له‌ڕۆژگارێكدا مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكورى 5/11/1928 كۆیه) به‌پێشه‌نگ و فێركار و دامه‌زرێنه‌رى تیپى موزیك له‌شارى كۆیه ئه‌ژمارده‌كرێت ، به‌هه‌مان شێوه مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ولییه‌م یوحه‌ننا) به‌پێشه‌نگ و مامۆستا و دامه‌زرێنه‌رى تیپى مۆسیقا له‌شارى سلێمانى ناوده‌برێت و خاوه‌نى فێرگه‌یه‌ك بووه كه چه‌ندین مامۆستا و هونه‌رمه‌ندى ژه‌نیارى پێگه‌یاندووه كه‌ئێستا هه‌ریه‌كه‌یان هونه‌رمه‌ندێكى به‌رزى نه‌ته‌وه‌كه‌مانن .
لهههرگۆشهیهكهوه له‌ژیانى ئه‌و مامۆستا به‌هره‌مه‌ند و هونه‌رمه‌نده ( ولیه‌م یوحه‌ننا) بڕوانین لێوان لێوه له زانست و به‌خشین و فیركردنى مۆسیقا بۆمنداڵان و قوتابیانى ئه‌و كاته‌ى شارى سلێمانى و كاراكته‌رێكى به‌رزى نێو دنیاى مۆسیقاى كوردییه .
ئه‌م كه‌سایه‌تیه دڵسۆز‌و خه‌مخۆره بۆ هونه‌رى مۆسیقا چۆن بۆته فریشته‌یه‌ك و ئه‌و عه‌شقه‌ى بۆ مۆسیقا له‌ناخیدا هه‌یبووه ده‌بێت ده‌رچووى كامه قوتابخانه‌ى هونه‌رى بوو بێت؟
سرووشته جوان دڵڕفێنه‌كه‌ى كوردستان ، ده‌نگى خۆشى گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان و شمشاڵژهنینى باوكى و هونه‌رى خاڵه‌كانى كه هه‌موویان هونه‌رمه‌ند و هانده‌رى بوون لهپێگهیاندنى ، ولیه‌م یش ڕێبوارێكى به‌ئه‌مه‌ك و چوست و چالاكى ئه‌و ڕێگا پیرۆزه‌ى هونه‌ر بووه.
ماڵباتى هونه‌رمه‌ند له‌بنه‌ڕه‌تدا خانه‌واده‌یه‌كى ئاشوورین، ئایینزاى ( مه‌سیحى ) ین و خه‌ڵكى ده‌وروبه‌رى شارى ( وان ) ن لهباكورى كوردستان، له‌دواى جه‌نگى جیهانیی یه‌كه‌م ، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى توركه‌وه ( ئاشوورى و ئه‌رمه‌نییه‌كان ) بهرلێشاوى پاكتاوكردنى ره‌گه‌زى ده‌كه‌ون ، باوكى هونه‌رمه‌ند ولیه‌م، ناوى
( یوحه‌ننا خنانیشۆ) بووه كه له‌شارى وان له‌دایكبووه ، بۆڕزگاربوون له‌و پاكتاوى ڕه‌گه‌زییه ، خۆى ده‌گه‌یه‌نێته شارى ( ورمێ ) له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ،دواتر به‌ره‌و شارى (كرماشان) ماوه‌یه‌ك له‌وێ ده‌مێنێته‌وه ، خانه‌واده‌ى ( یوحه‌ننا خنانیشۆ ) ڕوو ده‌كه‌نه عێراق و له‌شارى به‌عقوبه له خێوه‌تگایه‌ك نیشته‌جێ ده‌بن ،
له‌گه‌ڵ بوونى بهمهلیكى عێراق ( مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌م) بڕیارى داوه كه ئاشوورى و مه‌سیحییه‌كان وه‌ك هاوڵاتى عێراقى ئه‌ژماربكرێن و له‌هه‌رشوێنێك پێیان خۆشه ده‌توانن بژین، له‌دواى ده‌رچوونى ئه‌و بڕیاره یوحه‌ننا خنانیشۆ ڕووده‌كاته شارى موصڵ و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن.
