Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 03:19

ئه‌مریكا پشتیگیری سیاسی و سه‌ربازی بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپاتكرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/4/27 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى دیپلۆماسى و سه‌ربازیى ئه‌مه‌ریكى به‌ سه‌رۆكایه‌تیى خاتوو ده‌ینا ستروول جێگرى یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان ماتیو توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، ماتیو ترۆلینگه‌ر جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى سیاسى و سه‌ربازى له‌ هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و چه‌ند به‌رپرسێكى سیاسى و سه‌ربازى پێكهاتبوو.

له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خاتوو ستروول جه‌ختى له‌ ڕوانگه‌ و سیاسه‌تى ئه‌مه‌ریكا‌ كرده‌وه‌ كه‌ پابه‌نده‌ به‌ به‌رده‌وامیى پشتگیریى سیاسى و سه‌ربازى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به‌ كارى پێكه‌وه‌یى و هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان، هه‌روه‌ها پێزانینى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵ و قوربانییه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا ده‌ربڕى.

لاى خۆیه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیرى و هاوكارییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا، دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگى و پێویستیى هه‌نگاونانى لایه‌ن و پێكهاته‌ عێراقییه‌كان بۆ ده‌رچوونى دۆخى سیاسیى وڵات له‌ چه‌قبه‌ستوویى و هاتنه‌كایه‌ى حكوومه‌تێك كه‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانیى هاووڵاتییان بێت و بتوانێت ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دییه‌كان ببێته‌وه‌. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌خت له‌ گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و به‌رده‌وامیى گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرایه‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جموجۆڵ و په‌لاماره‌كانى داعش له‌ ناوچه‌ جیاكانى عیراق و سووریا، به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى جددى و مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دران. له‌و میانه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرده‌وه‌ تا بتوانن به‌ پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ره‌نگارى ئه‌و مه‌ترسییه‌ ببنه‌ و داعش یه‌كجارى له‌ناو ببرێت كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگیریى عیراق و ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دۆخى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى شه‌نگال و ئاساییكردنه‌وه‌ى‌، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌شیان، خسته‌ به‌ر باس.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.