وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی، دوای بڵاوبوونەوەی لیستێکی جیاکاری شەهیدان و دیاریکردنی لایەنی سیاسییان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و ڕەتی دەکاتەوە وەزارەتەکە ئەو پۆلبەندییەی کردبێت.
لە ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکەدا هاتووە "بە ڕای گشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و میدیاکاران ڕادەگەینین، وەزارەتی پێشمەرگە هیچ لیستێکی جیاکاری شەهیدانی بەپێی لایەنی سیاسییانی بڵاو نەکردۆتەوە، بەهیچ جۆرێک پۆلبەندی و ڕیزبەندی شەهیدانی سەربەرزی دژ بە داعش بەڕەسمی نەکراوە، نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا و داهاتوو نەبووە و نابێت."
جەختیشی کردۆتەوە کە "هەر لیست و جیاکارییەک لەمبارەیەوە بەناوی ئەمینداری گشتیی و وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و ناحەقیشە بەرامبەر بەخوێنی شەهیدانمان. لەمبارەیەشەوە چەواشەکاران و ساختەکاران دەدەین بە یاسا و روبەڕووی دادگەیان دەکەینەوە."
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش داوە "ئێمە لە وەزارەت دووپاتی دەکەینەوە، شەهیدانمان بەیەکەوە لە سەنگەری بەرگری خاکی کوردستان و کەڕامەتی تاک بە تاکی گەلەکەمان و پاراستنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و ئاشتی بۆ جیهان گیانیان بەخشیوە، بۆیە لەلای ئێمە شەهیدان شەهیدی ئاڵا و خاکی پیرۆزی کوردستانن."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.