کونسوڵی گشتیی کۆماری پۆڵەندا سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتییەوە پێشوازیی لێ کرا. بەڕێز دۆمینیک موشیال، کونسوڵی گشتیی پۆڵەندا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە سەرکۆنەکردنی هێرشی سەر هەولێر لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دووپات کردەوە و گوتی، ئەوە دژی هەموو بنەماکانی دراوسێیەتی و یاسای نێودەوڵەتی و دیپلۆماسییە و نابێت دووبارە ببێتەوە و هەر نیگەرانییەک هەیە پێویستە لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت، نەک پەنا بۆ هێرشی مووشەکی ببرێت، بەتایبەتی بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان.
هۆشیار سیوەیلی سوپاسی هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگشتی و بەتایبەتی پۆڵەندای کرد لە کاتی ئەو هێرشە ناڕەوایە بۆ سەر خەڵکی سڤیڵی شاری هەولێر و گوتیشی: پێمان وایە ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر سەروەریی عێراق و هەرێم و پەیام و هەڕەشەی سیاسییە نەک ئەوەی ئەوان ئیدعای بۆ دەکەن. فەرموو بێنە هەولێر و لێکۆڵینەوە بکەن و ڕاستی و دروستیی ئەو ناحەقییە ببینن کە بەرانبەر بە حکوومەتی هەرێم و سەروەریی کوردستان و عێراق کراوە. بەردەوامیی ئەو کردەوانە دەبێتە مایەی ئاڵۆزیی زیاتر لە ناوچەکەدا کە ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستمان بە هاوکاری و هەماهەنگی هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەست و گرفتەکاندا.
دەربارەری پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی فێدراڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق ڕێز لە خواست و ئیرادەی دەنگدەرانی عێراق بگرن بۆ پێکهێنانی حکوومەت و گوتیشی: پێویستە حکوومەتی داهاتووی فیدراڵ، حکوومەتێکی خزمەتگوزار و بەهێز بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەریی عێراق.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان پەیوەندیدار بوون بە دواین پێشهات و گۆڕانکارییەکان و بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیهان کە کاریگەرییان لەسەر هەردوو لا هەیە. هەر لەو دیدارەدا باس لە هەمانگیی زیاتر کرا بۆ هاوکاریی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە ئۆکراینا و پۆڵەندا و وڵاتانی دیکەن بە ئامانجی سەلامەتی و گەڕانەوەیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.