ساڵانە لە چالاكییەكانی پەیوەندیدار بە یادكردنەوەی 1ی ئایار رۆژی جیهانیی كرێكاران، سەندیكاكانی كرێكاری و پارتە جیاجیاكان لە ئیستانبوڵ بەشدار دەبن و ئەو رۆژە بەرز دەنرخێنن.
تیمەكانی پۆلیس رێگەیان بەو گرووپانە نەدا كە لە چەندین خاڵی جیاوازەوە هەوڵیان دەدا بە بۆنەی 1ی ئایار رۆژی جیهانیی كرێكاران بێنە گۆڕەپانی تەقسیم و گردبوونەوە و خۆپیشاندانی نایاسایی ئەنجام بدەن و چەندین خۆپیشاندەریش دەستگیر كران.
ئەندامانی پارتی رزگاری گەل كە لە شەقامی بەشیكتاش باربارۆس گرد ببوونەوە، هەوڵیان دا لەوێوە بێنە تەقسیم، تیمەكانی پۆلیس ئەو كەسانەیان راگرت كە دروشمەكانی "بژی 1ی ئایار" و "بژی پارتی رزگاری گەل"یان دەگوتەوە، 29 كەس لەو گروپە كە دژی پۆلیس وەستانەوە و پێداگیربوون لە رێپێوانەكەیان، دەستگیر كران.
گرووپێكی دیكە كە ناویان لە خۆیان ناوە "رێكخراوی گەنجانی شۆڕشگێڕ" لە پاركی هۆنیارانی بەشیكتاش گردبوونەوە و هەوڵیان دا رێپێوانی بێ مۆڵەت ئەنجام بدەن. پۆلیس رێگەی نەدا گروپەكە بێنە ناو تەقسیم و 30 كەسیان لێ دەستگیر كرا.
گرووپێك كە لە شیشلییەوە بەرەو گۆڕەپانی تەقسیم بەڕێ كەوتبوون، لە وێستگەی میترۆی شیشلییەوە بە دەم گوتنەوەی دروشم رێپێوانیان ئەنجام دا.
تیمەكانی پۆلیسیش كە رێوشوێنی ئەمنییان لە ناوچەكە گرتبووە بەر، رێگەیان بەوە نەدا گروپەكە زیاتر بەرەو پێشەوە بچن. 22 كەس لەو گروپە كە سەرەڕای تەواوی هۆشداریدانەكان بەردەوام بوون لە رێپێوان، دەستگیر كران.
دەستگیركراوەكان بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئیستانبوڵ كران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.