سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی پەنجا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نووسەران کرد.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: یەکێتیی نووسەرانی کورد لە درێژایی تەمەنی خۆیدا ڕۆڵێکی گرینگ و درەوشاوەی لە خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی و بزووتنەوەی ڕووناکبیری لە کوردستاندا گێڕاوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:-
بە بۆنەی پەنجا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئەندامانی مەڵبەندی گشتی و سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی نووسەرانی کورد و نووسەرانی کوردستان بە گشتی دەکەم.
یەکێتیی نووسەرانی کورد لە درێژایی تەمەنی خۆیدا ڕۆڵێکی گرینگ و درەوشاوەی لە خزمەتکردن بە زمان و ئەدەبی کوردی و بزووتنەوەی ڕووناکبیری لە کوردستاندا گێڕاوە و هەمیشە لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژووی خۆیدا، خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانی بووە لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا. لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کوردستان دەکەینەوە کە بە نووسین و بەرهەمەکانیان و هەڵوێستە نیشتمانییەکانیان لە ڕیزی پێشەوەی داکۆکیکردن بوون لە ناسنامە و بەها پیرۆزەکانی گەلی کوردستان.
ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە هەموو نووسەرانی کوردستان پیرۆز بێت و هەمیشە سەرکەوتووبن.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.