Erbil 15°C یەکشەممە 30 حوزەیران 11:11

ڕاوێژكارێكی سه‌رۆكی حكوومه‌ت: ھەرێم ئامادەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە لە چوارچێوەی دەستووردا کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات

کوردستان TV
100%


 ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌ێنێت، بڕیاری دادگای فیدراڵی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان بەپەلە درا و لەجێی خۆیدا نەبوو و کاریگەریی خراپی بەسەر کۆی دۆخی عێراقدا دەبێت، بۆیە پێویستە لەڕێگەی گفتوگۆوە ئەو کێشەیە لە نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێم و بەغدادا چارەسەر بکرێت و ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بەپێی دەستوور و لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، وەکوو چۆن لە ڕابردووشدا ھەمیشە ئامادەی گفتوگۆی بنیاتنەر بووە بۆ ئەوەی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێن.

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر بێوار خنسی، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە لەجێگای خۆی نەبوو و زۆر پەلەی پێوە دیار بوو و لە دۆخێکی خراپ و ئاڵۆزدا ئەو بڕیارە درا کە ئەوەش کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر کۆی دۆخی عێراق و پەیوەندیی سیاسی و پەیوەندیی نێوان حیزبەکان، لە کاتێکدا کە سەرۆککۆمار ھەڵنەبژێردراوە و حکوومەتی نوێ پێک نەهاتووە و دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ دانەنراوە بۆ ئەوەی بزانن ھەر کەموکووڕییەک لە یاسای نەوت و غاز ھەبوو لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوان بڕیارێکی لەو شێوەیە دەدەن.

دکتۆر بێوار خنسی ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، ناکرێت دادگا ئەو یاسایە هەڵوەشێنێتەوە کە پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کردووە، بۆیە پێش دوو ڕۆژە کۆبوونەوەی چوار قۆڵی کرا و داوا لە حکوومەتی عێراق کرا کە دەرگای گفتوگۆ بکرێتەوە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەمیشە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور ئامادەیە.

 باسی لەوەش کرد: داھاتی ھەموو عێراق لەسەر نەوت و غازە ناکرێت بە ئاسانی دادگا بڕیار بدات بەو شێوەیە کە کاریگەریی خراپی دەبێت، بۆیە ھەرێم ئامادەیە لە ڕێگەی گفتوگۆوە بەپێی دەستوور چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن، چونکە مومکین نییە بەو شێوەیە بڕیار بدات و پێویستە پرسی کردبووایە و داوای لە پەرلەمانی کوردستان کردبایە کە ڕوونکردنەوەیان لەبارەی یاسای نەوت و غاز پێ بدەن، لەبەر ئەوەی ناکرێت 42 ماددە لەگەڵ دەستوور نەگونجێن و دەکرا تێبینییان لەسەر ھەر ماددەیەک ھەبێت داوای ڕوونکردنەوە بکەن نەک کۆی یاساکە ڕەت بکەنەوە، بۆیە ئێستاش حکوومەتی کاربەڕێکەر ناتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات و حکوومەتی نوێ و حکوومەتی ھەرێم پێکەوە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن کە ھەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و دانوستانی بنیاتنەر و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.