Erbil 15°C سێشەممە 07 ئایار 17:34

پەیامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان لە ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی

کوردستان TV
100%


ئەمرۆ 35 ساڵ بەسەر کۆچکردنی تێکۆشەرێکی ناسراوی گەلەکەمان و ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی کوردایەتی کە لە دامێنی چیای شیرینی سەرکەش لە گوندی "بارزان"ی لانکەی شێران و شۆڕش و بەرخودان و دوژمنبەزێن هاتە ژیانەوە، ئەویش سەرکردەی ناسراو و ھەمیشە زیندوو کاکە ئیدریس مستەفا بارزانییە.

کاکە ئیدریس ئەو سەرکردە خۆشەویستەی ناو دڵی جەماوەری کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان بوو، کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خانەوادە تێکۆشەر و سەربەرزەکەیاندا ئاوارەی باشووری عێراق دەبن پاش ئەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵەکانی ڕوو لە یەکێتیی سۆڤێتی جاران دەکەن، بۆ ماوەی یانزە ساڵ لە شارە جیاجیاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و مووسڵ لە بارودۆخێکی پڕ لە ئێش و ئازار و مەینەتی دەژیان.

ئەم خانەوادە خاوەن مێژووی پاك و پڕ سەروەرییە هەمیشە چاوەڕوانی ھەواڵی ھەڵۆی بەرزی کوردستان بوون و لە پێش ھەموو ئێش و ئازارێك خۆڕاگر و خاوەن ورە و ئیرادەیەکی بەهێز بوون، متمانە و بڕوابەخۆبوونێکی بێ هاوتایان هەبوو، چونکە باوەڕی تەواویان بە ھەڵۆی بەرزی کوردستان بارزانیی نەمر ھەبوو کە خاوەنی دید و پەیام بوون و تێکۆشانیان بۆ کێشەی ڕەوای نەتەوەیەکی خاوەن خاکێکی پارچەپارچەکراو بوو، ڕەوایەتیی پرسی گەلی کوردستان کە دڵنیا بوو لە شکستی دوژمنان و سەرکەوتن و ڕزگارکردنی گەلی سەربەرزی کوردستان.

دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەکێتیی سۆڤیه‌ت لە ساڵی ١٩٥٨ کاکە ئیدریس لەگەڵ خانەوادەکەی دەگەڕێتەوە بارزان و لەگەڵ یەکەم چرکەساتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کاکە ئیدریس وەکو لاوێکی خوێنگەرم و ڕۆشنبیر و چاونەترس دەبێتە پێشمەرگە و لە ماوەیەکی کەمدا بوونی خۆی لەنێو شۆڕش و جەماوەردا دەسەلمێنێ وەکو سەرکردەیەکی ئازا و بوێر و خۆنەویست و ڕۆشنبیر دەردەکەوێت و دەبێتە جێگای متمانەی شۆڕش و بارزانیی نەمر و، وەکو دبلۆماتکارێکی لێهاتوو لە پەیوەندیکردن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا ڕۆڵێکی گرینگ بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و ئامانجەکانی شۆڕش بە دونیای دەرەوە دەگێڕێ، کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد قارەمانی سەرخستنی شەڕی ھەندرێن بوو لە شۆڕشی ئەیلوول.

کاکە ئیدریس لە گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش لەگەڵ ڕژێمی بەعس لەگەڵ بارزانیی نەمر و ڕێزدار کاك مەسعوود بارزانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتننامەی مێژووی یانزەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ ڕۆڵی گرینگی هەبوو و، لەو کاتە لەگەڵ ئەوەی ڕژێمی بەعس بە ڕێگای بەکرێگیراوەکانی ھەوڵی تیرۆری کاکە ئیدریسیان لە بەغدا دابوو کەچی لە پێناوی بەرژەوەندی گەلی کوردستان لە ساتە ترسناکەکانی نێوان شۆڕشی کوردستان و ڕژێمی بوغرای بەعسی بەغدا سەرەڕای ھەموو مەترسییەکان چووە بەغدا و ھەوڵی زۆری دا شەڕ ڕوو نەدات و بە ئاشتی لێكتێنەگەیشتنەکان چارەسەر بکەن و ھەر لەو سەردانە لەگەڵ باڵیۆزی سۆڤیەت دانیشت و پاشان بە زیرەکی و لێھاتوویی خۆی، خۆی گەیاندەوە شۆڕشی کوردستان.

