هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان سێ هاووڵاتیی بیانییان لەدەست چەکدارانی پەکەکە ڕزگار کرد و لە ڕێگەی کونسوڵخانەی وڵاتەکانیان ڕادەستی کەسوکاریان کردنەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە گوتەی سێ هاووڵاتی بیانی بەناوەکانی (ڤنسنت مارک ئەلیکساندەر بە ڕەچەڵەک ئەمریکی، جین دیڤول بە ڕەچەڵەک ئەمریکی و ئێمر ئێدوارس بە ڕەچەڵەک بەریتانی) دوای ڕزگارکردنیان لەدەست چەکدارانی پەکەکە بڵاوکردەوە.
ئەو هاووڵاتییانە ئاشکرایان کرد کە لەلایەن ڕێکخراوەکانی پەکەکە لە خشتەبراون و خەڵەتێنراون، تاوەکو لە قەزای شنگال پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەبەشەوە بکەن بۆ شەڕکردن دژی تیرۆریستانی داعش.
ئاماژە بەوە دەدەن کاتێک بارودۆخەکە دەبیینن و دڵنیا دەبنەوە کە ئەوە ئامانجی پەکەکە نییە، هەوڵی ڕزگارکردنی خۆیان دەدەن، بەڵام ڕێگەیان لێ دەگیرێت، تاوەکو پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە دەکەن و ڕزگار دەکرێن.
ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەشی خستەڕوو کە دوای ڕزگارکردنیان لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕادەستی کونسوڵخانەی وڵاتەکانیان کرایەوە بۆ شادبوونەوەیان بە کەسوکاریان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.