بنکەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سۆران ڕایگەیاند، 2 کەسیان دەستگیر کردووە کە دەستیان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ماددەى هۆشبەر و بەکارهێنانی.
لە ڕاگەیەنراوی ئەو بنکەیەدا هاتووە "لە بەردەوامى کار و چالاکیەکانماندا، لە ڕێکەوتى 2022/3/4 هێزەکانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران لە شارۆچکەى خەلیفان توانیان بە پێى ماددەى 25 ی ماددە هۆشبەرەکان دوو کەس دەستگیر بکەن کە دەستیان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی ماددەى هۆشبەر و بەکارهێنانی."
هەروەها ڕایگەیاند: لەو هەڵمەتەدا توانرا دەست بەسەر بڕى 90 گرام ماددەى هۆشبەرى جۆرى هیرۆیین، بڕى 35 گرام شیشە، 10 گرام حەشیش، بڕێکى کەم تلیاک، 22 دانە حەبى هۆشبەر، 7 دانە وەرەقەى ئەلەمنیۆمى ئامادە کراو بۆ بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر کە ماددەى هۆشبەرى لەسەر بووە، لەگەڵ کەلوپەلى بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر و یەک دانە تەرازووى دجیتالى.
ئاماژەی بەوەشدا کە تۆمەتبارەکان بەپێی ماددە ( 25 ) لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.