Erbil 15°C سێشەممە 02 تەمووز 08:13

سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک: ڕاپەڕین بووە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بەشێک لە مافەکانی بەدەست بهێنێت

کوردستان TV
100%


ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان ئەمڕۆ شەممە پەیامێکی بە بۆنەی 31ەین ساڵیادی ڕاپەڕینی بەهاری 1991 بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕاپەڕینە مەزنە بووە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بتوانێت بەشێک لە مافە ڕەواکانی بەدەست بهێنێت و بتوانێت لە ژێر ناوی فیدڕالیەت فەرمانڕەوایی خۆی بکات.

لە ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە "ئەو ڕاپەرینە جەماوەرییەی خەڵکی خۆڕاگر و شۆڕشگێری گەلێک بوو کە هەمیشە باوەڕ و متمانەی تەواویان بە خۆیان و بە پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەبووو بۆیە لە کاتێک کە بارودۆخی خودی و مەوزوعی لە عێراق تا ڕادەیەک هاتە کایەوە، پێشمەرگە قارەمانەکان و جەماوەر بە یەکگرتوویی هەڵمەتی ڕاپەرینیان لە (5)ی ئاداری ساڵی 1991 لە تەواوی باشووری کوردستان دەست پێ کرد بۆ ڕزگاری خاک و خەڵکی کوردستان بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە."

دەقی پەیامەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک-گەرمیان:-

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە (31)مین ساڵیادی ڕاپەرینی بەهاری 1991

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زندوو

ئەمڕۆ سی و یەک ساڵ بەسەر وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشان و شۆڕش و قوربانیدانی گەلی سەربەزی کوردستاندا تێدەپەڕێت ئەویش ڕاپەرینی شکۆداری خەڵکی کوردستانە لە بەهاری 1991.

ئەو ڕاپەرینە مەزنە لە کاتێکدا بوو کە ستەم و جینۆسایدەکانی رژێمی بەعسی ڕووخاو بەرانبەر بە گەلەکەمان گەیشتە لووتکە کە تێیدا هەموو جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانەوە  ئامادەیی تەواویان هەبوو بۆ گیانفیداکاری لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی رژێمی سەدامی گۆڕ بەگوڕ لەپێناو ڕزگاری و ئازادی و گەیشتن بە تەواوی مافە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانمان.

ئەو ڕاپەرینە جەماوەرییەی خەڵکی خۆڕاگر و شۆڕشگێری گەلێک بوو کە هەمیشە باوەڕ و متمانەی تەواویان بە خۆیان و بە پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان هەبوو بۆیە لە کاتێک کە بارودۆخی خودی و مەوزوعی لە عێراق تا ڕادەیەک هاتە کایەوە، پێشمەرگە قارەمانەکان و جەماوەر بە یەکگرتوویی هەڵمەتی ڕاپەرینیان لە (5)ی ئاداری ساڵی 1991 لە تەواوی باشووری کوردستان دەست پێکرد بۆ ڕزگاری خاک و خەڵکی کوردستان بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە.

ئەو ڕاپەڕینە مەزنە بووە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان بتوانێت بەشێک لە مافە ڕەواکانی بەدەست بهێنێت و بتوانێت لە ژێر ناوی فیدرالیەت فەرمانڕەوایی خۆی بکات.

لە کاتێکدا یادی ئەم ڕاپەرینی مەزنی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە  دەبینین هەندێک لە عەقڵیەتی دەسەڵاتداران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و تاقمە خیانەتکارەکەی 16-ی ئوکتۆبەری 2017 هیچ سوودیان لە ڕابردوو و ئەزموون و شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان نەبینیوە و بە هەمان هزری شۆڤێنیی رژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو و خولامێتیی پیلان و شەڕانگێزیی دژ بە گەلەکەمان و هەرێمی کوردستان دادەڕێژن ئەو گەلەی لەپێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی دەیان هەزاری لە ڕۆڵەکانی کردووەتە قوربانی و بەدڵنییاوە ئەو جۆرە پلان و پیلانانە بێ ئاکام و پووچەڵ دەبنەوە و گەلی سەربەرزی کوردستان  دەگاتە دوا ئامانجەکانی.

لە سی و یەکەمین ساڵیادی ڕاپەرینی پڕ شکۆی کوردستاندا بە ناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانەوە پیرۆزبایی گەرم لە جەماوەری سەربڵندی کوردستان و ڕێزدار جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین.

سەری ڕێز و نوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرین و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی ئەنفال دادەنوێنین

سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

دکتۆر کەمال کەرکووکی

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان

2022/3/5

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.