گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف رایدهگهێنێت، بۆدیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن پشت بە هیچ وڵاتێک نابەستن و جەختیشدەکاتەوە ئێوارەی رۆژی شەممە بڕیار لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی ڕهمهزانهوه دەدرێت.
ئەمڕۆ28 ی 4 ی 2022، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كارو باری ئاینی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بۆدیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان پشت بە هیچ وڵات و دەزگایەکی فەلەکی نابەستین، پەیوەندیمان لەگەڵ وەقفی سوننی عێراق هەیە و کۆبونەوەی بەردەواممان لەگەڵ ئەوان ھەیە، بڕیاری تایبەت بە خۆمان ھەیە و پشت بە خۆمان و بەڵگە شەرعییەکانی خۆمان دەبەستین.
دهشڵێت، ئەوەی دەگوترێت فڵانە ڕۆژ جەژنە ڕاست نییە، چونکە ئێمە پشت بە بەڵگە شەرعییەکان دەبەستین، نەک ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، فەلەکناسییە یان شوێنی دیکە و لیژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیار دەدات، بۆ ئەمساڵیش تائێستا دیارنییە، ئەم مانگە سی ڕۆژ دەبێت، یان بیست و نۆ ڕۆژ.
باسی لەوەشکردووه ، ڕۆژی شەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە ھەماھەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن کۆ دەبێتەوە و ئەگەر مانگ بیندرا، ڕۆژی یەکشەممە دەبێتە جەژن و ئەگەر نەبیندرا مانگی ڕەمەزان سی ڕۆژ دەبێت و ڕۆژی دووشەممە دەبێتە جەژن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.