یوحه‌ننا خنانیشۆ له‌ساڵى (1932) ژیانى هاوسه‌رى له‌گه‌ڵ خاتوو ( نه‌جیبه) ، كه له خانه‌واده‌یه‌كى مه‌سیحى ناسراوى شارى موصل ن به‌ناوى ( الوكیل) پێك دێنێت .(*1)
باوكى هونه‌رمه‌ند ولیه‌م ، ده‌بێته پۆلیس و له‌هه‌مان ساڵدا (1932) شارى موصڵ به‌جێ دێڵیت و ڕووده‌كاته شارى سلێمانى و له‌گه‌ره‌كى ( گۆیژه) بۆ هه‌میشه بارگه‌ى ده‌خات و لهههوارێكى نوێ و له‌شارێكى نوێ‌دا درێژه به‌كارو به‌ژیان ده‌دات .
له‌دواى دووساڵ له‌ژیانى هاوسه‌رى ( یوحه‌ننا و نه‌جیبه خان) په‌روه‌ردگارى مه‌زن كوڕێك یان پێ ده‌به‌خشێت و ناوى ده‌نێن ( ولیه‌م)، ولیهمى فریشته و هیوا به‌خش بۆ ئاینده‌ى منداڵانى گه‌ڕه‌ك و شاره‌كه‌ى .
كه‌واته ولیه‌م یوحه‌ننا زاده‌ى خانه‌واده‌یه‌كى مه‌سیحى یه و لهگهڕهكى گۆیژه‌ى شارى سلێمانى له‌ساڵى (1934) چاوى به‌دنیا هه‌ڵهێناوه، ولیه‌م منداڵێكى هێمن و له‌سه‌رخۆبووه، ڕۆژانه گوێی و هه‌ستى به‌سۆزى شمشاڵه‌كه‌ى باوكى ئاودراوه ،له‌ساڵى (1938) تا (1940) پێش ئه‌وه‌ى بخرێته به‌رخوێندنى سه‌ره‌تایی، ولیهمى منداڵ له‌باخچه‌ى ساوایانى ئه‌رمه‌نى دایده‌نێن ، دواى ئه‌و دووساڵه دهخرێتهبهرخوێندن له‌قوتابخانه‌ى ( فهیصهڵییه) ، قۆناغى سه‌ره‌تایی له‌وێ ته‌واو ده‌كات، درێژه به‌خوێندن ده‌دات له ناوه‌ندى كوڕانى سلێمانى، تاساڵى (1952) له‌په‌یمانگاى هونه‌ره جوانه‌كانى به‌غداد وه‌رده‌گیرێت، باوكى له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خۆى ژه‌نیارى شمشاڵ بووه و حه‌زى له‌مۆسیقا بووه ، زۆرى پێخۆش بووه كه ولیه‌م له‌به‌غدا وانه‌ى موزیك ده‌خوێنێ.
له‌په‌یمانگا وانه‌ى موزیك به‌شێوه‌ى زانستى ده‌خوێنێ و فێرده‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستى مامۆستایانى هونه‌رمه‌ند ( جه‌میل به‌شیر ، مونیر به‌شیر ، جه‌میل سه‌لیم و ڕۆمى ئهلخهماش) ولیهمى به‌هره‌مه‌ند و پڕ ووزه توانیویه‌تى ئه‌و قۆناغه به‌سه‌ركه‌وتویی ببڕێت و له‌ساڵى (1955) بڕوانامه‌ى (دبلۆمى هونه‌رى ) له‌بوارى موزیك به‌پله‌ى باڵا به‌ده‌ست بهێنێت و، هونه‌رمه‌ند ده‌رچووى یه‌كه‌م وه‌جبه‌ى ده‌رچووانى په‌یمانگاى هونه‌ره جوانه‌كانى به‌غدا ده‌بێت.
