Erbil 15°C سێشەممە 02 تەمووز 08:26

ڤیزا و ماستەرکارت کارەکانیان لە رووسیا هەڵپەسارد

کوردستان TV
100%


 ئەو ڤیزا و ماستەرکارتانەی لەلایەن دامەزراوە داراییەکانی دەرەوەی رووسیا دابینکراون، چیتر لە رووسیا کار ناکەن.

کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری دارایی ڤیزا و ماستەرکارت کە ناوەندەکەیان لە ئەمریکایە، هەڵپەساردنی کارەکانیان لە رووسیا راگەیاند.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ڤیزاوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە کۆمپانیاکە لەگەڵ کڕیار و هاوبەشەکانی لە رووسیا کاردەکات بەمەبەستی راگرتنی هەموو کارەکانی لە رۆژانی داهاتوودا.

لە کاتی تەواو بوونی ئەو پرۆسەیەدا، کارپێکردن بەو کارتانەی لە رووسیا دراون لە دەرەوەی وڵاتەکە کار ناکەن، ئەو ڤیزا کارتانەشی لەلایەن دامەزراوە داراییەکانی دەرەوەی رووسیاوە دابینکراون لە رووسیادا کار ناکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا لێدوانی بەڕێوەبەری باڵای ڤیزا، ئال کیلی خراوەتەڕوو کە باس لەوە دەکات دوای داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە بەبێ هۆ و روودانی ئەو رووداوانەی جێی قبوڵ نین، ناچار بوون رێوشوێن بگرنەبەر.

گوتیشی: نیگەرانین کە ئەوە رێکارە کاریگەریی دەبێت لەسەر کڕیاران، هاوبەشان، بازرگانان و خاوەن کارتەکان کە لە رووسیا خزمەتگوزارییەکەیان بۆ دابین دەکەین. ئەم جەنگ و هەڕەشەیەی لەسەر ئاشتیی و سەقامگیری دروست بووە پێویستی کردووە لە ژێر رۆشنایی بەهاکانماندا وەڵامی بدەینەوە.

هەروەها لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن ماستەرکارتەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە بە لەبەرچاوگرتنی رەهەندەکانی ئەو پێکدادانە بێ وێنەیەی هەیە و رەوشی نادیاری ئابووریی، بڕیاردرا بە هەڵپەساردنی خزمەتگوزارییەکان لە رووسیا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەو کارتانەی لەلایەن بانکەکانی رووسیاوە دراون چیتر لەلایەن تۆڕی ماستەرکارتەوە پشتیوانی ناکرێن. هەر ماستەرکارتێک لە دەرەوەی وڵاتەکە درابێت لە بانکەکانی رووسیا یان ئامێرەکانی راکێشانی پارەدا کار ناکەن.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.