Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 20:51

لقی 2ی پارتی: ئه‌مڕۆ یادی دوو ڕووداوی مه‌زن ده‌كه‌ینه‌وه‌

کوردستان TV
100%

لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ لە مێژووی پڕ لەشانازی و سەروەری نەتەوەکەماندا یادی دوو ڕووداوی مەزن دەکەینەوە ئه‌وانیش بریتین له‌ ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری ساڵی 1970 و ڕاپەڕینی خەڵکی قارەمان و نیشتمانپەروەری شاری هەولێری دوژمنبەزێن.

لقی دوو له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند: ڕێککەوتننامەی یازدەی ئادار بە چۆکداهێنانی سەرسەختترین دوژمنی کورد و کوردستان بوو، سەرکەوتنی حیکمەت و لێزانی ڕابەری نەتەوە مستەفا بارزانی و ئیرادە و خۆڕاگری پێشمەرگە و خەڵک بوو لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادی.

ڕاشیگه‌یاند: هاوکات ئەمڕۆ یادی ڕاپەڕینی شکۆداری هەولێری دوژمن بەزێن دەکەینەوە کە لە 11 ئاداری 1991 بە بەرزی باڵای منارە و شکۆی قەڵاوە هاواریان بۆ ئازادی هەڵبڕی، لەو ڕۆژەدا ئیرادە و هەڵمەتی کوڕان و کچانی هەولێر ئاوێتەی هێز و ورەی پێشمەرگەبوون و کەرنەڤاڵی ئازادی و سەربەستیان نەخشاند.

ده‌قی په‌یامی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان:-

ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری ساڵی 1970 بەچۆکداهێنانی سەرسەختترین دوژمنی کورد و کوردستان بوو، سەرکەوتنی حیکمەت و لێزانی ڕابەری نەتەوە مستەفا بارزانی و ئیرادە و خۆڕاگری پێشمەرگە و خەڵک بوو لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و ئازادی.

ڕێککەوتننامەی (11 ئاداری 1970) کەبەر لە 52 ساڵ لەنێوان حکوومەتی عێراق و سەرکردایەتی سیاسی کورد بەڕابەرایەتی بارزانی نەمر واژوو کرا، بەرهەمی ساڵەهای ساڵی تێکۆشان و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بوو، ڕووداوێکی مێژوویی گرینگ بوو لەپێناو چەسپاندنی دیموکراسی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

ڕێککەوتننامەکە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی سەنگین و دەسکەوتێکی دیکەی گرینگی کورد و پارتیمان بوو بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر بۆ پێداگرتن و خەباتکردنی بێوچان لەپێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانمان، ئەو ڕێککەوتننامەیە زەمینەیەکی لەباری بۆ ئاشتەوایی و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک و ئاوەدانکردنەوە ڕەخساند کە ئەوەش دەلالەتی حیکمەت و وردبینی و پلانڕێژی بارزانی نەمر و سەرکردایەتی پارتی بوو کە بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە حکوومەتی عێراقی ناچاری ملکەچکردن کرد بۆ داوا و مافە ڕەواکانی گەلی کورد و بزووتنەوە ڕزگاری خوازەکەی، لەلایەکی دیکە سەرکەوتنی ئیرادەی ئاشتیخوازی و ژیاندۆستی و لاشەڕی کوردستانیان بوو بەسەر بیری شەڕانگێزی و هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردن و بەپاشکۆکردنی کورد.

لەو ساڵیادە مەزنەدا بە شانازییەوە ڕۆڵی بەرز و حەکیمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ دێنینەوە بیر کە لەژێر ڕێنمایی و چاودێری بارزانی نەمردا توانیان لێزانانە نوێنەرایەتی گەلەکەمان بکەن لە گفتوگۆ و دانوستانەکاندا تا گەیشتن بەو ڕێککەوتننامەیە کە بەیەکەم بەڵگەنامەی مێژوویی دانپێدانراو دادەنرێ بۆ سەلماندنی مافە نەتەوەییەکانمان و بناغەی ئەو دەسکەوتانەیە کە ئەمڕۆ هەمانە.

هاوکات ئەمڕۆ یادی ڕاپەڕینی شکۆداری هەولێری دوژمنبەزێن دەکەینەوە کە لە 11 ئاداری 1991 بە بەرزی باڵای منارە و شکۆی قەڵاوە هاواریان بۆ ئازادی هەڵبڕی، لەو ڕۆژەدا ئیرادە و هەڵمەتی کوڕان و کچانی هەولێر ئاوێتەی هێز و ورەی پێشمەرگەبوون و کەرنەڤاڵی ئازادی و سەربەستیان نەخشاند.

کە هەولێر ڕاپەڕی دوژمن بەیەکجاری چۆکی شکا و لەبەردەم خەڵک و پێشمەرگەدا ملی کەچ کرد، بەپلانداڕێژی و سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی لەماوەیەکی کورتدا شاری هەولێر بەتەواوی ئازادکرا و جەماوەر و پێشمەرگە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.

ڕاپەڕینی هەولێرییەکان و ئازادکردنی هەولێر لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەشدا دەنگدانەوەیەکی بەهێزی هەبوو کە بووە هۆی سەرکەوتنی یەکجاری گەلەکەمان و وەدەرنانی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس بەتەواوی و گەیشتنی ڕاپەڕین بە قۆناغێکی گرینگ.

یادی شکۆداری ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 و ڕاپەڕینی هەولێری دوژمنبەزێن لە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتی و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشکەونخواز و سەجەم تێکۆشەرانی گەلەکەمان پیرۆز دەکەین.

رووحی شەهیدە سەربەرزەکانمان شاد، حورمەت بۆ کەسوکار و خانەوادە بەڕێزەکانیان دەنێرین.

بەڵێنی بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی بارزانی ڕابەر و جەخت لە پڕەنسیپەکانی ڕاپەڕین و پارێزگاری لە نیشتمان و دەستکەوتەکانمان دەکەینەوە.

لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان

2022/3/11

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.