Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 16:36

هەرێمی كوردستان بەشداری لە یەكەمین پیشانگای گەشتوگوزاری میزۆپۆتامیا لە دیاربەكر كرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ پێنجشه‌م شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی پارێزگاری هەولێر بەشداری لە یەكەمین پیشانگای گەشتوگوزار و چێشتلێنانی میزۆپۆتامیا كرد كە لە شاری دیاربەكر لە توركیا بەڕێوەچوو.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە وتەیەكدا سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی مەسڕوڕ بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی گەیاندە خەڵكی دیاربەكر و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی لێ كردن و هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكەدا .

ئاماژەی بەوەش كرد كه‌ گەشتوگوزار وەك یەكێك لە كایە گرنگەكانی ئابووری لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی لێ كراوەتەوە.

پارێزگاری هەولێر دووپاتی كردەوە كە زۆر گرنگە لەڕێگەی گەشتوگوزارەوە هەرێمی كوردستان ببێتە پردێك بۆ بەیەكگەیاندنی گەل و نەتەوەكانی ناوچەكە لە بارودۆخێكدا كە چەندین قەیرانی گەورە دەستی بەسەر جیهاندا گرتووە و ئەنجامدانی ئەم پیشانگایەی بە هەنگاوێكی گرنگ لە قەڵەم دا و بەڵێنی دا و بەهەموو توانایەكەوە پاڵپشتی ئەم پیشانگایە بكرێت.

ئاماژەی بەوەش كرد كه‌ هەولێر ئەمڕۆ بۆتە دەروازەیەك بۆ هەرێمی كوردستان و عیڕاق و ناوچەكە و دووپاتیشی كردەوە ئەمڕۆ هەولێر لە پێگەیەكی گرنگدایە، لە هەولێرەوە ئەمڕۆ گەورەترین و گرنگترین كۆمپانیای بەناوبانگ بەوپەڕی ئازادییەوە كارەكانیان ئەنجام دەدەن و هەزاران پڕۆژەی گەورەش ئەنجامدراون و هێشتاش پڕۆژەی دیكە بەڕێوەن سەرەڕای هەموو قەیرانەكان خۆشحاڵی خۆیشی بەوە نیشان دا كە بەشێكی زۆری كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیای توركین.

هەر لە وتەكەیدا پارێزگار والیی دیاربەكر و بەرپرسانی توركیای داوەتی یەكەمین پیشانگای گەشتوگوزاری دووقی سەردەمی كۆڕۆنا كرد كە بڕیارە لە 4 ی نیسانی 2022 لە هەولێر بەڕێوە بچێت داواشی لە والیی دیاربەكر كرد ڕێگەی ڕاستەوخۆی ئاسمانی نێوان هەولێر و دیاربەكر بكرێتەوە كە دەبێتە مایەی سوودی هەردوولا.

داواشی كرد وەبەرهێنەرانی توركیا سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنان وەربگرن لە هەرێمی كوردستان بە ڕەچاوكردنی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان و بەڵێنشی دا ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكرێت.

جێی باسه‌ ئەم پیشانگایە لەلایەن پارێزگا و سەرۆكایەتی شارەوانی دیاربەكر بە بەشداری چەندین وڵاتی ناوچەكە ڕێكخراوە و بڕیارە شاندی هەرێم چەندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی فەرمی ئەنجام بدات ئەمە جگە لە نیشاندانی پێشكەوتنەكانی كەرتی گەشتیاری لە هەولێر و شار و شارۆچكەكانی هەرێم و تیشكخستنە سەر باری ئارام و سەقامگیری كوردستان و هاندانی وەبەرهێنان لە هەرێم.

 

 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.