Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 07:08

زانکۆی سەڵاحەددین راسپاردەیه‌ك دەداتە حکوومەت بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

کوردستان TV
100%


 ئەمڕۆ 2ی ئازاری 2022 راگڕی کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر ئەسوەد قادر رایگه‌یاند: سیمپۆزیۆمێکمان دەربارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی رێکخستووە، دواتر راسپاردەکان دەدەینە حکوومەتی هەرێم بۆئەوەی لەکاتی دانوستانکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بە سوودوەرگرتن لەو راسپاردانە بگەن بە ئەنجامێکی باش و تۆکمە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.


کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین سیمپۆزیۆمێکی رێکخست بەناونیشانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی تایبەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، هەڵسەنگاندن و دەرئەنجام.

لە پانێڵێکدا بە بەشداری چوار پسپۆری یاسایی لە رووە سیاسیی، یاسایی، دەستووریی و هونەرییەکانەوە بڕیارەکە و لێکەوتەکانی تاوتوێ کرا.

راگڕی کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆر ئەسوەد قادر لە لیدوانێکیدا بۆ كه‌ناله‌كانی راگه‌یاندن دەربارەی سیمپۆزیۆمەکە رایگەیاند: ئێمە وەک زانکۆی سەڵاحەددین کۆلێژی یاسا و کۆلێژی زانستە سیاسییەکان بە هاوبەشی هەستاین بە رێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە دەربارەی دوا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، لەم پانێڵەدا چوار کەس بەشداری دەکەن هەریەکەیان پسپۆرییەکی تایبەتییان هەیە لە بوارەکانی نەوت، دەستوور، یاسا و لۆجیستیک و هونەریی لەسەر نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ئامانجمانە بەشێوەیەکی ئەکادیمی روونی بکەینەوە بۆ شەقامی کوردی و عەرەبی کە ئەو بڕیارەی بەرامبەر بە گرێبەستەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کراوە نادەستوورییە و کاتەکەی سیاسییە و بڕیارەکە باکگراوندێکی سیاسیی لەپشتەوەیە.

گوتیشی: دواتر راسپاردەکان ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆئەوەی لەکاتی دانوستانکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی بە سوودوەرگرتن لەو راسپاردانە بگەن بە ئەنجامێکی باش و تۆکمە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کە دروست بووە.

لە بارەی ئەوەی بۆ دەرچوواندنی ئەم بڕیارە، هیچ دەقێکی یاسایی هەیە پشتگیری بکات، دکتۆر ئەسوەد قادر گوتی: بڕیارەکە پاڵپشت بە دەقێکی یاسایی دراوە، بەڵام کاتەکەی نادەستوورییە و لە دەرەوەی لۆژیکە لەم کاتەدا، ئەم داوایە پێشتر تۆمارکراوە، بەڵام بۆ لەم کاتەدا کراوە ئەمە پرسیارەکە و کێشەکەیە.

گوتیشی: جگە لە کاتەکە لە بڕیارەکەشدا گرفتی دەستووریی هەیە، چونکە ئێمە دەوڵەتێکی فیدراڵیین لەبەرئەوە ئێمە مافی ئەوەمان هەیە ئەو سەروەت و سامانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە مامەڵەی پێوەبکەین و لە دەقی دەستووردا ئەو ماددانە هەیە، بۆیە بڕیارەکە بڕیارێکی سیاسییە.

لە وەڵامی ئەوەی لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت، راگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، دکتۆر ئەسوەد قادر گوتی: لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە دیارە، لێکەوتەی ئابووری تووشی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە بەشێکی زۆری داهات لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە فرۆشتنی نەوت، ئەوەی کە رۆژانە زیاتر لە 500  هەزار بەرمیل دەفرۆشرێت پێکهێنەری داهاتی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی دارایی دەبێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.