Erbil 24°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 03:14

به‌ڕێوه‌به‌ری حه‌ج و عومڕه‌ زانیاریی له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی حه‌جی ئه‌مساڵ بلآو كرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان وردەکاری پرۆسەی بەجێگەیاندنی حەجی ئەمساڵی خستەڕوو و ئاشکراشی کرد کە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ جیاوازە و هەندێك لەو کەسانەی کە ناویان دەرچووە ناتوانن سەردانی حه‌جی ماڵی خودا بکەن.

شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە رایگەیاند: لە ساڵی 2017دا 86 هەزار و850 هاونیشتمانی داواکاری خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بتوانن فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانی 2017، 2018، 2019 بە ئەنجامدانی تیروپشک 17هەزار کەس لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ناویان گەڕاوەتەوە و حەجی خۆیان ئەنجام داوە. بۆ ئەو کەسانەش مابوونەوە و ناویان نەگەڕابووەوە لە 19ـی کانوونی یەکەمی 2019دا، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دیدارێکی ئەنجام دا و بڕیار درا بۆ ساڵێکی تر حەجکردن هەر لەنێو ئەو کەسانەدا بکرێت کە لەو ساڵانەدا ناوی خۆیان تۆمار کردبوو و تیایدا 4 هەزار 350 هاونیشتمانی تر ناویان دەرچوو، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆرۆنا ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ماوەی دوو ساڵ راگیرا.

ڕاشیگه‌یاند: دوای دوو ساڵ لە ڕاگراتنی پڕۆسەی حەجکردن بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمساڵ له‌ وەزارەتی حەجی سعوودیە بڕیار درا ملیۆنێک کەس دەتوانن فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن، کە 150 هەزار کەسیان بۆ ناوخۆی سعوودیە و850 هەزار کەسیش بۆ وڵاتانی تر بێت، کە هەر وڵاتێک بە ڕێژەیەکی تایبەت و بە بەراورد بە ڕێژەی ساڵانی ڕابردووی خۆی 45%ـی بۆ دەستنیشان کرا، بەمشێوەیە لە عێراق 15 هەزار 250 کەس دەتوانن بەشداری بکەن و لەو ڕێژەیەش هەرێمی کوردستان نزیکەی 2 هەزار کەس دەتوانن بەشدار بن کە دیاریکردنی ئەو ڕێژەیەش لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵییەوە بە پێی ڕێژەی دانیشتووان دەبێت.

شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش دا: بڕیار دراوە بۆ ئەو ئافرەتەی کە تەمەنی لە 45 ساڵ کەمترە نابێت بەبێ بوونی مەحرەم حەج بکات، بۆیە سعوودیە بە بڕیارێکی نەگۆڕ ڤیزا نادات بەو ئافرەتانە، به‌ڵكو تەنیا دەبێت پیاوێکی مەحرەمی لەگەڵدا بێت، بەڵام ئەگەر تەمەنی له‌ سەرووی 45 بێت، ئاساییە.

گوتیشی: ئەمساڵ ڕێنمایی وەرگرتنی حاجیان دوو مەرجی هەیە، یەکەمیان تەمەنی لە 65 ساڵ بە سەرەوە نەبێت، دەبێ خوار ئەو تەمەنە بێت، واتە لەدایکبووی ساڵی 1957 ناتوانێت حەج بکات، بەڵام 1958 بە سەرەوە دەتوانن حەج بکەن، هەروەها یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە پێویستە کارتی ڤاکسینی باوەڕپێکراوی هەبێت و پاسپۆرتی تەواو بێت.

له‌باره‌ی ئەو بڕە پارەیەی کە لە حاجیان وەردەگیرێت، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ڕایگه‌یاند: ئەو پارەیەی کە بۆ حەج وەردەگیرێت تەنیا بۆ خزمەتکردنی ئەو کەسانەیە کە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، چونکە ئەو کەسانە بە فڕۆکە دەگەیێندرێنە سعوودیە و شوێنی مانەوەی لە مەککەی پیرۆز و لە مەدینەش بۆ تەرخان دەکرێت وهۆتێلی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت لەگەڵ هۆکارەکانی گواستنەوەی وەک ئۆتۆمبێل لە مەدینەوە بۆ مەککە و بۆ عەرەفە و بۆ مینا و ئەو شوینانەی کە ئەرکە ئایینیەکانی تێدا بەجێ  دەگەیەنرێت، هەروەها لەگەڵ دابینکردنی خواردن، بۆیە ئەو بڕە پارەیە نەک لە هەرێمی کوردستان، به‌ڵكو لە هەموو وڵاتان بە هەمانشێوەیە، ته‌نانه‌ت زۆرجاریش بووە بڕە پارەیەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی عێراق کەمتر بووە، ئەمەش بۆ ئاستی جۆری خزمەتگوزاریەکان و کاتی مانەوەیان دەگەڕێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.