سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕالی سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو دادگەیە فیدڕالی نییە و دژی خەڵکی کوردستانە، دەیەوێت کورد لەسەر ئەم جوگرافیایە بسڕێتەوە.
محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی ڕوونکردنەوەکەی ئەمڕۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: ڕوونکردنەوەکانی حکوومەت هەنگاوێکی باشبوو بۆ ئەوەی خەڵک لەم بابەتانە تێبگات.
هاوکات لەبارەی قسەکانی سەرۆکی حکوومەتی لەسەر بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگەی فیدڕالی عێراق سەبارەت بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە ئاماژەی بەوەدا دادگەکە نادەستوورییە، محەمەد حاجی مەحموود گوتی: پێموایە ئەم دادگەیە فیدڕالی نییە و دادگەیەکی تەواو عەرەبییە، دژی خەڵکی کوردستانە و دەیەوێت کورد لەسەر ئەم جوگرافیایە بسڕێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە "پێویستە ئەو دادگەیە هەڵبووەشێتەوە و دادگەیەکی دەستووری دروست بکرێت."
سکرتێری حزبی سۆسیالیست ئاماژەی بەوەشدا " ئەو دادگەیە لەسەر بنەمای حزب و مەزهەب دروستکراوە، پەیوەندی بە ئێستاوەش نییە، بەڵکو لە سەردەمی بریمەر دروست کراوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.