Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 06:54

لە 24 کاتژمێری رابردوودا 21 هاووڵاتی مه‌ده‌نی لە خارکیڤ بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە کوژراون

کوردستان TV
100%


لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای رووسیا بۆسەر شاری خارکیڤ باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، 21 کەسی مەدەنی کوژراون.

پارێزگاری خارکیڤ، ئۆلی سینیهوبۆڤ لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە تیلیگرام، ئاماژەی بەوە کردووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، شارەکە رووبەڕووی هێرشی مووشەکیی و تۆپبارانی چڕی سوپای رووسیا بووەتەوە و یەکەکانی رووسیا لە باکووری رۆژئاوا و باکووری شارەکەوە هەوڵی هێرشکردن دەدەن.

ئۆلی سینیهوبۆڤ باسی لەوە کرد کە هەموو هێرشەکانیان تێکشکاندووە و فڕۆکە Su-25کانی رووسیا فڕۆکەخانەی ناوچەی جوهویڤ و قوتابخانەی تانکیان لەسەر رێگای پۆڵتاڤا بۆردومان کردووە و سەربازانی ئۆکراینا فڕۆکەیەکی رووسیایان خستووەتە خوارەوە.

پارێزگاری خارکیڤ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە لە ئاکامی هێرشەکانی رووسیادا لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 21 هاووڵاتی ئۆکراینی مەدەنی کوژراون و 112 کەسیش برینداربوون.

- هێرش کرایە سەر بنکەی پۆلیس و زانکۆ

سوپای رووسیا بەردەوام بوو لەسەر هێرشەکانی و بەیانی ئەمڕۆ بە مووشەک هێرشی کردە سەر بینای پۆلیسی ناوچەی خارکیڤ و کەمپێکی زانکۆی کارازین.

بیناکە کە لەسەر شەقامێکی سەرەکی بوو لە پاش هێرشە مووشەکییەکە وێران بوو. لە کاتێکدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان دەدا، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی رووخاوی بیناکەوە.

- سوپای رووسیا هەوڵ دەدات بەرەو کیێڤ پێشڕەوی بکات

سەبارەت بە حەوتەم رۆژی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا لە پەیجی فەرمی خۆی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا هەوڵ دەدەن لە باکوور و باکووری رۆژئاواوە بەرەو کیێڤ-ی پایتەخت پێشڕەوی بکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا شکستیان هێناوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شارەکانی سومی، لیبیدین و ئۆختیرکا و لە ناوچەی دۆنێتسک هێزەکانی رووسیا هەوڵ دەدەن دەوری شاری ماریۆپل بگرن.

ئاماژە بەوە کرا کە لە ناوچەی دەریای رەش رووسەکان گرووپێکی دەریاییان پێکهێناوە و بەردەوامن لە ئامادەکاریی بۆ دابەزین لە وشکانییدا.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە هێزەکانی رووسیا شکستیان هێناوە لە پێشڕەوی کردندا و ژێرخانە هەستیارەکانی سوپای ئۆکراینایان بۆردومان کردووە.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.