ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە تاوتوێی چەند تەوەرێکی کرد کە پێکهاتبوون لە سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا، ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بارودۆخی کارەبای هەرێمی کوردستان و هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، کورتەیەکی دەربارەی سەردانی فەرمی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و پێشوازیکردنیان لە ئاستێکی باڵا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری و وزە و بازرگانی و پەروەردە و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە خستەڕوو.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە لە هەموو کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی باڵای دیکەی بەریتانیا، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پشتیوانیکردن و ھەماھەنگیكردن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان لەبوارە جیاوازەكاندا، بەو ئاراستەیەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بە پێی تایبەتمەندیی، بەدواداچوونی پێویست بکەن بۆ ئەو دۆسیانەی لەو سەردانە فەرمیە بۆ بەریتانیا گفتوگۆیان لەسەر کرا و بۆ ئەو مەبەستەش، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فەرمانگەی هەماهەنگيی و بەدواداچوون ڕاسپێردران بۆ کاری هەماهەنگيی لەنێوان وەزارەتەکان و بەدواداچوون بە ئاراستەی سوودوەرگرتن لەو دەرفەتانەی دەرئەنجامی ئەو سەردانە فەراهەم بوون بۆ هەرێمی کوردستان.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای ( دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ) کە ئامانج لێی، دانانی پێوەری گونجاوە بۆ متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندن لە ڕێگەی دەستەیەکی سەربەخۆوە کە نابێتە جێگرەوەی وەزارەتەکان، بەڵکو پشتیوانی وەزارەت دەبن بۆ هاوتەریبکردنی پێوەرەکانی متمانەبەخشین لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیيەکان لە پێناوی دەستەبەرکردنی کوالێتی بەرزیی ئەکادیمیی و زانستی لە ڕێگەی رێکخستنەوەی میکانیزمەکانی پرۆسەی متمانە بەخشین وپشتیوانیکردنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە وخوێندنی باڵا و پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان و برەودان بە پڕۆگرامەکانی خوێندن لە هەرێم، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا پێداچوونەوە بە پڕۆژەیاساکەدا بکرێت و لەبەر ڕۆشنایی ئەو سەرنج وتێبینیانەی خرانەڕوو ئامادەبکرێت بۆ دەنگدان لە سەری لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی.
بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بارودۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لەڕووی بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان و پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری کارەبا و پڕۆژەکانی کارەبا بەتایبەت کە نزیک دەبینەوە لە وەرزی هاوین کە لە لایەن کەمال ساڵح وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێک خرایەڕوو کە تێیدا کۆی کارەبای بەرهەمهاتوو بە مێگاوات لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەسەر شارەکان و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتیان و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمێنانی زیاتری کارەبا ڕوونکردەوە. لە کۆتاییشدا بەربەستەکانی بەردەم وەزارەتی خستەڕوو لەگەڵ پێشنیاری پێویست بۆ چارەسەکردنیان.
ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی سامانەسروشتییەکان، پلاندانان، دارایی و ئابووری و کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی ڕاسپارد کە هەماهەنگيی پێویست بکەن لەگەڵ وەزارەتی کارەبا بۆ پەرەپێدان و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا.
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بڕیاردرا هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتی 1-5 تاوەکوو 5-5-2022 پشووی فەرمی بێت لە دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.