Erbil 15°C شەممە 04 ئایار 12:55

نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاو به‌ 118 دۆلار و 99 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كرا

کوردستان TV
100%

لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە 118 دۆلار و 99 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 21 ى  3 ى 2022، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە 116 دۆلار و 80 سەنت و رۆژەکەی بە 115 دۆلار و 62 سەنت تەواو کرد.

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ش 22 ى 3 ى 2022، نرخەکەی بە بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ بەڕێژەی لەسەدا 2،91 رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و بە 118 دۆلار و99 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لە ھەمانکاتدا یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI) بە 112 دۆلار و94 سەنت فرۆشرا.

بڵاوبوونەوەی بانگەشەکان لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ئابلۆقه‌ خستنه‌سه‌ر نەوتی رووسیا لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا کاریگەری کردە سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.

دوێنی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەرورووپا کۆبووەوە، دوا بەدوای کۆبوونەوەکەش لە میدیاکانی ئەورووپا هەوڵی جێبەجێ کردنی بڕیاری بەربەندی کردنی نەوت دژی رووسیا لەلایەن وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بڵاوبوویەوە.

بۆڕێڵ ئاشکرای کرد سزا و گەمارۆکانی سەر رووسیا بەردەوامییان دەبێت، بەڵام لەم هەفتەیەدا بەنیاز نین هیچ پاکێجێکی سزا دژی رووسیا بخەنە بواری جێبەجێکردن.

لە لایەکی دیکەوە، هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەلایەن حووسییەکانەوە نیگەرانیەکانی لەبارەی خستنەڕووی نەوت زیادکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.

دوێنێی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیاندراوێکی فەرمیدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌، سعوودیە بەرپرس نییە لە زیادبوونی نیگەرانییەکانی لەبارەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان.

ئەو راگەیاندراوەی دوێنێی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە دوای ئەوە دێت کە ئاستی خستنەڕووی نەوتی سعوودیە بەهۆی هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن حووسییەکانەوە، کەمیکردووە، کە ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی نەوت لە جیهاندا.

باس لەوەش دەکرێت كه‌، رەنگە لە رووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان 119 دۆلار و 48 سەنت بۆ 121دۆلار و 86 سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان 117 دۆلار و 10 سەنت بۆ 114 دۆلار و 72 سەنت بمێنێتەوە.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.