Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 00:40

یەكێتی ئەورووپا: جەنگی رووسیا دژ بە ئۆكراینا مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان دروست كردووە

لە ئێستادا كار لەسەر ئەوە دەكەن شەشەمین پاكێجی سزا دژ بە رووسیا ئامادە بكەن.
کوردستان TV
100%

جۆزێپ بۆرێڵ، نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەكی و كاروباری ئاسایش، ئاشكرای كرد "جەنگی رووسیا دژ بە ئۆكراینا" مەترسی لەسەر ئاسایشی جیهان دروست كردووە، بۆیە لە ئێستادا كار لەسەر ئەوە دەكەن شەشەمین پاكێجی سزا دژ بە رووسیا ئامادە بكەن.
بۆڕێڵ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوی كردەوە: "هەوڵ دەدەین لە میانی شەشەمین پاكێجی سزاكاندا ژمارەیەكی زیاتر لە بانكە رووسییەكان لە سیستەمی سویفت (SWIFT) دەربكەین، سزای ئەوانە بدەین كە زانیاری چەواشەكار بڵادەكەنەوە و هاوردەكردنی نەوت لە رووسیاوە بەتەواوی قەدەغە بكەین. تەواوی ئەم سزایانە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بخرێتە بواری جێبەجێ كردن".
بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاكانی وڵاتانی خۆرئاوا، ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا لە شەشەمین پاكێجی سزاكاندا كار لەسەر ئەوە دەكات بانكی دارایی مۆسكۆ و بانكی كشتوكاڵی رووسیا لە سیستەمی سویفت (SWIFT) دەربكات.

هەروەها باس لەوە دەكرێت رەنگە بانكی گەورەی رووسیا، سبیربانك بخرێتە لیستی ئەو بانكانەی سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت. هەریەك لە ئەمریكا و یەكێتی ئەورووپا پێشتریش چەند بانكێكی رووسیایان لە سیستەمی سویفت دەركردبوو.
هەروەها ئاماژە بەوە دەكرێت رەنگە لە پاكێجەكەی یەكێتیی ئەورووپادا كار لەسەر ئەوە بكرێت هاوردەكردنی نەوت لە رووسیاوە بە رێژەیەكی بەرچاو كەمبكرێتەوە و تاوەكوو كۆتایی ئەمساڵ هاوردەكردنی نەوت بەتەواوی قەدەغە بكرێت.
ئەمە لە كاتێكدا بەشێك لە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا دژی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی نەوتی رووسیان. یەكێك لەو وڵاتانەی كە دژی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی نەوتی رووسیایە، هەنگاریایە كە لەسەدا 65ی نەوت لە رووسیاوە هاوردە دەكات. پێشتریش وەزیری دەرەوەی هەنگاریا و وەزیری بازرگانیی دەرەوەی هەنگاریا رایانگەیاندبوو "پێویستە یەكێتیی ئەورووپا گەرەنتی دابینكردنی وزەی وڵاتەكەمان بدات. بۆیە تاوەكوو ئەو كاتەی وەڵام وەرنەگرین دەنگ بە هیچ سزایەك نادەین كە هاوردەكردنی نەوتی رووسیا سنووردار بكات".
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.