Erbil 15°C ھەینی 10 ئایار 15:10

un: داعش چەكی كیمیایی لە مووسڵ بەكارهێناوە

کوردستان TV
100%

رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە میانی كۆنترۆڵكردنی شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باكووری عێراق، گازی خەردەل-ی لە شارەكە بەكارهێناوە.
كریستیان ریچێر، سەرۆكی تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی "ئەلسەباح"ی نیمچە فەرمی عێراقی راگەیاندووە كە هەنگاوی باشیان لە لێكۆڵینەوەكان لە تاوانەكانی داعشدا ناوە و گوتی: "لە میانی لێكۆڵینەوەكاندا، ئەوەمان بۆ پشتڕاست بووەتەوە كە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش چەكی كیمیایی بە تایبەتیش گازی خەردەل كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی قەدەغەكراوە دژبە هاووڵاتییان لە شاری موسڵ بەكارهێناوە".
سەرۆكی تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش روونی كردووەتەوە كە داعش بە هەڕەمەكیی ئەو كارەی نەكردووە، بەڵكو لە رێگای كەسانی شارەزا و بە ئامێرەكانی زانكۆی مووسڵ، چەكی كیمیایی دروستكردووە و گوتی: "بەردەوامین لە لێكۆڵینەوەكان لە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە لە مووسڵ، ئەوەیش یەكێكە لە تاوانەكانی رێكخراوەكە.
گوتیشی: پاڵپشتی لەو لێكۆڵینەوانەیش دەكەین كە لەئێستادا دژبە تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك وڵات ئەنجام دەدەرێن، بۆ نموونە ئەو لێكۆڵینەوانەی كە بەم دواییانە لە ئەڵمانیا ئەنجام دران كە تیایدا تیرۆریستێكی داعش بە ئەنجامدانی كۆمەڵكوژیی، تاوانبار كرا.
سەرۆكی تیمی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش، كریستیان ریچێر ئاشكراشی كرد كە تیمەكانیان بە هاوكاری لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كار لەسەر بەدۆكۆمێنتكردنی ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە دەكەن كە تا ئێستا دۆزراونەتەوە كە ئەوەیش بەشێكە لە كۆكردنەوەی بەڵگەكان لەسەر تاوانەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.