Erbil 15°C پێنجشەممە 25 نیسان 10:13

سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیان: هیچ كات سازش لە سەر بستێكی خاكی كەركووك ناكەین

کوردستان TV
100%

دكتۆر كەمال كەركووكی ،سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیان پەیامێكی بەبۆنەی نۆزدەیەمین ساڵیادی ڕزگاركردنی كەركووكی دڵی كوردستان لە ساڵی (2003) بڵاوكردۆتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی.. 
پەیامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیان، لە نۆزدەیەمین ساڵیادی ڕزگاركردنی كەركووكی دڵی كوردستان لە ساڵی (2003)
لە نۆزدەیەمین ساڵیادی ڕزگاركردنی كەركووكی دڵی كوردستان لە ( 10ی نیسانی 2003) هاوكات لەگەڵ یەك ڕۆژ پێش ڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس، لەم یادەدا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و شەهیدانی ئەنفال و پێشمەرگە قارەمانەكان و جەماوەری ستەمدیدە و خۆڕاگری كەركووك و دووزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی و گەرمیان و مەخمور و گشت كوردستانییان بە هەموو پێكهاتەكانەوە دەكەین و، ‌سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی سەركردەی نەتەوەییمان (بارزانیی نەمر) دادەنەوێنین و سڵاو لە ڕوحی پاكی ئەو سەركردە نەمرە دەكەین كە كەركووكی بە دڵی كوردستان ناونا.
لە (10ی نیسانی 2003) لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ پێش نۆزدە ساڵ شاری كەركووكی دڵی كوردستان بۆ دووەمین جار لە مێژووی پڕ خەبات و سەروەریی گەلەكەمان، كەركووك وەك سومبولێكی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی ئازاد كرا، كە پێش ئەو كاتە هاوپەیمانان بە پشتیوانی و هاوكاریی پێشمەرگە نەبەزەكان لە هەوڵی ڕزگاركردنی پارێزگای كەركووك بوون و پلان داندرابوو كە لە (15ی نیسانی 2003) كەركووك ڕزگار بكرێت. بە هیمەتی ڕێكخستنە نهێنییەكان و پێشمەرگە قارەمانەكانی لایەنە كوردستانییەكان بەتایبەت ڕێكخستنەكان و جەماوەر و پێشمەرگەكانی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی لەبننەهاتووی گەلی دڵسۆز و خوێنگەرمی شاری كەركووك، كەركوك و گشت قەزا و ناحیەكانی سەر بە كەركووكی دڵی كوردستان، لە (10ی نیسانی 2003) لە دەستی حوكمڕانیی دیكتاتۆریەتی عێراق ڕزگار كرا.
هەر بۆیە دەڵێین كەركووك بە دەستی كەركووكییە ڕەسەنەكان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە بێ هاوكاریی ڕاستەوخۆی هیچ هێزێكی دەرەكی ڕزگار كرا.
لە شۆڕش و ڕاپەرینەكان و قوربانیدانی خەڵكی سەربەرزی كوردستان هەر لە دەسپێكەوە بۆ ڕزگاركردنی تەواوی خاكی كوردستان لە دەستی داگیركەران لە دروشم و ئامانجەكانی وەكو پرنسیپ و هزری نەتەوەیی بە ڕابەرایەتیی باوكی ڕوحیی نەتەوەی كورد (بارزانیی نەمر) هەمیشە بۆ وەدیهێنانی تەواوی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان كەركووك وەك خاڵێكی یەكلاكەرەوە دانراوە لە شۆڕش و گفتوگۆكان لەگەڵ ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، هیچ كاتێك سازشی لە سەر نەدەكرد و پارتیمانیش لە سەر هەمان ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بەردەوام دەبێت و هیچ كات سازش لە سەر بستێك خاكی كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان و گشت كوردستان ناكەین.
بە داخەوە بە پیلان و هاوكاریی هێزی دەرەكی و خیانەتكارانی (16)ی ئوكتۆبەری ناو ڕیزەكانی یەكێتیی نیشتمانی و میلیشیای حەشد و بیر شۆڤینییەكانی ناو عێراق، لە خیانەتی (16ی ئۆكتۆبەری 2017) ئەم شارە بریندارە ڕزگاركراوە، جارێكی دیكە داگیركرایەوە و ئێستا هێزی نامۆ حوكمڕانیی ئەم شارە دەكەن، كە درێژەپێدەری هەمان عەقلیەتی بەعسن لە تەعریبكردن و گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ئەم شارە دێرینەی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە.
لەم یادە پیرۆزەدا جەماوەری سەربەرزی كەركووك و گشت كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە لەپێناو نەهێشتنی ئەو داگیركاری و تاوانانەی دەرهەق بە گەل و خاك و سامان و ئازادی ئەم شارە دەكرێت هەموو ڕێگایەك دەگرینەبەر و، لەپێناو گەڕانەوەی شكۆو سەقامگیری و پێكەوەژیانی ئاشتییانە بۆ تەواوی پێكهاتە ڕەسەنەكانی كەركووك هەموو هەوڵێك دەدەین.
سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدانی كورد و كوردستان و، گشت شەهیدانی ئەنفاڵ و سەروەریان (بارزانیی نەمر) و ، كاك ئدریسی هەمیشە زیندوو)
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەكان كە هەمیشە قەڵغان و بەرگریكار و داكۆكیكاری ڕاستەقینەی كوردستانن
دكتۆر كەمال كەركووكی 
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیان
10ی نیسانی 2022

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.