لە کاتی ڕوودانی ھێرشەکانی ڕژێمی بەغدا، کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو ڕۆڵی زۆر گرینگی دەگێڕا و ماندوونەناسانە کاری دەکرد.

پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کاکە ئیدریس ڕۆڵی کاریگەری لە سەرپەرشتیکردنی پەنابەران هەبووە و خەمخۆری ڕاستەقینەی ئاوارە و لێقەوماوان و ئەوانە بوو بە ئاوارەیی دەچوونە ھەندەران و ئەوانەی لە ئێران مانەوە.

بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخوازیش لە ساڵی ١٩٧٦ کاکە ئیدریس لەگەڵ ڕێزدار سەرۆک مسعوود بارزانی و ژمارەیەک لە کادرە دڵسۆز و خۆنەویست و بەئەمەکەکانی پارتی و بارزانی و لەژێر چاودێری و ئامۆژگاریی بارزانیی نەمر ڕۆڵی کاریگەریان لە هەڵگیرسانی شۆڕش و گەڕانەوەی متمانە و هیوا بۆ گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بینی.

سەرکردە ئیدریس بارزانی هەمیشە باوەڕی تەواوی بە مافی ڕەوای گەلی کوردستان و بە سەرکەوتن ھەبوو، شارەزایی تەواوی دەربارەی نەیاران و داردەستانی دژ بە گەلی کوردستان و شۆڕشە پیرۆزەکەی ھەبوو.

سەرکردەی ھەمیشەزیندوو باوەڕی تەواوی بە فرەحزبی لە سەر بنەمای نیشتمانپەروەی و بەرنگاربوونەوەی دوژمنانی گەلەکەمان و تێکشکاندنی داگیرکەرانی خاك و خەڵکی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانی و نەتەوایەتییەکانمان ھەبوو، بۆیە هەوڵ و دەسپێشخەرییەکانی لەو پێناوەدا خستەگڕ، کە لە ئاکامدا ساڵی ١٩٨٦ بەرەی کوردستانی لەدایک بوو، دواتر کاکە ئیدریسی سەرکردە لە کۆنگرەی تاران لە ساڵی ١٩٨٧ پێشنیاری یەکخستنی توانای هەموو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراقی کرد بە کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکان دژ بە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لەپێناو ڕووخاندنی ڕژێم.

ماڵی ئەم سەرکردە لێھاتووە، ماڵی ھەموو شۆڕشگێڕانی گیان لەسەردەست و نەخۆشخانەی نھێنیی پێشمەرگە بریندارەکانی شۆڕشی گوڵان بوو.

کاکە ئیدریس سەربەرز و ناوپاك یاوەری ھێنانەوەی تەرمی پیرۆزی بارزانیی نەمر لە ئەمریکاوە بۆ کوردستانی ڕۆژھەلات لە ئێران بوو.

بەڵام بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩٨٧/١/٣١ ئەم سەرکردە مەزنەی گەلەکەمان لە شارۆچەکەی سلیڤانای سەر بە پارێزگای ورمێ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و گەیشتە کاروانی نەمران. بەمەش نەتەوەی کورد ئەستێرەیەکی گەش و درەوشاوە و خەباتگێرێکی سیاسی و دبلۆماسی و سەربازی و ڕۆشنبیر و خەمخۆری کەموێنەی لە دەست دا و چووە ئاسمانی کوردستان و بۆ ھەمیشە درەوشاوە و پرشنگدار دەمێنێتەوە.

لەم یادە دڵتەزێنەدا سڵاو و دروود دەنێرین بۆ گیانی پاکی کاکە ئیدریسی جوانەمەرگ کە هەمیشە بە کار و خەبات و هەڵوێستەکانی لە مێژوودا بە زیندوویی لە دڵ و ویژدانی دڵسۆزانی گەلەکەمان دەمێنێتەوە.

نەمری بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی ئەنفال

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

 

دکتۆر کەمال کەرکووکی

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیان

٣١/ ١/ ٢٠٢٢

 

 

 

پارتی دیموکراتی کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.