نووسینگهی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردهوه، بە بەشداری شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە شاری جنیف گفتوگۆكانی راپۆرتی دووەمی كۆماری عێراق تایبەت بە رێكەوتننامەی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان رۆژی 26 نیسانی 2022 ئهنجام درا.
لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتاری حکومەتی هەرێمی پێشکەش کرد لە چوارچێوەی وتاری کۆماری عێراق.
دیندار زێباری لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی کردووە و لەلایەن نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە بەشداری وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم ئامادەکراوە و بە نەخشە رێگهی پتەوکردنی پرەنسیپەکانی مافەکانی مرۆڤی وەسف کرد.
لەبارەی نەهێشتنی ئەشکەنجەدان، ئاماژەی بەوە کردووه، کە (10) کەیسی ئەشکەنجەدان جوڵێنراون و بڕیاری قەرەبووکردنەوە بۆ (4) کەس دەرچووە، (4) کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی توندوتیژی سزا دراون. لەلایەکی دیکەوا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق( یۆنامی) لە پێنج مانگی 2021دا (14) سەردانی چاکسازییەکانی ئەنجامداوە و چاوی بە (60) گیراو کەتووە.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا د. دیندار زێباری رایگەیاند: دەستگیرکردنی تاوانبارو گومانلێکراوان بەپێی یاسا ئەنجام دەدرێت و گشت مافێکیان هەیە لەوانە پێڕاگەیاندنی هۆکارەکانی دەستگیرکردن، تۆمەتەکان، ئاگادار کردنەوەی کەسوکاری و بوونی پارێزەر و ئەگەر نەیتوانی ئەوا دادگا پارێزەری بۆ دابین دەکات و لەو رووەوە خەرجییەکانی دابینکردنی پارێزەر لەسەر حکومەتی هەرێم زیاتر لە یەک ملیار و 700 ملیۆن دینار بووە.
دیندار زێباری بهشداری له كۆبوونهوهی رێكەوتننامەی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان لە جنیف دهكاتدیندار زێباری بهشداری له كۆبوونهوهی رێكەوتننامەی نەهێشتنی ئەشكەنجەدان لە جنیف دهكات
سەبارەت قەرەباڵغی چاکسازییەکان و ئەوانەی تەمەنیان لە (18) ساڵ کەمترە و بە تیرۆر تێوەگلاون، ئاشكرایكرد، ئەوانە وەک قوربانیی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. لە ساڵی 2020 زیاتر لە (52) ئافرەت و نەوجەوانان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون، لە نێوان ساڵانی (2015-2022) لە هەولێر (9) ئافرەت و (1139) نەوجەوان دەستگیر کراون کە (1089)یان حوکمدراون.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی کۆمەڵایەتی تا مانگی ئاداری ئەم ساڵ (4276) حوکمدراو هەبوو، حکومەتی هەرێم پلانی بۆ درووستکردنی باڵاخانەیەک بۆ چاکسازی گەوران هەیە، کە شوێنی (5) ههزار کەس ببێتەوە و نزیکەی (30%)ی کارەکانی چاکسازی نەوجەوانان و ئافرەتان تەواو بووە.
خزمەتگوزاری تەندروستی بەشێکی وتارەکەی بوو ولەم رووەوەش د. دیندار زێباری راشیگەیاند، لە چاکسازییەکان بنکەی تەندروستی هەیە و لە کاتی پێویستدا گیراوان رەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن، دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا پشکنینی (PCR) لە چاکسازییەکان ئەنجامدراوە و بەشی هەرەزۆری گیراوان ڤاکسینیان وەرگرتووە. لە ساڵی 2020 زیاتر لە (150) حاڵەت کۆرۆنا هەبووە، بەگشتی لە ساڵانی (2020-2022) نزیکەی (420) تووشبوو بە نەخۆشی دەروونی هەبوو، زۆربەیان چاکبوونەوە تەنیا (76) یان ماون، لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە درووستکردنی (3) نەخۆشخانەی دەروونی لە هەرێم.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژهی بهوهش كرد، لە هەرێمی کوردستان (4) شەڵتەر هەیە بۆ داڵدەدانی ئافرەتان و تا ئێستا نزیکەی (2) ههزار ئافرەت رەوانەی شەڵتەرەکان کراون، لە ساڵی (2021 ) لە شەڵتەرەکان (165) ئافرەت داڵدە دراون، کە (13) بیانی و (60) ئاوارە و پەنابەر بوون.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، لێکۆڵینەوە لەگەڵ (340) کۆمپانیا کراوە و (29) کۆمپانیاش دراونەتە دادگا، (2026) هاووڵاتی بیانی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە، شەڵتەرێک بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا د.دیندار زێباری روونیكردهوه، لە ساڵی (2008)ەوە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان هەڵپەسێردراوە لە هەرێم، تەنیا لەو حاڵەتانە نەبێت، کە پەیوەندیی بە رای گشتییەوە هەیە.
سەرەڕای ئەوەش تا ئیستا زیاتر لە (300) سزای لەسێدارەدان هەبووە، لە ساڵی 2021 لە هەرێم (36) تاوانبار حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لەوانە (6)یان حوکمیان بۆ هەتاهەتایە سووك کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.