Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 20:22

دیندار زێباری: تیرۆریستانی داعش سوودیان لە لاوازی سیستمی بانكی و دارایی عێراق وەرگرت

حكومەتی هەرێم بەشداریی لە كۆبوونەوەی لێكۆڵینەوە لە رەهەندە داراییەكانی رێكخراوی داعش لە بەرلین دەكات
کوردستان TV
100%

رۆژی 13/4/2022 لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە رەهەندە داراییەكانی رێكخراوی داعش. 
لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەری حكومەتی هەرێم، كریستن ریتسچیر سەرۆكی تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد)، نوێنەری تیمی هەماهەنگیكاری نیشتمانی لەگەڵ تیمی یونیتاد (NCC) و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئامادە دەبن.
د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان و نوێنەری حكومەتی هەرێم لەم كۆبوونەوەدا رایگەیاند: دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەكی عێراق و سوریادا گرت، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەنگاوەكانی دەستپێكرد بۆ وشككردنی سەرچاوە داراییەكانی "داعش"، سەرەتا لە ساڵی 2015 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە (2199)ی دەركرد بۆ رێگا گرتن لە تەمویلی دارایی داعش و بەرەی نوسرە لە عێراق و سوریا.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە رۆڵی حكومەتی هەرێم لەو بوارەدا گوتی: حكومەتی هەرێم لە ماوەی نێوان ساڵانی  2014 تا 2020 لێكۆڵینەوەی زۆری ئەنجامداوە سەبارەت بە  سەرچاوە داراییەكان و تەمویل كردنی تیرۆریستانی داعش كە بەشێكی زۆری بریتی بوو لەو پارەیەی بەرامبەر بە رزگاركردنی ئەو كەسانە دەستی دەكەوت كە دەیڕفاندن. لەم كۆبوونەوەیەدا هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم دەخرێنە ڕوو، هاوكات باس لە میكانیزمەكانی ئاڵوگۆڕی زانیاری دەكرێ لەبارەی دیاریكردنی سەرچاوەكانی داهاتی داعش و ئەو لایەنانەی كە هاوكاریی داراییان كردووە بە ئامانجی دادگایی كردنیان.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لەبارەی هەنگاوەكانی داعش بۆ بەهێزكردنی سەرچاوە داراییەكانی گوتی: تیرۆریستانی داعش سوودیان لە لاوازی سیستمی بانكی و دارایی عێراق وەرگرت بۆ بەهێزكردنی سەرچاوە داراییەكانی بە هاوكاری ژمارەیەك كەس و كۆمپانیا و نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو كە لە دەرەوە پارەیان بۆ دەهات، بە رێگای جیاوازەوە زۆر جار لە عێراق دەنێردرایە دەرەوە دواتر دووبارە بە شێوازی جۆراوجۆر دەگەڕێندرایەوە ناوچەكانی ژێڕ دەستی داعش لە عێراق بەر لە رزگاركردنی ئەو ناوچانە.
 سەبارەت بە سەرچاوە داراییەكانی داعشیش گوتی:  داعش بەشێوازی جیاجیا داهاتی دەست دەكەوت لەوانە: بەقاچاخبردن و فرۆشتنی نەوت، شوێنەوار، سەپاندنی باج و گومرگ بەسەر هاووڵاتیان، ئازادكردنی دیل بە پارە، سەرچاوەی داهاتی ناوخۆیی ئەو شوێنانەی لەژێر دەستی بوون و دەستبەسەرداگرتنی بانكەكان، بەڵام دوای نەمانی دەسەڵاتی بەسەر شارەكاندا هەموو ئەو سەرچاوانەی لەدەستداوە كە پارەیان بۆ دەهێنایە ناوەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.