شه‌نگه هاوار كاكه‌یی یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی كه حهیامێكه ده‌ستی داوه‌ته نووسین ، به هۆی بوونی كتێب و كتێبخانه له ماڵه‌كه‌یان هه‌ر له‌ته‌مه‌نی زووه هۆگری نوسین و شیعر بووه به‌هۆی ئه‌وه‌ی به عه‌ربی خوێندنه‌وه ده‌سپێكی به شیعری عه‌ره‌بی نووسیوه ، له‌سه‌ره‌تایی نه‌وه‌ته‌كان ده‌ستیكردوه به وتار نووسین له گۆڤار‌و رۆژنامه‌كان...بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له نزیكه‌وه به خوێنه‌رانی ئاشنا بكه‌ین ئه‌م گفتوو گۆیهمان له‌گه‌ڵیدا ساز كرد.
هه‌ڤپه‌یڤین/ كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
* پێمان باش بوو سه‌ره‌تایی گفتوگۆكه‌مان به‌كورته‌یه‌ك له ژیانی ئه‌ده‌بی و ئاسایی خۆت ، ده‌ست پێبكه‌ین.
- سه‌ره‌تا زۆر سوپاس بۆ سازدانی ئه‌م دیمانه‌یه ، سوپاس بۆ هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و ماندووبوونتان، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی ده‌خوازم، ره‌نگه له ئه‌زموونی خۆم حه‌ز بكه‌م بۆ خۆێنه‌ران زیاتر بنووسم و ئاماژه‌ی پێبده‌م بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له به‌رپابوونی شه‌فافیه‌ت له بوارێكی گرنگی ژیان ، وه‌كو ژانه‌ری ئه‌ده‌ب و شیعر.
من شه‌نگه‌م كچی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس "هاوار كاكه‌یی" وه له بنه‌ماڵه‌یه‌كی سه‌یدی كاكه‌یی چاوم ههڵهێناوهته دونیا،خه‌ڵكی شاری كه‌ركووكم و له‌به‌غدا له‌دایك بوومه، له‌شاری هه‌ولێر په‌روه‌رده كراوم.
*كه‌واته تۆ ئێستا هه‌ولێریت؟
- به‌ڵێ هه‌ولێریم، ئێستا زۆر به‌شانازییه‌وه هه‌ولێریم چونكه هاوسه‌رم خه‌ڵكی شاری هه‌ولێره و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتییه له پارێزگای هه‌ولێر، دوو جگه‌ر گۆشه‌م هه‌یه، كچ و كورێك بهناوهكای ئاڵا و پێشه‌وا دووانیشم مردووه.
* خودالێیان خۆش بێت ته‌مه‌ن درێژی بۆ ئێوه ده‌خوازین ئه‌ی له بواری خوێندن؟
- له‌بواری خوێندنی ئه‌كادیمی هه‌ڵگری سێ بروانامهمم ، دیبلۆمی( ته‌قه‌نی) وه دیبلۆمی (مامۆستاییه‌تی) له‌به‌شی زمانی عه‌ره‌بی وه ماسته‌رنامه‌م له‌یاسا به‌ده‌ست هێناوه ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن ده‌رفه‌ت بدا و خوا حه‌ز بكا نیازی دكتۆراشم هه‌یه.
*ئه‌ی سه‌باره‌ت به‌ژیانی دونیای ئه‌ده‌ب و شیعر؟
وه‌كو هه‌ر مرۆڤێك به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و ووردبینه‌وه له ژیانی ئه‌ده‌بیی و قسه له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه بكه‌ین ، ده‌بێ له كتێبخانه و كتێبی باوكم ده‌ست پێ بكه‌م كه له سه‌ره‌تای مناڵیمه‌وه شه‌یدای خوێندن بووم، به‌تایبه‌تیی شیعر، وه له ته‌مه‌نێكی زۆر بچووك هه‌وڵم داوه شیعر بنووسم ئه‌م پارچه شیعیرهیش وه‌كو یادهوریهكی ئه‌وسایه:
لكوردستان
افتدیك افتدیك بكل ماف جواری احمیك
لن ینسی الدهر ابدا مافیك
بصمود الابطال كعزم الجبال سیكتب فی اسفارنا الانتصار
ایا لیت ایامی كلها فی احضان كوردستان
ئه‌مه یه‌كه‌م هۆنراوهمه به‌زمانی عه‌ره‌بی نوسیوومه، چونكه باگراوندم عه‌ره‌بیه و باوكم مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی بوو، له رۆژنامه‌ی ئه‌لتاخی وتاره‌كانی به‌زمانی عه‌ربی له ئهرشیفن. ئه‌گه‌ر حه‌زی نووسینی شیعریم هه‌بووه به‌ڵام لێتان ناشارمه‌وه نه‌بووم به شاعیر تا نه بوومه، به‌رێوه‌به‌ری پلان له به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی توند‌و تیژیی، هه‌ڵبه‌ته له ساڵی نه‌وه‌ته‌كاندا سه‌رووی دووسه‌د وتارم له‌زۆربه‌ی رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا بڵاو كردووه‌ته‌وه كه به‌شێك لای خۆم ئه‌رشیفه به‌شێكیشی چه‌نگم نه‌كه‌وتووه، چونكه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووم، هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم به‌رهه‌مه‌كانی سه‌ره‌تای راپه‌ڕینه.
