Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 03:12

خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا.. لە یارییەکی پڕگۆڵدا مانچستەر ستی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ریال مەدرید تۆماركرد

کوردستان TV
100%


لە یەکەم یاریی قۆناغی پێش کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی مانچستەر ستی بە ئەنجامی 4-2 لە ریال مەدریدی بردەوە.

لە یاریی چوونی قۆناغی پێش کۆتایی خۆشترین و بەچێژترین و بەهێزترین پاڵەوانەتییەکەی ئەورووپا "UEFA Champions League"دا، یانەی مانچستەر ستی ئینگلیزی لە یاریگای ئیتیحاد میوانداری ریال مەدریدی ئیسپانی کرد.

ناوبژیوانی رۆمانی، ئیشتڤان کۆڤاچس ئەرکی بەڕێوەبردنی یارییەکەی پێ سپێردرابوو.

هەر لە دەستپێکی یارییەکەدا، یانە ئینگلیزییەکە دوو گۆڵی خێرای تۆمار کرد و تا خولەکی 11 بە دوو گۆڵی بێ وەڵام ئەنجامی یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆیدا هێشتەوە.

گۆڵی یەکەمی مانچستەر ستی لە خولەکی دووەمی یارییەکەدا لە رێگەی لێدانی سەری یاریزان کیڤین دی بروین تۆمارکرا. ئەو گۆڵەی یاریزان کیڤین دی بروین کە 93 چرکە دوای دەستپێکردنی یارییەکە تۆمار کرا، بووە خێراترین گۆڵی مانچستەر ستی لە مێژووی چامپیۆنزلیگ.

دوای ئەو گۆڵە یارییەکە بەهەمان ریتم بەردەوام بوو تا ئەوکاتەی لە خولەکی 11ی یارییەکەدا، یاریزانی لاوی بەڕازیلی، گابریێل جیسوس لێدانێکی جوانی ئاراستەی تۆڕی گۆڵی ریال مەدرید کرد و ئەنجامەکەی بۆ دوو بە سفر لە بەرژەوەندی مانچستەر ستی گۆڕی.

هێرشبەرانی ریال مەدرید دوای ئەو دوو گۆڵە، فشارێکی توندیان دژی مانچستەر ستی دەست پێ کرد تا ئەوکاتەی لە خولەکی 33ی یارییەکەدا، ئەستێرەی فەڕەنسی، کەریم بەنزیما گۆڵی یەکەمی یانەی شاهانەی تۆمارکرد، ئەنجامی یارییەکەی بۆ 2-1 گۆڕی و نیوەی یەکەمی یارییەکەی بەم ئەنجامە کۆتایی هات.

نیوەی دووەمی یارییەکەش بە ریتمێکی خێرا بەردەوام بوو و لە خولەکی 47دا، یاریزانی مانچستەر ستی ریاز مەحرەز لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی ریال مەدرید کرد، تۆپەکە بەر ستوون کەوت و گەڕایەوە لای یاریزان فیل فۆدین، بۆ جاری دووەم تۆپەکە ئاراستەی گۆڵ کرا، بەڵام یاریزانی هێڵی بەرگریی ریال مەدرید، دانی کارفاخال لەسەر هێڵی گۆڵ تۆپەکەی دوورخستەوە.

لە خولەکی 53ی یارییەکەدا، یاریزانی یانەی خاوەن یاریگا، فیل فۆدین لە رێگەی لێدانی سەر گۆڵی سێیەمی بۆ مانچستەر ستی تۆمارکرد و ئەنجامی یارییەکەی بۆ 3-1 گۆڕی.

دوای ئەو گۆڵە، هێرشبەری یانەی ریال مەدرید، ڤینیسیۆس جۆنیۆر چووە ناو هێڵی سزا و لێدانێکی جوانی ئاراستەی گۆڵی مانچستەر ستی کرد و گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمار کرد، بەم گۆڵەش ئەنجامی یارییەکە بۆ 3-2 گۆڕا.

لە خولەکی 73 یاریزانی پورتوگالی، بێرناردۆ سێلڤا تۆپێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵی ریال مەدرید کرد و گۆڵی چوارەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد.

چەند خولەکێک دواتر و دوای ئەوەی لەناو هێڵی سزا یاریزانی مانچستەر ستی، ئایمێریک لاپۆرت دەستی بەکار هێنا، لێدانی سزا لە بەرژەوەندی یانەی ریال مەدرید هەژمارکرا. ئەستێرەی یانەکە، کەریم بەنزیما لێدانی سزاکەی جێبەجێی کرد و لێدانێکی جوانی ئاراستەی گۆڵ کرد. بەمەش دووەم گۆڵی خۆی و سێیەم گۆڵی یانەکەی لە یارییەکەدا تۆمار کرد.

یاریزانی ناوبراو کۆی ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزە بۆ 41 گۆڵ بەرزکردەوە و بە تۆمارکردنی 14 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی چامپیۆنزلیگی گرتووە.

یاریی چوون کە بە ئەنجامی 4-3 لە بەرژەوەندی مانچستەر ستی بەکۆتا هات، بڕیار وایە چواری ئایار یاری گەڕانەوە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام بدرێت.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.