Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 22:34

دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كرا

کوردستان TV
100%


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەست بە کارەکانی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر کرا.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و تیمێکی حکوومەتی هەرێم، شیگیهیکۆ سوگیتا بەڕێوەبەری  ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی جایکا لە یابان، تاکیۆ ئۆچی ڕاوێژکاری تەکنیکی جایکا لە یابان، یو یۆشیدا، نوێنەری جایکا لە بەغدا، کاوۆری کۆننۆ ڕاوێژکاری پڕۆژەکان لە بەغدا کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو، دەست بە كارەكانی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كرا كە لەگەڵ ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) جێبەجێ دەكرێت.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی جایکای خستەڕوو، ڕاشیگەیاند"لە كۆبوونەوەیەكدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە دوای كۆشش و كاری جددیی بەردەوام، دەست بە هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر دەكرێت و سوپاسی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە لە چەندان بواری جیاوازدا هاوكار و پاڵپشتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن  و بەشێكی ئەو هەماهەنگییانە لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێن، هیواشی خواست ئەم هەماهەنگییە بەردەوام بێت و كار و پرۆژەی زیاتری لێ بەرهەم بێت."

ئەوەشی خستەڕوو کە "ساسان عەونی داوای لە تیمەكانی حكوومەت كرد كە لە ئەركی هەمواركردنەوەكە بەشدارن، دڵسۆزانە كارەكەیان بكەن و پابەندی كات بن و هەست بەو بەرپرسیارییەتییە بكەن كە لە ئەستۆیانە، چونكە ماستەرپلان بۆ چەندان ساڵی داهاتوو ڕێڕەوی شار دیاری دەكات."

جێی باسە سەرەتای ئەمساڵ، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان بەشێوەی مینحە واژوو كرد كە پایتەختی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە، لە ڕووی شارسازی و چەندان سێكتەری گرنگەوە دەخاتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە.

وەزارەتەکە هەر لەبارەی ماستەرپلانەکەوە جەختی کردۆتەوە کە "هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر، جیا لە ڕێكخستنەوەی گەشەی شار، لایەنی ژینگەپارێزی و بەرزكردنەوەی ڕێژەی سەوزایی خاڵی گرنگن كە ڕەچاوی كراوە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.