دوای لەدەستدانی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک، سبەی ڕێواری تەمەن 11 ساڵ دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، رێوار ڕێبوار ڕادەستی نوێنەری ڕاسپێردراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرا و بڕیارە بەرەبەیانی سبەی هەینی بگاتەوە هەرێمی کوردستان.
رێوار تەمەن 11 ساڵ لە ڕێکەوتی 21/12/2021 لە ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک کە ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی تێدابوو، دوای لەدەستدانی دایک و باوک و خۆشک و براکانی، لەگەڵ چەند کەسێکی تر رزگاری ببوو.
ئەو کات مهسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕاسپارد کە رێوار بگەڕێندرێتەوە ناو کەسوکارەکەی لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی کە خانەوادەکەی ئەم داواکارییەیان ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت کرد.
لەبەر بچووکی تەمەنی و دۆخی نالەباری، بۆ ماوەیەک رێوار لەژێر چاودێری پزیشکی دابوو، دوای دڵنیابوون لە دۆخی تەندروستی و تەواوبوونی ڕێکارە یاساییەکان، ئەمڕۆ ڕادەستی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرا.
لهمبارهیهوه فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حکوومەتی کۆماری یۆنان و کونسوڵگەری گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم و باڵیۆزخانەی عێراقی فیدڕاڵ لە ئەسینا دەکات لەبەرامبەر ئەو هاوکاری و هەماهەنگییەی لەو دۆسیەیەدا پێشکەشیان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.