ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دا و ناوەڕۆکەکەی خرایەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای پەسەند کرد، هەروەها تاوتوێی ڕێکخستنەوەی ئەنجوومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزەی لە هەرێمی کوردستان کرد، باسیش لە بایەخی ڕێکخستنی یاسایی بۆ وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان کرا، لە تەوەرێکی دیکەشدا ئاماژە بەوە درا کە ھەڵمەتێک بۆ بەرگرتن بە توندوتیژی دژی ئافرەتان ئەنجام بدرێت و ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکیی حکوومیی لە هەرێمی کوردستانیش یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆک وەزیران، کۆبووەوە.
لەبڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای دەستەی متمانەبەخشین بەدامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای لە هەرێمی کوردستان خستە دەنگدانەوە، پاش هەموارکردن و جێگیرکردنی ئەو تێبینییانەی کە پێشتر لەسەر پڕۆژەکە هەبوون، بەکۆی دەنگ پەسەند کرا و بڕیار درا ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ تەشریعکردنی، ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لە ڕێگەی دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانیان دەبن بۆ هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین بە پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالیتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی، لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانەبەخشین.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر ڕێکخستنەوەی ئەنجوومەنی کاروباری نەوت و گاز و وزە لە هەرێمی کوردستان و پێکهاتە و ئەرکەکانی کرد، لەدوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کە باشتر دیراسەی ئەم بابەتە بکرێت و بە میکانیزم وشێوازێک ئەم ئەنجوومەنە ڕێکبخرێتەوە کە لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنەکە بێت.
سەرۆک وەزیران هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵیی کرد بۆ گەیشتن بە چارەسەری بنەڕەتی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا، لەناویشیاندا بابەتی نەوت و گاز لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کە بە دەقی ڕوون وئاشکرا سنووری دەسەڵاتی هەرێم و دەسەڵاتە فیدڕاڵييەکانی دەستنیشانکردووە و بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشە پشتبەست بە دەستوور یاسای نەوت وگاز تەشریع بکات کە ببێتە یاسایەکی پشتپێبەستوو لەلایەن هەمووانەوە کە تا ئێستا ئەم یاسایە نیيە و بابەتی نەوت و گاز لە عێراق، بە یاسایەکی پشتبەستوو بە دەستوور ڕێکنەخراوە، سەرۆک وەزیران ڕوونیشیکردەوە کە هەم شاندی وەزاریی هەرێم سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی کردووە و هەم ئاڵوگۆڕیی پێشنیار وپڕۆپۆزەڵیش بە نووسراوی فەرمی کراوە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتن ولێکگەیشتنی هاوبەش لە سەر بنەمای دەستوور.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، باس لە بایەخی ڕێکخستنی یاسایی بۆ وەبەرهێنانی کانزایی لە هەرێمی کوردستان کرا لە ڕێگەی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیاسایەک بۆ ئەم بابەتە، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دوای پەسەندکردنی ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ تەشریعکردنی بە ئاراستەی هاندان و مسۆگەرکردنی باشترین وەبەرهێنان بۆ سامانی کانزایی لە هەرێم بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە داهاتەکەی بخرێتەوە خزمەتی گشتی وبرەودان بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دارایی و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە، سەبارەت بە بەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە نێودەوڵەتيیەی هەیە. بڕیار درا لایەنە پەیوەندارەکان تاوتوێی بابەتەکە بکەن چ بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی و چ بە جیا، بە پێی بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی هەرێم لەو ڕێکارانە بەردەوام بن کە کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا دەبێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی زیادبوونی ژمارەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەداخەوە ئەم دیاردەیە لە هەڵکشاندایە، پێویستە كار لەسەر نەھێشتنی ئەو بیر و فیكرە توندڕەوە بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش، هەڵمەتێک لەپێناوی بنبڕکردنی ئەنجام بدرێت. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە دەستگیر دەکەن و ڕاپێچی یاسایان دەكەن. بۆ ئەو مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم پرسە ئەنجام بدات بەمەبەستی ڕێکخستنی و دەستپێكردنی ئەو هەڵمەتە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە و بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی کەرتی بانکیی حکوومیی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە تەواوکردنی مەرجەکانی بانکی ناوەندی عێراق بۆ دامەزراندنی بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی کەرتی بانکی لە هەرێم و ڕێکخستنەوەی سەرجەم بانکەکانی ئێستا لە چوارچێوەی یەک بانکی نیشتیمانیی پێشکەوتوو و هاوچەرخ کە ئاسانکاریی بانکیی پێویست بۆ هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت پێشکەش بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.