Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 23:47

بەردى بناغەى پەیکەرى شەهید خەجە باوە له‌ هه‌ولێر دانرا

کوردستان TV
100%

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی لە ڕۆژی ئازادكردنی شاری هه‌ولێر و له‌ چوارچێوەى چالاكییه‌كانى 12هه‌مین فیستیڤاڵى ئازادى و نەورۆز لە ڕێورەسمێکدا بەردى بناغەى پەیکەرى شەهید ''خەجە باوە'' له ‌پاركى شار له‌ شاری هه‌ولێر دانرا.

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ هەینى لە یادی (31) ساڵەی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی شارى هەولێر و لە چوارچێوەى چالاكییه‌كانى 12هه‌مین فیستیڤاڵى ئازادى و نەورۆز، لەژێر چاودێرى و ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە ڕێورەسمێکدا بەردى بناغەى پەیکەرى شەهید ''خەجە باوە'' له ‌پاركى شار دانرا و هەروەها ئاڵاى کوردستان لەلایەن کوڕی شەھید نەفۆ کە لە گوندى خدرجیجە شەھید بوو هەڵکرا.

لە ڕێورەسمەکەدا پارێزگارى هەولێر ئاماژەى بە ڕۆڵ و قارمانییەتى شەهید ''خەجە باوە'' دا لە ڕۆژى ڕاپەرینى جەماوەرى خەڵکى شارى هەولێر و تیشکى خستەسەر ئەوەى کە ئەو ئافرەتە قارەمانە بوو بە سیمبولى ڕاپەرینى شارى هەولێر و بگرە هی تەواوی کوردستان.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر ڕاشیگەیاند: یەکەم چالاکی 12هەمین فیستیڤاڵى ئازادى و نەورۆز بە دانانی بەردی بناغەی پەیکەری شەهید (خەجە باوە) دەست پێ دەکەین کە یەکێک بوو لە ژنە تێکۆشەرەکانی هەولێر و کوردستان، وەک سیمبولی قارەمانیی ژنانی کورد کە لە راپەڕینی 1991ی گەلی کوردستان لە هەولێر شەهیدبوو".

شەهید خــەدیجە ئەحمەد بـــاوە ناسراو بە (خەجە باوە) لەدایکبووی 1945 لە گوندی مەلاقەرەی سەر بە ناحییەی دیبەگەیە و لەپێناو سەرخستنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا باوک و چەندین کەس و ئامۆزایەکی شەهید بوون.

خەجە باوەی قارەمان و بوێر کە ئازایەتی و ورەبەرزی لە باوک و کەسوکارە شۆڕشگێڕەکەیەوە وەرگرتبوو، لە ڕۆژی 11ی ئاداری 1991 بووە پێشەنگی جەماوەری ڕاپەڕیوی هەولێر و بە دروشمەکانی، جەماوەری لەدژی ڕژێم هان دا، شوێنی شەهیدبوونەکەیشی نزیک دائیرەی ئەمنی پێشووە کە ئێستا بووەتە ئەنجوومەنی وەزیران، بە گوتەی شایەتحاڵانیش ئەگەر شەهید خەجە باوە نەبووایە ژمارەیەک خۆپێشاندەر لەو شوێنە شەهید دەبوون.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.