‌هاوكاری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش ( حه‌مه ساڵه‌ح دیلان و قادری حاجی حسێن) .
7/ سازدانی ئاهه‌نگ له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ڵه‌بجه‌ساڵی (1959) به‌ڕۆژ هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌ووف یه‌حیا) له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك نمایشی شانۆگه‌رییان پێشكه‌ش كردووه و شه‌وه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ئاهه‌نگیان سازكردووه.
8/ به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی لقی وه‌زاره‌تی ئیرشاد له‌شاری سلێمانی له ( 25/12/1960) .
9/ له‌ساڵی (1961) چه‌ندین كار‌و چالاكی هونه‌رییان له‌ناوه‌و و ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی ئه‌نجامداوه، تۆماركردنی چه‌ند سروودێك له‌ماڵی هونه‌رمه‌ند ( حاته‌مه ڕه‌ش ) له‌گه‌ڕه‌كی قه‌زازه‌كان ،له‌سه‌ر داوای شۆڕش ، سرووده‌كان بریتی بوون له ( 1/ سڵاو له‌پارتی دیموكراتی كورد ،دایه‌گیان توخوا به‌سیه‌تی گریان ، هه‌ردوو سروود له‌هۆنراوه‌ی ( نوری وه‌شتی) له‌ئاوازی هونه‌رمه‌ند ( نه‌جاتی عه‌بده) ، سروودی پێشمه‌رگه‌ین ، جه‌ژنه جه‌ژنی كوردستانه جه‌ژنی نه‌ورۆزه) ، له‌هه‌مانساڵدا (1961) سازدانی ئاهه‌نگێك له‌كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی كورد له‌شاری كۆیه به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند( سێوه) ، به‌بۆنه‌ی كردنه‌وه‌ی به‌نداوی ( ده‌ربه‌ندیخان) له(23/11/1961) له‌ده‌ربه‌ندیخان.
10/ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه له هۆڵی ( خلود) له‌ڕێكه‌وتی (7/4/1963) له‌شاری به‌غدا ئاهه‌نگ سازده‌كه‌ن به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ ، دیارترینیان هونه‌رمه‌ندی گه‌ل ( تایه‌ر تۆفیق) .
خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت ، سڵاو له‌ده‌ست و په‌نجه‌و مێژووی هونه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بۆ هه‌موو ئه‌و كاره هونه‌رییانه، ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ند ( به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ) به‌شداری له‌ته‌واوی ئاهه‌نگه‌كانی تیپه‌كه‌یدا نه‌كردبێت ، به‌ڵام پشكی شێری به‌ركه‌وتووه و، كار‌و پیشه‌و دوكانه‌كه‌ی جێهێشتووه و دڵسۆزانه وه‌ك هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌و ئاهه‌نگ و بۆنه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییانه‌دا ڕۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه، كه وێنه‌كان وه‌ك شایه‌تحالێك و دیكۆمێنتێك بوونیان هه‌یه.
ئه‌و چرا ڕۆشنه هونه‌رییه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌رده‌وام ده‌بێت تا مانگی (6/1962) كه هونه‌رمه‌ند ( قادر دیلان) داینه‌مۆ و هه‌ڵسوڕێنه‌ری تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی به‌مه‌به‌ستی خوێندن ڕووده‌كاته وڵاتی ( چیك) له‌بوونی ئه‌و بۆشاییه گه‌وه‌ره‌یه‌دا ئه‌و هاوڕێی ئازیز و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویسته به‌جێیان دێڵێ،كاردانه‌وه‌ی گه‌وره له‌سه‌ر هه‌ست و ڕۆحیه‌تی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی داده‌نێت، ئیتر به‌وشێوه‌ی جاران كاروچالاكییه هونه‌رییه‌كانیان به‌رده‌وام نابێت، مه‌گه‌ر ته‌نها به‌شێوه‌ی تاك له‌ئاهه‌نگ و شه‌و دانیشتن و كۆڕ‌و به‌زمی ماڵان‌دا چالاكی هونه‌ری ئه‌نجام بده‌ن.
ئیتر له‌و كاته به‌دواوه هونه‌رمه‌ند به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوكی قاچی ده‌شكێ ، هه‌موو ئه‌رك و ڕاپه‌ڕاندن و به‌ڕێوه‌بردنی دوكانه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی، چیتر ناتوانێ وه‌ك پێشتر به‌رده‌وام بێت له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی و زیاتر وابه‌سته ده‌بێت به‌دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌یه‌وه، به‌ڵام هه‌مان ئه‌و په‌یوه‌ندییه فراوانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی شار دا درێژه پێده‌دات ،
به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی ، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و كه‌سایه‌تیه دڵسۆز‌و كراوه‌كه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ، دوای ئه‌و هه‌موو تێكۆشانه هونه‌رییه ، به‌داخه‌وه له‌ته‌مه‌نی (71) ساڵیدا ، له‌ڕێكه‌وتی ( 12/7/1998) خۆری ته‌مه‌نی ئاواده‌بێت، بۆهه‌میشه ماڵئاوایی له‌هونه‌ر و پیشه‌كه‌یی و خانه‌واده‌و ئازیزانی ده‌كات، ته‌رمی هونه‌رمه‌ند له گۆرستانی ( شێخ محێدین ) له‌شاری سلێمانی ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستان كراوه ، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ یه‌كێك له‌منداڵه‌كانی نه‌یانتوانیوه، رێبواری ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی باوكی كۆچكردوویان بن له‌بواری هونه‌ردا، تا ناو و كار‌و چالاكی تیپه‌خۆبه‌خش و دره‌وه‌شاوه‌كه‌ی كوردستان ( تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی ) بمێنێ ، ناو و نازناوی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش كه ڕۆژێك له‌ڕۆژان له‌ڕێگه‌ی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی یه‌وه تێكۆشاون و چالاكی هونه‌رییان ئه‌نجام دابێت هه‌رده‌مێنێ.
جه‌مالی ده‌لاك 30/3/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
كتێبی ئاواز‌و گۆرانی ( حامید گه‌وهه‌ری) ستۆكهۆڵم 1994، لاپه‌ڕه (41).
به‌رنامه‌ی ( چراكان) ئاماده‌وپێشكه‌شكردنی ( ئه‌میر عومه‌ر) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس ساڵی (2006).
و4 و7) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ، به‌شی دووه‌م ، باكووری ، لاپه‌ڕه (114) و (121).
(5) تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی چۆن دامه‌زرا؟ ئاماده‌كردن : (سیروان محه‌مه‌د) به‌شی یه‌كه‌م ، گۆڤاری سلێمانی ، ژماره (40) تشرینی دووه‌م (2003) ، لاپه‌ڕه( 32).
(6) گۆڤاى چلاواز _ ژماره (21 و 22) كانوونى دووه‌مى 2008 لاپه‌ڕه (28).
(8) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ، به‌شی سێیه‌م ، باكووری ، لاپه‌ڕه (16) .
سوپاس و پێ‌زانین بۆ به‌ڕێز ( به‌یار به‌هجه‌ت ڕه‌شید سه‌عاتچی) كوڕی هونه‌رمه‌ند ، له‌ڕێی ته‌له‌فۆن و ماسنجه‌ره‌وه، له ڕێكه‌وتی (23/3/2022) به‌هه‌ندێك زانیاری هاوكاری كردم.( ج،د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.