Erbil 15°C یەکشەممە 30 حوزەیران 09:03

گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا کۆتایی ھات

کوردستان TV
100%

 لە میانی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا-رووسیادا، لایەنەکان لەسەر درووستکردنی رێرەوێکی مرۆیی ھاوبەش بۆ دەربازکردنی خەڵکی مەدەنی گەیشتنە لێکتێگەیشتن. هه‌روه‌ها رێککەوتن لەسەر ئەوەش كه‌ ئاگربەستێکی کاتیی لەو ناوچانە رابگەیه‌ندرێت کە مەدەنییەکان تێیدا دەرباز دەکرێن.

شاندەکانی ئۆکراینا-رووسیا، لەسەر بەرپاکردنی ئاگربەستی کاتی بۆ دەربازکردنی مەدەنییەکان لەو ناوچانەی ئۆکراینا کە دەکەوێتە ژێر ھێرشی رووسیا رێککەوتن.

گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان شاندی رووسیا و ئۆکراینا، کە لە ناوچەی دارستانی بیلۆڤیژیسکی سەر بە شاری برێست-ی بێلاڕووس کە ھاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراینا و پۆڵەندا، به‌ڕێوه‌چوو، کۆتایی ھات. لایەنەکان بڕیاریاندا بەردەوامی بە دانوستانەکانی نێوانیان بدەن.

ئەوە راگەیەندرا لە میانی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا-رووسیادا، لایەنەکان لەسەر درووستکردنی رێرەوێکی مرۆیی ھاوبەش بۆ دەربازکردنی خەڵکی مەدەنی گەیشتنە لێکتێگەیشتن. هه‌روه‌ها رێککەوتن لەسەر ئەوەش كه‌ ئاگربەستێکی کاتیی لەو ناوچانە رابگەیه‌ندرێت کە مەدەنییەکان تێیدا دەرباز دەکرێن.

جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی دەوڵەتی ئۆکراینا، میخائیل پۆدۆڵیاک، کە سەرۆکایەتی شاندی ئۆکراینای دەکرد، لە روونکردنەوەیەکیدا لە کۆتایی کۆبوونەوەکان ئاماژەی بەوە کرد کە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کۆتایی ھاتووە و گوتی: بەداخەوە، ئەو ئەنجامەمان بەدەست نەھێنا کە چاوەڕوانمان دەکرد. تاکە شت کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە زۆر بە وردی گەنگەشەی رەھەندی مرۆییمان کرد. چونکە لە ئێستادا چەندین شار گەمارۆ دراون و دۆخێکی ترسناک لە کەمی خۆراک، دەرمان و دەربازکردن لە ئارادایە.

- کۆبوونەوەکان لە نزیکترین کاتدا بەردەوام دەبن

میخائیل پۆدۆڵیاک راشیگەیاند لەگەڵ لایەنی رووسی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە نزیکترین کاتدا و گوتی: "لایەنەکان گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک لەسەر دابینکردنی رێڕەوێکی مرۆیی ھاوبەش بۆ دەربازکردنی مەدەنییەکان. جگە لەوە رێککەوتوون لەسەر راگەیاندنی ئاگربەستی کاتیی لەو شوێنانەی کە پێکدادانی قورسی تێدایە بە مەبەستی گەیاندنی دەرمان و خۆراک بەو ناوچانەی کە پرۆسه‌ی دەربازکردن تێیدا ئەنجامدەدرێت".

میخائیل پۆدۆڵیاک، جەختی لەوەش کردەوە کە لە نزیکترین کاتدا پێواژوویەکی لۆجیستی کە کەناڵی تایبەت و ھەماھەنگی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە دابیندەکات، درووستدەکەن.


لای خۆیەوە سەرۆکی شاندی رووسیا، ڤلادیمیر مێدینسکی كه‌ هاوكات راوێژکاری سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتینه‌، ئەوەی خستەڕوو کە لە دانوستانەکاندا تاوتوێی ھاوکاریی نێودەوڵەتیی سەربازی و مرۆیی و بابەتەکانی چارەسەری سیاسیی پرسەکە کراوە.

ڤلادیمیر مێدینسکی گوتی: ھەڵوێستەکان، بە روونی و بڕگه‌ به‌ بڕگه‌ نووسران. لەسەر ھەندێک لەمانە گەیشتینە رێککەوتن. گرنگترین کێشەمان سەبارەت بە رزگارکردنی ئەو مەدەنییانەی کە لە ناوچەکانی پێکدادانەکانن چارەسەر کرد. لەبەر ئه‌وه‌، نوێنەرانی وەزارەتی بەرگریی ھەریەک لە رووسیا و ئۆکراینا، رێککەوتن لەسەر شێوازی پاڵپشتیی رێڕەوی مرۆیی بۆ دەربازبوونی مەدەنییەکان و راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان بەشێوەیەکی کاتیی لەو شوێنانەی کە ئەو رێڕەوانەی تێدایە.

مێدینسکی داوای لە مەدەنییەکان کرد کە بۆ بەکارھێنانی ئەو رێرەوە مرۆییانەی کە درووست دەکرێن یان راگرتنی پێکدادانەکان ئەوه‌ی لە دەستیان دێت، بیکەن.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.