سه‌ره‌تاى گه‌شه‌كردن و چرۆى به‌هره‌ى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ى گرتووه ؟
جیا له‌وه‌ى باوكى شمشاڵژه‌ن بووه ، هه‌روه‌ها ( بنیامین ) ى مامیشى ئه‌ویش سازژه‌ن بووه ، له‌وه‌رزى هاوین دا كه پشووى قوتابخانه ده‌ست پێده‌كات، دایكى ولیهمى به‌هره‌مه‌ند ده‌نێرێ بۆ شارى موصڵ بۆ لاى خاڵه‌كانى كه ژه‌نیارى
( ڤیۆلۆن و ئۆكۆردیۆن) بوون ، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داناوه، هه‌روه‌ها له‌قۆناغى سه‌ره‌تایی كاریگه‌رى مامۆستاكانى وانه‌ى سروودى له‌سه‌ربووه وه‌ك مامۆستا
( عه‌بدوالواحید نورى 1904_5/7/1944) و( ڕه‌فیق چالاك سلێمانى 1923_30/11/ 1973 به‌غداد ) هه‌روه‌ها تیپى دیده‌وانى قوتابخانه‌كه‌ى. (*2)
له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانى بڕوانامه‌ى دبلۆمى هونه‌رى له‌بوارى موزیكدا ، هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا بهدڵگهشییهوه ده‌گه‌ڕێته‌وه شارى سلێمانى و به‌په‌رۆش ده‌بێت كه ئه‌و زانسته‌ى له‌بوارى موزیكدا به‌ده‌ستى هێناوه به‌ئه‌مانه‌ته‌وه بیگه‌یه‌نێته منداڵانى شاره‌كه‌ى، له‌ساڵى (1955 بۆ 1956) هونه‌رمه‌ند ده‌بێت به‌مامۆستاى ٍوانهكانى ( سروود و وێنه و وه‌رزش)له‌هه‌مان ئه‌و قوتابخانهیهى كه شه‌ش ساڵى ته‌مه‌نى له‌قۆناغى سه‌ره‌تایی تێدا به‌رێ كردووه ئه‌ویش قوتابخانه‌ى فهیصهڵییه، وه‌ك مامۆستایه‌كى پڕ ووزه‌و چالاك ده‌ست بهكاردهبێـت و هه‌موو هیوا و ئاواتى ئه‌وه ده‌بێت كه بایه‌خ و گرنگى زۆر بدات به موزیك و گه‌شه‌كردنى موزیك له‌شارى سلێمانى .
هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا یه‌كێك له هونه‌رمه‌ندانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى ( تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى) ده‌بێـت له‌ساڵى (1955) له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ دامه‌زراندنى تیپێكى مۆسیقا ده‌بێت سێ ئه‌ندامى ئه‌و تیپه خاوه‌نى بڕوانامه‌ى موزیك بن، مامۆستا ولیه‌م خاوه‌نى بڕوانهمهى موزیك بووه ،به‌یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌ندانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى ده‌ژمێردرێت.
