Erbil 15°C سێشەممە 02 تەمووز 08:05

پنتاگۆن: لە نزیکەوە چاودێری هێزی ئەتۆمی رووسیا دەکه‌ین

کوردستان TV
100%


گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، جۆن کێربی ئاشکرای کرد لەو کاتەوەی سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین داوای لە سەرجەم هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی و هێزی بەرپەرچدانەوەی ئەتۆمیی كردووە لە دەریای رەش بكەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هیچ جموجۆڵێکیان لە هێزەکان، بەدی نەکردووە.

جۆن کێربی لە میانی گوتارێکیدا بۆ میدیاکان لە بارەی جێگیرکردنی هێزەکانی رووسیا لە دەریای رەش گوتی: رۆژانە لە نزیکەوە چاودێری رەوشەکە دەکەین، هیچ جموجۆڵێکمان لە هێزە ئەتۆمییە ستراتیجییەکانی رووسیا بەدی نەکردووە.

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لە 27ی شوبات فەرمانی "خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕی تایبەت"ی بە سوپای وڵاتەکەی دابوو.

دوا بەدوای ئەم فەرمانەی ڤلادیمیر پوتین، بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن رایگەیاند، سەرکردە رووسیەکە لە قسەکانیدا ئاماژەی بە خستنە ئامادەباشی هێزی ئەتۆمیشی کردووە، بۆیە لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەیان دەستی پێ کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، جۆن کێربی لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی هیچ جموجۆڵیان بە ئاراستەی شاری ئۆدێسا بەدی کردووە یان نا، گوتی: "لە بەیانییەوە چاودێری رەوشەکە دەکەین هیچ جموجۆڵێکی هێزەکانی رووسیامان بە ئاراستەی ئۆدیسا بەدی نەکردووە.

جۆن کێربی ئاماژەی بەوە کرد ئەوە بەو واتایە نایەت لە ماوەیەکی کورتدا هیچ هێرشێک بۆسەر ئۆدیسا دەست پێ ناکات و گوتی: بەرەوپێشچوونی هێزەکانی رووسیا بۆ خۆرئاوای خیرسۆن بۆی هەیە ئاماژەیەک بێت کە رووسیا پلانی ئەوەی هەبێت لە ئاراستەی باکووری خۆرهەڵاتەوە هێرش بۆسەر ئۆدیسا رێکبخات، بەڵام هێشتا دڵنیا نین رووسیا بەنیازە چۆن دەست بە جوڵە بکات.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، جۆن کێربی لەبارەی ئەو پێکدادانەی لە ناوچەی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژییا روویاندا گوتی: رووسیا دەیەوێت بە زەبری هێزی سەربازیی وێستگە ئەتۆمییەکان بخاتە ژێرکۆنترۆڵی خۆی. نازانین هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی وێستگەکە چ شتێک بوو. راستە پێکدادان لە ناوچەکەدا هەبوو. چەکی قورس بەکارهێنرا و هێزەکانی رووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو وێستگەیە هێرشیان دەست پێ کردبوو.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.