Erbil 15°C ھەینی 03 ئایار 19:31

سەدر بۆ پێکهێنانی حکوومەت داوایەک ئاراستەی سەربەخۆکان دەکات

کوردستان TV
100%

ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوا لە سەربەخۆکان دەکات لەماوەی 15 ڕۆژ کار بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی سەربەخۆ بکەن، جەختی کردۆتەوە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان پشتگیریان دەکەن.

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: پڕۆسەی سیاسی ئێستا سێ لایەنی لەخۆگرتووە.

سەدر لە پەیامەکەیدا باسی لایەنی یەکەم دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە پێکهاتووە لە "گەورەترین هاوپەیمانی نیشتمانی، هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمان کە سەرکردایەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکات، بەڵام بەهۆی بڕیاری دادگەی عێراقی و سێیەکی پەکخەر پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی دواخرا."

هەروەها باسی لە لایەنی دووەمیش کردووە کە ئەوانیش پێکهاتوون لە "چوارچێوەی هەماهەنگی، داوای حکوومەتێکی تەوافوقی دەکەن، دوای ئەوەی 40 ڕۆژ مۆڵەتمان دا بەوان بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی تەوافوقی، لەم کارەدا شکستیان هێنا."

ئاماژەی بە لایەنی سێیەمیش داوە کە ئەوانیش پێکهاتوون لە سەربەخۆکان، سەدر بانگهێشتی ئەوان دەکات بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی سەربەخۆ، جەختیشی کردۆتەوە کە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە سوننە و کورد دەنگ بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکەیان دەدات، ئەمەش لەپێناو کۆتاییهێنان بە ئازار و نەهامەتییەکانی گەل.

ڕێبەری ڕەوتی سەدر دووپاتیشی کردەوە کە داواکەی دووبارە دەکاتەوە و داواش لەو لایەنانەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بەتایبەت ئەوانەی کە تێڕوانینێکی باشیانی بەرامبەر هەیە و دەڵێت "بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی، بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان لە سەرووی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان دابنێن."

ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەدر لە دەستپێکی ڕەمەزاندا دەستپێشخەرییەکی ڕاگەیاند و ماوەی 40 ڕۆژی دا بە لایەنەکانی سێیەکی پەکخەر بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی تەوافوقی، بەڵام شکستیان هێنا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.