هونه‌رمه‌ند قادر دیلان سه‌باره‌ت به سه‌ره‌تاى ناونانى تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى ده‌ڵێت ( سه‌ره‌تا تیپه‌كه‌یان ناونا ( دیلان) من ڕ‌ازى نه‌بووم و به‌ئه‌ندامانى تیپه‌كه‌م ووت ، ئه‌و ناوه نه‌گۆڕن وازدێنم، ئه‌وجا كردمانه تیپى مه‌وله‌وى ) (*3)
تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى به‌یه‌كه‌م تیپى مۆسیقا له‌باشوورى كوردستان دێته ئه‌ژمار له‌ڕووى ئه‌وه‌ى كه به‌شێوه‌یه‌ك له‌ڕووى زانستى مۆسیقاوه دامه‌زرابێت، سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ندانى تیپى ناوبرا بریتى بوون له ( قادر دیلان ، سه‌رۆكى تیپ و/ ژه‌نینى ڤیۆلۆن و ئامێره‌كانى دیكه ، ولیه‌م یوحه‌ننا/ ڤیۆلۆن و عوود ، نه‌جاتى عه‌بده /شمشاڵ ، به‌هجه‌ت ڕه‌شید سهعاتچى / ڤیۆلۆن و عوود، حاته‌م سه‌عید / ئیقاع ، ئومێد مه‌دحه‌ت موباره‌ك / ڤیۆلۆن ، هادى عه‌نبه‌ر /ڤیۆلۆن ، سه‌ردار ڕه‌مزى فه‌تاح / ڤیۆلۆن ، حازم حه‌داد / عوود ، خاڵه حه‌مه فه‌ره‌ج / بێژه‌رى تیپ ، نوورى به‌ده‌وى و قادر كوردى ) (*4)
ئه‌م كۆمه‌ڵه هونه‌رمه‌نده به‌و هه‌سته به‌رزو پیرۆزه‌وه توانیان گه‌شه‌یه‌كى باش و فراوان به‌موزیك و گۆرانى كوردى بده‌ن ، له‌كاتێكدا ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه كارى هونه‌رییان ئه‌نجامداوه ، كه له‌ناو كۆمه‌ڵگه موزیك و هونه‌رمه‌ندبوون عه‌یب و شوره‌یی بووه به‌كارێكى نه‌شیاو ده‌درایه قه‌ڵه‌م ، به‌ڵام ئه‌مان بوێرانه ئه‌و تهلیسمهیان شكاند و درێژه‌یان به‌و كاروانه پیرۆزه‌دا و، كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌مه‌ندى ده‌نگخۆشییان له‌ناوه وه و ده‌ره‌وه‌ى شارى سلێمانى له خۆیان كۆبكه‌نه‌وه وبه ئاهه‌نگه‌كانیان دڵى جه‌ماوه‌ر شاد و چێژى هونه‌رییان پێ ببه‌خشن ، هونه‌رمه‌ندان ( ڕه‌شۆڵ ، حه‌مه‌ى به‌كر ، شه‌ماڵ سائیب ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، باكورى ،سێوه ، تایه‌ر تۆفیق ، فوئاد ئه‌حمه‌د ، ڕه‌سوڵ گه‌ردى ، ئیبراهیم محه‌مه‌د ، قادرى حاجى حسێن ، عومه‌ر ڕه‌زا ، ڕه‌فیق چالاك و فه‌ره‌جى حاجى ڕه‌شید )
له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى ژه‌نیار ( قادر دیلان 1928 سلێمانى _ 18/3/1999 پراگ ) له‌ساڵى (1956) به‌ناوى هونه‌رمه‌ندانى كورده‌وه به‌شدارى فیستڤاڵى لاوانى جیهانى له وڵاتى نه‌مسا ده‌كه‌ن ، له‌دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند بۆشارى سلێمانى ، تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى كۆمه‌ڵێك ئاهه‌نگ به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆز و له‌قوتابخانه‌كان و نه‌خۆشخانه دا ده‌گێڕن ، هه‌روه‌ها له‌دواى كاره‌ساتى لافاوى ساڵى (1957) ى شارى سلێمانى ، تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى له شارى سلێمانى و كۆیه‌و شارى هه‌ولێر ئاهه‌نگیان ئه‌نجامداوه و داهاته‌كه‌یان بۆ زیانلێكه‌وتووانى لافاوه‌كه ته‌رخانكردووه .
