Erbil 15°C پێنجشەممە 02 ئایار 13:53

15 ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی دیکتاتۆر سەدام حوسێن تێپەڕ دەبێت

کوردستان TV
100%

سبەی 30 کانوونی یەکەمی 2021 ، 15 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر لە سێدارەدانی دیکتاتۆر سەدام حوسێن سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سەرۆکی ڕژێمی بەعس.

 

وەرگرتنی دەسەڵات

سەدام حوسێن سەرۆکی ڕژێمی بەعس، دیکتاتۆرێکی فاشی و خوێن ڕێژێکی گەورە بوو و بڕیار بەدەستی یەکەمی سەرجەم تاوانەکان بوو لە عێراق، بکوژی سەدان هەزار هاووڵاتی عێراق بوو، بەفەرمانێکی ئەو سوپا و ئەمن و هەواڵگری و هێزەکانی ناوخۆ دەجوڵان و لارییان نەبووە هەموو گەلی عێراق خەڵتانی خوێن بکەن و تاک بەتاکی بکوژن، بێگومان هەر بەبریارێکی ئەویش لە توانادا هەبوو هەموو زیندانیان و بێ سەروشوێنکراوان و زیندانیانی سیاسی و مەدەنی ئازادببن و ژیانێکی ئاسایی بژین.

لە ساڵی 1976 سەدام پۆستی جەنەڕالیی گشتیی لە سوپای عێراقی وەرگرت، بەمەش دەسەڵاتێکی باڵای ھەبوو لە ناو حکوومەت، دوای بەساڵاچوونی ئەحمەد حەسەن بەکر کە نەیدەتوانی کارەکان بەباشی ڕایی بکات، ئەوا بە بەردەوامی دەسەڵاتەکانی سەدام زیادیان دەکرد لە بەڕێوەبردنی حکوومەت لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، بەزوویی سەدام بووە ئەندازیاری پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق لە پرسە دیپلۆماتییەکان و بەشێوەی نافەرمی و حووکمی زاتی دەسەڵاتی خۆی لە عێراق بەگەڕخستبوو تا ساڵی 1979 لەژێر فشار وایکرد ئەحمەد حەسەن بەکر دەست لە کارەکانی بکێشێتەوە و بەفەرمی بووە سەرۆکی عێراق.

سەرهەڵدانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران

دوای گرتنە دەسەڵاتی ئێران لەلایەن خومەینی ئەوا ناکۆکی کەوتە نێوان عێراق و ئێران، دواتر عێراق خۆی لە جەنگێکی درێژخایەن دۆزییەوە کە لە سەدەی بیستەم وێنەی نەبوو لەڕووی درێژی ماوەکەی بۆ 8 ساڵ بەردەوام بوو.

لەئەنجامی ئەو جەنگەدا ھەردوو وڵات بە سەدان ھەزار سەربازیان لەدەستدا، ھەروەھا بە نزیکەی ملیۆنێک کەس کوژران، ئێران و عێراق ھیچیان بەو دەستکەوتانە نەگەیشتن کە لە سەرەتای جەنگەکە پلانیان بۆی دانابوو.

داگیرکردنی کوێت

دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی ئێران-عێراق، ئەوا عێراق چاوی کەوتە سەر کوێتی ھاوسنووری و سەدام داوای لە کوێت کرد کە لە قەرزی جەنگەکەی خۆشبێت کە دەیکردە نزیکەی 30 میلیار دۆلار، بەڵام کوێت ڕەتی کردەوە و سەدام ھەناردەی نەوتی کەمکردەوە بۆ ئەوەی نرخی نەوت بەرزبێتەوە، بەڵام کوێت ڕەتی کردەوە ھەمان کار بکات، لە ساڵی 1990 سەدام کوێتی داگیرکرد کە ئەوکاتە خۆی داوای ھاوکاری لە وڵاتانی کەنداو دەکرد تا عێراق ڕێگری بکات لە داگیرکردنیان، بەڵام خۆی ھەمان شتی کردەوە لە داگیرکردنی کوێت، تا لە ساڵی 1991،  ھاوپەیمانییەکی نەتەوەیەکگرتووەکان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا کوێتی لە سەربازە عێراقییەکان ڕاماڵی.

کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن بەرامبەر کورد

 کارەساتى ئەنفال یەکێکە لەهەرە دڕندانەترین پڕۆسەى سەربازى کە لە ساڵى 1986 دەستی پێ کرد و لە 1989 کۆتایی پێهات، لەلایەن ڕژێمى پێشووى بەعس ئەنجامى دا بەرامبەر بە کورد، ئەنفال پڕۆسەیەکى سەربازى بوو، بە شەش قۆناغ تەواو بوو، کە تێیدا نزیکەی 182  هەزار کەس ئەنفال کران، هەروەها لە 16ی ئازاری 1988 عێراق بە چەکی کیمیایی ھێرشی کردە سەر هەڵەبجە، لە ئەنجامدا 5 هەزار ھاووڵاتی سڤیلی بەماوەیەکی کورت کوشت، ئەمەش جگە لەوەی کە کاریگەری گازەکە لەسەر ژیانی 10 ھەزار کەس مایەوە، ئەمانە و چەندین تاوانی تری سەدام دەرحەق بە کورد لە مێژوودا تۆمار کراون.

گرتن و لە سێدارەدانی سەدام

لە 13ی کانوونی یەکەمی 2003 لە ئۆپەڕاسیۆنی بەرەبەیانی سوور سەدام حوسێن لەلایەن ھێزەکانی ئەمریکا گیرا، ئەمەش لەدوای دۆزینەوەی لەناو چاڵێکی نزیک کێڵگەیەک بوو لە نزیک تکریت، دوای دەستگیرکردنی گواسترایەوە بۆ بنکەی ئەمریکییەکان لە نزیک تکریت، دواتریش برایە بنکەی ئەمریکییەکان لەنزیک بەغدا.

هەروەها لە 5ی تشرینی دووەمی 2006 سەدام حوسێن تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەسەردا ساغ بوویەوە حووکمی لەسێدارەدانی تا مردنی بۆ دەرچوو، لە 30 کانوونی یەکەمی 2006 بڕیاری لە سێدارەدانی جێبەجێ کرا. 

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.