Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 13:58

گوته‌بێژی پارتی چه‌ند زانیارییه‌كی نوێ بۆ کوردستان تیڤی ئاشكرا ده‌كات

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق چه‌ند زانیارییه‌كی نوێ بۆ کوردستان تیڤی ئاشكرا ده‌كات.

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە (کاتژمێر 20)ـی کوردستان تیڤی لەبارەی دۆخی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان و پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پەکخستنی پەرلەمان ڕایگەیاند: کاراکردنەوەی کۆمسیۆن زەرورەتە، بەڵام پەکخستنی پەرلەمانیش کارێکی خراپە، چونکە پێویستە پەرلەمان ئەرکی خۆی لە یاسادانان و چاودێری حکوومەتدا بگێڕیت، بەردەوام ئەم ئەرکە لە ئەستۆیەتی و دەبێت ئەنجامی بدات.

جەختیشی کردەوە کە "دەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەموو لایەنەکان کراوەیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆکردن."

گوتەبێژی پارتی دووپاتیشی کردەوە کە "پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، ئەو بیانووانەی کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەخرێنەڕوو جێگەی باوەڕنین."

سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق مەحموود محەمەد ڕایگەیاند: لە هەوڵداین ئەو داخرانە سیاسییەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن چارەسەریان بکەین.

ئاماژەی بەوەش دا کە "لە کاتێکدا پێویستبوو پەرلەمان جێی چارەسەرکردنی کێشە بووایە، بەڵام لە پەرلەمانی عێراق کێشە دروست دەکرا، بۆیە هەڵبژاردن ئەنجام درا و پێویستە ئێستاش ئەنجامەکەی پەسەند بکەن."

جەختیشی کردەوە کە دەبێت هەموو پێکهاتەکان لە حکوومەتی نوێی عێراق بەشداربن، هەروەها گوتی: دوای تەواوبوونی ئەو دەرفەتەی دراوە بە سەربەخۆکان ئەوکات باس لە شتی دیکە دەکرێت.

لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتەبێژی پارتی گوتیشی: دەستپێشخەرییەکەیان هیچ شتێکی نوێی تێدا نەبووە کە بتوانێت ئاستەنگەکان لاببات.

سەبارەت بە دۆخی شنگال و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و فیدڕال ڕایگەیاند: ڕێککەوتنێکی باش بوو، دەکرا ببێت بە نموونەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا.

ڕوونیشی کردەوە کە حکوومەتی عێراق کەمتەرخەمە لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە،   چونکە حکوومەتی عێراق لەوێ لایەنی پەیوەندیدارە، ئێستا حکوومەتی هەرێم ئەو هێز و میکانیزمەی لە شنگال نییە.

گوتەبێژی پارتی هەروەها ئاشکرای کرد کە "جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەندێک لەوانەی کە بەپرسیارن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، لەگەڵیدا نین و بۆیە نایکەن."

هەروەها گوتی: ستەمکردن لە خەڵکی شنگال لە 2014ـەوە بەردەوامە، درێژکراوەی ئەو ستەمەیە کە داعش لە خەڵکی شنگالی کرد، بەڵام بەشێوەیەکی دیکە.

دووپاتی کردەوە کە قەرەبووی ئەو ستەمەی لە خەڵکی شنگال کرا هەر بە کردنەوەی کەمپێک نابێت، پێویستە بگەڕێنرێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دۆخی شنگالیش ئاسایی بکرێتەوە، ئەگەر نا گرژییەکان کۆتاییان نایەت.

سەبارەت بەوەی کە لەلایەن گرووپێکەوە هاوکاری ئەو هێزە نایاساییانە دەکرێت کە لە شنگال هەن گوتی: بەداخەوە لە حکوومەتی فیدڕالی کۆمەڵێک لایەن و چەکدار هەیە، هیچ یاسایەک بەسەر خۆیاندا جێبەجێ ناکەن، هەروەها ناتوانرێت یاسا بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت، بۆیە پێویستە چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت."

لەبارەی دەستوەردان لە دۆخی سیاسی عێراق ئاماژەی بەوە دا کە "دەستێکی دەرەکی هەیە نایەوێ عێراق سەقامگیر و خاوەن سەروەری خۆی بێت، ئێمە دژی ئەو ئاراستەین، پێویستە عێراق لەلایەن عێراقییەکانەوە بەڕێوەبچێت، هەموو بڕیارەکان کە دەردەچێت پێویستە عێراقییانە بێت.

مەحموود محەمەد لەبارەی گرژییەکانی کەرکووک گوتی: ماددەی 140 چارەسەرێکی دەستووری و یاسایی و سەردەمیانەیە بۆ پرسی کەرکووک،  ئەگەر دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە، واتە بەشێک لە حووکمڕانی عێراق کێشەی تێدایە. جەختیشی کردەوە کە ناسەقامگیری کەرکووک هەلی زیاتر بە داعش دەدات.

سەبارەت بە بەستنی کۆنگرەی چواردەهەمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە دا بەهۆی بارودۆخی سیاسی و تەندروستی بەستنی کۆنگرەمان دواخست، لە کۆبوونەوەی ئەمجارەی سەرکردایەتی بڕیار درا دەست بە ڕێکارەکان بۆ بەستنی کۆنگرە بکرێت و لە پاییزی ئەمساڵ کۆنگرە دەبەسترێت.

گوتەبێژی پارتی جەختیشی کردەوە کە کۆنگرە بە پێویست دەزانن، چونکە خۆگونجاندنی حزبە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری وڵاتەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.