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا ڕۆژ به‌ڕۆژ له‌كاره‌كانیدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت و هه‌نگاوى باشتردهنێت له‌پێناو عه‌شقه پیرۆزه‌كه‌ى ئه‌ویش گه‌شه‌كردنى موزیكه، له‌ساڵى (1962) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چالاكى قوتابخانه‌كان له‌شارى سلێمانى ده‌كرێته‌وه‌و ولیه‌م یوحهنناى هونه‌رمه‌ند ده‌بێته لێپرسراوى به‌شى مۆسیقاى چالاكى قوتابخانه‌كانى سلێمانى ، درێژه به‌كار و چالاكییه هونه‌رییه‌كانى ده‌دات، هیچ له‌كاته‌كانى ژیانى به‌فیڕۆنادات هه‌مووى ته‌رخان ده‌كات بۆ پرۆڤه و فێركردنى قوتابیان و منداڵان ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵى (1967) یه‌كێك ده‌بێـت له‌ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رانى ( تیپى مۆسیقاى سلێمانى ).
تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى بنیاتنه‌ر و بناغهڕێژى ته‌لارى هونه‌ر بوون له‌كوردستان و شارى سلێمانى به‌تایبه‌تى ، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنى تیپى مۆسیقاى سلێمانى وه‌ك تیپێكى سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر بناغه‌ى پته‌وى ئه‌و ته‌لاره ، دیوار‌یان ههڵچنیو و تهلارهكهیان بڵندتر كرد به‌كاره هونه‌رییه جوان و ڕه‌سه‌نه‌كانیان.
مامۆستا ولیه‌م به‌رده‌وام له‌خه‌مى گه‌شه‌كردنى هونه‌رى موزیكدا بووه ،له‌هه‌ر گۆشه‌یه‌كه‌وه تروسكاییه‌كى به‌دى كردبێت هه‌وڵى خۆى داوه‌و به‌هه‌وڵ و تێكۆشان و سه‌لیقه‌ى به‌رزى هونه‌رى كاره‌كه‌ى گه‌یاندۆته ئه‌نجام ، له‌ساڵى (1975) ( تیپى مۆسیقاى زێڕین و زیوین ) له‌ناو زانكۆى سلێمانى داده‌مه‌زرێنێت ،
تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى كه‌له‌ساڵى (1955) دامه‌زرا، ماوه‌ى (8) ساڵ تێكۆشانى هونه‌رى تا جه‌ژنى نه‌ورۆزى ساڵى (1963) كاره هونه‌رییه‌كانیان به‌رده‌وام بوو، پێگه‌و كاره هونه‌رییه‌كانیان جێگاى ستایش و به‌رزنرخاندنه و وهڕۆڵێكى زۆر گه‌وره‌و به‌رچاویان هه‌بووه له پێشخستن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردن و خزمه‌تكردن به‌هونه‌رى موزیك و گۆرانى كوردى ، له‌ساڵى (1977) هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندى ژه‌نیارى شارى سلێمانى، تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى نوێ داده‌مه‌زرێننه‌وه .
ولیه‌م یوحه‌ننا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ى مۆسیقا هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانى بوو ، به‌رده‌وام له‌خه‌مى ئه‌وه دابووه هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌به‌رزى بمێنێته‌وه و په‌یامى بۆ قوتابییه‌كانى ئه‌وه‌بووه كه‌ڕێز و حورمه‌ت بۆ هونه‌رى نه‌ته‌وه‌كه‌یان دابنێن چونكه هونه‌رێكى ڕه‌سه‌نه و، هونه‌رمه‌ند هه‌موو ژیانى خۆى كرده قوربانى هونه‌رى مۆسیقا و پێگه‌یاندنى قوتابییه‌كانى ،تا دواساته‌كانى ژیانى هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا هه‌ر به ڕه‌به‌نى مایه‌وه.
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخى ، یه‌كێكه له‌قوتابییه چالاك و دڵسۆزه‌كانى مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا ده‌ڵێت ( مامۆستا ولیه‌م وتى : حه‌زده‌كه‌م زۆر بژیم و ته‌مه‌نم درێژبێ، تاكو ئه‌و شتانه‌ى بیریان لێده‌كه‌مه‌وه جێبه‌جێیان بكه‌م بۆ وڵاته‌كه‌م و شاره‌كه‌م گه‌شاوه بێت و هونه‌رى موزیك به‌رزبێت.
