Erbil 15°C یەکشەممە 30 حوزەیران 09:38

نێچیرڤان بارزانی: ڕاپەڕینى شكۆدارى ئازاری1991 ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری بوو

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی،  له‌ ساڵیادی راپه‌ڕینی 1991ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كوردستانیان، به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان كرد.
ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: 
یادى 31 ساڵه‌ى ڕاپەڕینى شكۆدارى ئازاری 1991، به‌ گەرمى لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هه‌موو کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان پیرۆز دەکەم.
ڕاپەڕین دەربڕی خواست و باوەڕ و ئیرادەی پته‌وى گەلی کوردستان بوو له‌پێناو ژیان و داهاتوویه‌كى باشترى ئازاد و سەرفراز و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداریدا. بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و گه‌ل و جه‌ماوه‌رى ڕاپه‌ڕیو و یه‌كڕیزیى لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی کوردستان بوو.
ڕاپەڕین دەروازەی واڵای گەلی کوردستان بوو بۆ قۆناغی نوێی خۆبەڕێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە شەرعی و فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان کە پاش ئازادیی عیراق لە دەستووردا جێگیر کران، لە نێوخۆ و دنیای دەرەوەشدا بە فەرمی ناسران و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
له‌م یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پاراستنی ئازادى و ده‌سكه‌وته‌كانى ڕاپه‌ڕین و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شى هەموو کوردستانییانە و وەفادارییە بۆ گیانی پاکی شەهیدان و هەموو قوربانیانی ڕێگای ئازادى.
با ئه‌م یاده‌ هانده‌رمان بێت بۆ پته‌وكردنى زیاترى گیانى ته‌بایى، پێكه‌وه‌یى، یه‌كڕیزى و قووڵكردنه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌یى و كاركردن له‌پێناو ئه‌و ئامانجانه‌دا كه‌ شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕین و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان گیانیان له‌سه‌ر دانا.
وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پابه‌ندیمان به‌ ئامانجه‌كانى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، به‌ هیوا و ئومێد، به‌ بڕوا و گه‌شبینییه‌وه‌ بۆ داهاتوویه‌كى باشتر ده‌ڕوانین و به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادى شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕین و ته‌واوى شه‌هیدانى کوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2022/3/5

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.