Erbil 35°C شەممە 28 ئەیلوول 15:12

ئەمڕۆ جەژنی كرێكارانی جیهانە

کوردستان TV
100%

ساڵانە لە سەرتاسەری وڵاتانی دنیا دا لە ڕۆژی یەكی ئایار، ڕێوڕەسم و چالاكی ئەنجام دەدرێ و لە وڵاتان ئەو ڕۆژە بە جەژنی كرێكارانی دنیا چەسپێنراوە.
ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، یان ڕۆژی 1ی ئایار بە ڕۆژی جیهانیی جەژنی كرێكاران ناسراوە و دەكەوێتە 1ی ئایاری هەموو ساڵێك ئەو ڕۆژە لە نزیكەی هەشتا وڵاتی جیهان پشووی فەرمییە، لەم ڕۆژەدا كرێكاران و بزووتنەوە كرێكارییەكان لەوانە سۆسیالیزم و كۆمۆنیستەكان و پارت و لایەنە چەپەكان بە ڕێپێوان و چالاكی و یادی ڕۆژەكە دەكەنەوە.
لە ساڵی 1856 دا كرێكارانی ئۆسترالیا لە پێناو چەسپاندنی 8 سەعات كار لە ڕۆژێكدا كۆبوونەوە. ئەم ڕۆژەی ئەو مەراسیمەیان تێیدا بەرپا كرد 21 ی نیسان بوو. لە سەرەتادا كرێكارانی ئوسترالیا بە تەنها ساڵی 1856 یان لەبەرچاو گرتبوو، بەڵام مەراسیمی یەكەمین ساڵ كاریگەری گرنگی دانا لە سەر جەماوەری پرۆلیتاریای ئوسترالیا، هەر بۆیەش وا بڕیار درا هەموو ساڵێك بكرێتەوە.
 لە یەكی ئایاری 1886دا كرێكارانی شیكاگۆ سەرجەمیان وازیان لە كار هێنا و ڕژانە سەر شەقامەكان كە ژمارەیان لە نێوان 350 تا 450هەزار كرێكار دەبوو، سوور بوون لەسەر داواكانیان و دروشمی " هەشت سەعات كار، هەشت سەعات پشوودان، هەشت سەعات خەوتن"یان دووپات دەكردەوە، سووربوون و بەردەوامی لە ناڕەزایەتییەكان ڕۆژ دوای ڕۆژ خەڵكی زیاتری كۆ دەكردنەوە و لە شارەكانی تریش ناڕەزایەتییەكان دەستیان پێ دەكرد، بەجۆرێك بووە وازهێنانی كرێكاران لە كاركردن، بووە هۆی كاریگەری دانان لەسەر سەرجەم كەرتە ئابوورییەكان، سەرەنجام پارێزگاری شاری شیكاگۆ لەگەڵ كرێكاران كۆ بووەوە و داواكانی لێ وەرگرتن و بەڵێنی دا كە بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچێت، بەڵام دواتر گردبوونەوەی كرێكارانی جێ هێشت و پۆلیس دەستیان بە جموجۆڵ كرد تا هێز بەكار بهێنن بۆ بڵاوە پێكردنی كرێكارانی خۆپێشاندەر، پۆلیس ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و دواتر لە شیكاگۆ بۆمبێك لە نێو كۆمەڵێك پۆلیس تەقییەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك پۆلیس كوژران.

 دواجار كۆنگرەی دامەزراندنی "ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی" سۆسیال دێمۆكرات لە ساڵی 1889دا بڕیاری دا 1ی ئایاری بكرێتە "ڕۆژی خەباتی كرێكارن" ساڵانەی بزووتنەوەی كرێكاری و لەو كاتەوە ئەم ڕۆژە بە كۆبوونەوەی جەماوەری و مانگرتن دەستی پێ كردووە.

 بەڵام هەروەها هەر لە دەستپێكەوە لەناو بزووتنەوەكەدا ڕەخنەش لە1ی ئایار هەبوو لە فەرەنسە لە ساڵی 1892دا هەژمارێكی زۆر لە ئەناركیستەكان ڕەخنەیان لەو كەمپەینە گرت، لەوانە سیباستیان فۆرێ، وتی "چیتر ئەمە ڕۆژێكی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵكوو سەكۆیەكی دەستەمۆ كراوە بۆ هەڵبژاردنی دەسەڵاتخوازان، تا لەڕێگەی دەنگی كرێكارانەوە بۆ پەرلەمان هەڵببژێردرێن".
 ساڵی 1893 لە كۆنگرەی یەكێتییە كرێكارییەكاندا لە فەرەنسا لە شاری مارسێلیا جارێكی دیكە ئاراستەی خەباتكارانی 1ی ئایار وەك ڕۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری لەسەر كرایەوە، شتێك كە زیاتر دابڕانی لە پارتی سۆسیال دێمۆكرات واوەتر بەرەوپیش برد. دواتر ساڵی 1896 كاتێك كە ئەندامانی ئەناركیست لە نێونەتەوەیی دووەمدا لە لەندەن لەبەر ڕەتكردنەوەی پارلەمانتاریزم دەركران، ئەو لێكدابرانە فراوانتر بوو.
هەرچەندە ئەم یادە تا ئێستا لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دانی پێدا نەنراوە، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان یاد دەكرێتەوە و لە زیاتر لە 80 وڵاتی جیهانیش بۆتە پشووی فەرمی و وەك جەژنێك سەیر دەكرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.