پێشم وایه یه‌كێك له‌و هۆیانه‌ى كه‌واى كرد ئه‌و مامۆستا به‌ڕێزه بیر له ( ژن هێنان ) نه‌كاته‌وه ، چونكه واى بۆ ده‌چوو كه (ژن هێنان ) بۆ ئه‌و ده‌بێته به‌ربه‌ست له‌پێش كاره هونه‌رییه‌كانیدا ڕه‌نگه ئه‌و هیمهتهى نه‌مێنێ بۆ گه‌یشتن به‌ئامانجه گه‌وره‌كانى كه مۆسیقاى پێشكه‌وتوو و پاراستنى ئاوازى فۆلكلۆرى ڕه‌سه‌نى كوردیی و په‌ره‌پێدانیان له‌كوردستان و بڵاوبوونه‌وه‌ى مۆسیقا ژه‌ن و ڕ‌ۆشنبیرى و زانستى مۆسیقا بوون، كه‌واته مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا ژیانى خۆیشى كرده قوربانى گه‌ل و نیشتمان و پێشكه‌وتنى ڕه‌وتى هونه‌رى موزیك له‌شارى سلێمانى دا ) (*5)
خاتوو (ڤیكتۆریا یوحه‌ننا ) خوشكى هونه‌رمه‌ند باس له‌و ژیانه ساده‌یه و تێڕوانینه جوان پڕ هه‌سته‌ى كاكى بۆ هونه‌رى مۆسیقا ده‌كات و ده‌ڵێت ( كاكم ژیانێكى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بوو ، زۆر حه‌زو خولیاى مۆسیقا بوو ، به‌رده‌وام مۆسیقا هه‌موو ژیانى بوو ، زۆرجار دایكم پێى ده‌ووت ( كوڕم ژن بێنه...؟!) ئه‌ویش ده‌یوت دایه ژنم بۆچییه ..؟دایكیشم ده‌یوت ، بایه‌ك دوو منداڵت هه‌بێت ،
كاكیشم ده‌یووت ، منداڵانى سلێمانى هه‌مووى منداڵى منن ، ئه‌و هه‌موو گه‌نجه بهئهولاى خۆمى ده‌زانم ) (*6)
هه‌موو كات هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا له‌ئاستى به‌رپرسیارێتیه‌كى گه‌وره‌دا بووه و ده‌بێت به‌ئه‌مانه‌ته‌وه جێبه‌جێى بكات ، شه‌و و رۆژى خستۆته سه‌ریه‌ك بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ى لهئهستۆیهتى ئه‌ویش په‌روه‌رده‌كردن و فێركردنى قوتابییهكانیهتى به‌زانستى مۆسیقا ، له‌یه‌كێك له‌وانه‌كانیدا له‌چالاكى قوتابخانه‌كان بهقوتابییهكانى گوتووه ( من له‌هه‌موو كه‌سێك له‌م دنیایه منداڵم زۆرتره ، ئێوه هه‌موو منداڵى منن ، ئه‌گه‌ر من توانیم ئێوه په‌روه‌رده بكه‌م له‌سه‌ر بنه‌ماى پێشكه‌وتنى ڕۆشنبیریی و هونه‌رى ئه‌وه توانیومه ئه‌ركى خۆم جێبه‌جێ بكه‌م ) (*7)
هونه‌رمه‌ند ولییه‌م یوحه‌ننا ، كه‌سێكى نه‌رم و نیان و كه‌م دوو و هێدى و له‌سه‌ره‌خۆ ، زمانشیرین و میهره‌بان ، دڵسۆز و خه‌مخۆر بۆ كاره‌كه‌یی و قوتابییه‌كانى ، به‌هێز و باوه‌ڕبه‌خۆبوون له‌ئه‌نجامدانى كار، دڵپاك و هیچ كات ئیره‌یی نه‌بووه به‌رامبه‌ر به‌كه‌س، هیچ كات و ڕۆژێك نه‌بووه ڕووخسارى له‌ئاست قوتابییه‌كان و هاوڕێكانیدا تووڕه‌بوونى پێوه دیاربێت ، منه‌تى به‌سه‌ر كه‌سدا نه‌كردووه ، ماندووبوونى نه‌زانیوه له‌كاره‌كانیدا ، پاره‌و سه‌ره‌وه‌ت سامانى له‌لا گرنگ نه‌بووه ته‌نها ڕوو له‌ئاسۆ بووه بۆ پێشخستنى هونه‌ر ،
