وه‌زیری ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م بریندارانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردووی پارێزگای سلێمانی به‌سه‌ر كرده‌وه و لە نزیکەوە ڕەوشی تەندروستی و چارەسەری برینداره‌كانی پرسییەوە.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی له نەخۆشخانەی شار سەردانی بریندارانی ڕووداوی تەقینەوەکەی شه‌وی ڕابردووی كافتریاكه‌ی شه‌قامی سالمی شاری سلێمانییان كرد.
وه‌زیری ته‌ندروستی لە نزیکەوە ڕەوشی تەندروستی و چارەسەریی برینداره‌كانی پرسییەوە و هیوای سەلامەتی و زوو چاکبوونەوەیانی بۆ خواستن.
وەزیری تەندروستی هه‌روه‌ها نەخۆشان و بەشەکانی فریاکەوتن و تاقیگە و دەرمانخانە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی نه‌خۆشخانه‌ی شاری بەسەر کردەوە و سوپاس و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكه و تیمی فریاکەوتن و فریاگوزاری 122 و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانە کرد بۆ ئەو خزمەتگوزارییە پزیشکییانەی پێشکەشیان کردووە.
جێی باسه دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو له شه‌قامی سالمی شاری سلێمانی سیسته‌می غازی كافتریایه‌ك ته‌قییه‌وه و به‌هۆیه‌وه 14 هاووڵاتی بریندار ببوون و ژماره‌یه‌ك خانوو و باڵه‌خانه‌ی نزیك كافتریاكه‌ش به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه زیانیان به‌ركه‌وت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.