Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 17:31

ئەندامێکی لیژنەی دارایی: لەمەودوا بەشەخۆراک دەبێتە مانگانە

کوردستان TV
100%


 ئەندامێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌ێنێت، ئێستا حکوومەت بودجەیەکی بۆ پەرلەمان ڕەوانە کردووە،کە بودجەی فریاکەوتنە و پشکی شێر بۆ خۆراکی مانگانە و کڕینی گەنمی جووتیاران دانراوە، چونکە بڕیار دراوە لەمەودوا نەک دوو مانگ جارێک، پێویستە هەموو مانگێک بەشەخۆراک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت، چونکە دۆخی خەڵک خراپە و کەلوپەلی خۆراکییش گرانە، بۆ ئەوەی هەرزانتر بێت و خەڵک بتوانێت ژیانی خۆی پێ بەڕێ بکات.

ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، ئێخلاس دلێمی، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: لەسەر بودجەی فریاکەوتنی عێراق بەردەوامین لە گفتوگۆ کە 25 ترلیۆن دینارە و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و ئێستا وەزیرە پەیوەندیدارەکان بانگهێشت دەکەین، وەکوو وەزیری دارایی و بارزگانی و ئەوانەی دیکە، بۆ ئەوەی بزانین هەریەکەیان چەند بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانیان.

ئێخلاس دلێمی ده‌شڵێت: لەو بودجەیە پشکی شێر بۆ بەشەخۆراکی مانگانە و کڕینی گەنمی جووتیاران دەبێت، کە لە هەردووکیشیدا پشکی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە بەپێی ئەو بودجەیەی دانراوە، مانگانە بێ دواکەوتن بەشەخۆراک دەدرێت، نەک وەکوو ئێستا بە دوو مانگ جارێک.

باسی لەوەش کردووه‌: ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن ژیانی خۆیانی پێ بەڕێوە ببەن، چونکە نرخی کەلوپەلی خۆراک گرانە و ئەگەر مانگانە خۆراک بێت، کاریگەری دەبێت و نرخەکەشی هەرزانتر دەبێت، بۆیە ئەو هەنگاوە دەنرێت.

 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.