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا ڕه‌نج و ماندووبوونى چه‌ندین ساڵه‌ى به‌هه‌ده‌ر نه‌ڕۆیشتووه ، چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و مامۆستاى له‌سه‌ر بنه‌ماى زانستى موزیك فێركردو پێگه‌یاند كه‌ئه‌مڕۆ هه‌ریه‌كه‌یان هونه‌رمه‌ندێكى گه‌وره‌و پڕ به‌خششن له‌بوارى موزیك و گۆرانیدا و جێ په‌نجه‌یان وه‌ك ئه‌ستێره‌كانى ئاسمان ده‌دره‌وشێته‌وه ، كه‌واته هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا به‌ته‌نها مۆڵكى شارێك نه‌بووه، به‌ڵكو موڵكى موزیك و سمبولى هونه‌رى كوردیی و جوانترین مێژووى له موزیك و فێركردن و پێگه‌یاندن و ژه‌نین و ئاوازدانان دا بۆ خۆى تۆماركرد.
له‌ماوه‌ى نیو سه‌ده له‌خزمه‌تكردن به هونه‌رى موزیك ، له‌چالاكى قوتابخانه‌كان و هه‌موو كات ده‌رگاى ماڵه‌كه‌ى ئاوه‌ڵابووه بۆ فێركردنى قوتابییه‌كانى ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده عاشقه به موزیك ده‌یان كار‌و چالاكى ئه‌نجامداوه كه‌لێره‌دا ئه‌سته‌مه له‌هه‌موویان بدوێین چونكه خوێندنه‌وه‌ى زۆر هه‌ڵده‌گرێت ، وه خاوه‌نى چه‌ندین ئاوازى ناسك و پر چێژى هونه‌رین ، ئاوازه‌كانى هونه‌رمه‌ند كه تائێستا له‌به‌ر دڵانن و ڕۆحمان ئارام ده‌كاته‌وه وه‌ك ( فریشته ، گوڵاڵه‌ى ژیان ، له‌نجه ،ڕێزان ،سه‌ما ،دیلان، نه‌شمیل ،ڕۆژباش ،گوڵى سوور ، شیرین ، سه‌رچنار،نه‌ورۆز ) هه‌روه‌ها چه‌ندین ئاوازى بۆ منداڵه چاوگه‌شه‌كان داناوه (هه‌نگ ،مناڵ،ئێمه گوڵ و گوڵزارین ، خۆشه‌ویستى زه‌وى ،ڕێزى مامۆستا و چه‌ندینى تر )
هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا درێژه به‌ژیانى هونه‌ریی خۆى ده‌دات له‌چالاكى قوتابخانه‌كان تا ساڵى (2002) له‌سه‌ر میلاكى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ، به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده ، چالاكى قوتابخانه‌كانى سلێمانى خانه‌شین ده‌كرێت ، به‌داخه‌وه پیرى و نه‌خۆشیی فشارى زۆرى بۆ ده‌هێنێ و له‌ساڵى (2003) ده‌كه‌وێته سه‌ر جێ و له‌ماڵه‌وه ده‌مێنێته‌وه خوشك و برایه‌كى خزمه‌تى ده‌كه‌ن ،
خانه‌واده‌ى هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا پێكهاتووه له دایك و باوك و سێ كچ و پێنج كوڕ، هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا كوڕى گه‌وره‌ى خانه‌واده‌كه‌ى یوحه‌ننا خنانیشۆ ده‌بێت ، له ساڵى (1980) نه‌جیبه خانى دایكى كۆچى دوایی ده‌كات و هه‌روه‌ها دواى ده ساڵ (1990) باوكیشى بۆ هه‌میشه به‌جێیان دێڵیت ، هونه‌رمه‌ند ولییه‌م یوحه‌ننا سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ئه‌ركه زۆره‌ى له‌سه‌ر شانى بوو وه‌ك مامۆستاى هونه‌ر و پێگه‌یاندنى قوتابییه‌كانى و پێشخستنى هونه‌ر له‌شارى سلێمانى ، دواتر ئه‌ركى سه‌رشانى قورس‌تر ده‌بێت ئه‌ركى به‌خێوكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنى خوشك و براكانیشى ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى .
به‌داخه‌وه ئه‌و چرا ڕۆشن و گهشاوهیهى هونه‌رى موزیك هونه‌رمه‌ند ولییه‌م یوحه‌ننا دواى ئه‌و مێژووه لێوڕیژه له‌به‌خشش و تێكۆشانى هونه‌رییه له‌ڕێكه‌وتى
( 14/9/2005) بۆ هه‌میشه ماڵئاویی ده‌كات و چاوه‌كانى لێك ده‌نێت ، له‌گۆرستانى مه‌سیحییه‌كان له‌شارى سلێمانى به‌خاكى پیرۆزى كوردستان ده‌سپێردرێت ،ئه‌و ساڵه (2005) ساڵى خه‌زانى هونه‌ربوو له‌كوردستان ، زۆرله هونه‌رمه‌نده دیار و خۆشه‌ویسته‌كانى گه‌له‌كه‌مان ماڵئاواییان لێكردین ( ئیبراهیم محه‌مه‌د (خه‌یات) 1931 _ 4/5/2005 سلێمانى ) ( عوسمان عه‌لى 1944_ 21/6/2005 سلێمانى) ( موشتهباى میرزاده 1945 كرماشان _ 17/7/2005) ( مه‌رزییه‌ى فه‌ریقى 22/5/1958 مه‌ریوان _ 18/9/2005 سوید )
سڵاو و ڕێز بۆ مێژووى جوان و پڕ به‌خششى هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ولیه‌م یوحه‌ننا و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانى كۆچكردووى نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، چه‌پكه نێرگزى به‌هارى كوردستان بۆسهرگڵكۆى پیرۆزییان ، ناو و هونه‌ره‌كه‌یان بۆهه‌میشه به‌به‌رزى پیرۆزى بمێنێته‌وه.
جه‌مالى ده‌لاك 22/2/2021 هه‌ولێر
سه‌رچاوه : (*1)كتێبى ولیه‌م یوحه‌ننا ژیان و كارى هونه‌ریی ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (56)
(*2) كتێبى كه‌شكۆڵى نووسینه‌كانم _ هونه‌رمه‌ند وریا ئه‌حمه‌د ، لاپه‌ڕه ( 353)
(*3) گۆڤاى چلاواز _ ژماره (21 و 22) كانوونى دووه‌مى 2008 لاپه‌ڕه (28)
(*4) كتێبى ولیه‌م یوحه‌ننا ژیان و كارى هونه‌ریی ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (44)
(*5) كتێبى ولیه‌م یوحه‌ننا ژیان و كارى هونه‌ریی ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (60) دیمانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخى (31/12/2011) سلێمانى
(*6) به‌رنامه‌ى چراكان _ ژیان و كارى هونه‌رى هونه‌رمه‌ند ولیه‌م یوحه‌ننا _ ئه‌میر عومه‌ر _ كه‌ناڵى ئاسمانى زاگرۆس 2006
(*7) كتێبى ولیه‌م یوحه‌ننا ژیان و كارى هونه‌ریی ، شنه عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (62) دیمانه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند زۆزك قه‌ره‌داخى (4/1/2012) سلێمانى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.