*زیاتر چ بابه‌تێك و ئارشهیهك هه‌وێنی شیعره‌كانته؟
له‌راستیدا شیعر هه‌ژان و مووچركهیه، ئه‌زموونێكی قورسه. ته‌نها به خۆێندنه‌وه‌ی شیعریش مرۆڤ نابێته شاعیر، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌موو به‌یت و قه‌سیده‌ی شیعیریهكان و په‌رتوكه‌كانی خۆێندبێته‌وه. هه‌ژان مه‌رجی بۆ بوون به شاعیره، بۆ نموونه باوكم نووسه‌ره به‌ڵام، شاعیر نیه.
دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستمه باس له ئه‌زموونی خۆم به‌كه‌م و به چاوی خۆم شیعر ئهخۆێنمهوه، چونكه هه‌ژموونی من جیاوازه له‌شیعریه‌تی شاعیریهكی جیاواز به‌ڵام له ژێر یه‌ك چه‌تردا كۆ ئه‌بنه‌وه به‌پێناسه‌ی شیعر. هه‌ڵبه‌ته به‌رپرسیاره‌تیم له به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی گشتی، وه‌كو به‌ڕێوه‌به‌رێكی سه‌رپه‌رشتیار به‌كۆ كردنه‌وه‌ی ئاماره‌كانی توندوتیژیی له زاخۆ، تا خانه‌قین وا ئاسان نیه ئه‌گه‌ر وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاریش بێت ئه‌توانم بڵێم قهسابخانهیهكه بۆخۆی، چونكه چڕ كردنه‌وه‌ی كاره‌كانم بریتی بوون له كۆ كردنه‌وه‌ی ئاماری توندوتیژی و كوشتن و خۆ كوشتن و سوتانه‌كان جا یان جه‌سته‌ی خۆێناوی ههڵكروزاو یان سه‌ربڕینی روحێكی زامدار كه خۆی له سكاڵاكان ده‌بینییه‌وه.
بۆیه له‌سه‌ر ده‌رگای ژووره‌كه‌م نوسیبووم ئاخۆ رۆژێك دادێ ده‌رگای ئه‌م ژووره بكه‌مه‌وه به بیستنی كوشتنی مرۆڤێك داینهخهمهوه، هه‌رگیز دڵم به‌وه ئاوی نه‌ده‌خوارده‌وه بڵێم هۆكاری ئه‌م جه‌لاده‌ت خانه‌یه، یان هۆكاری كۆمه‌لایه‌تیی و ئابووریی له‌دواوه‌یه. رۆژانه له پشت كورسی ، كتێبم ده‌خۆێنده‌وه ، هه‌ڵبه‌ته كارم له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی ناتوندو تیژی ده‌كرد كه بیرۆكه‌یه‌كی پر به‌ها و ئینسانییه، كه ده‌ڵێ جیهان لادێكهمه و مرۆڤایه‌تی خانهوادهمه وكرده‌وه‌ی چاك باوهڕهكهمه ، هه‌ر مرۆڤێك ئه‌گه‌ر به بڕواوه له‌نێو ئه‌م ده‌سته‌واژانه توایه‌وه، ناخی له بێ گه‌ردیی دهبرسكێتهوه و دوور ده‌بێ له توندوتیژی.
دیاره له ژێر ئه‌م ره‌هه‌نده فكریانه‌ی" تولستۆی و غاندی" ماسته‌ر نامه‌كه‌م ، به‌یاسای ژماره هه‌شتی خێزانی تێكهه‌ڵكێش كرد بۆ سنووردانانی توندوتیژییه‌كان، سه‌رئه‌نجام به به‌رزترین نمره هه‌ڵسه‌نگاندنی تۆژینهوهكهمیان كرد، له كۆنترین زانكۆی وڵاتی لوبنان به هاوپێچی داواكارییه‌ك بۆ كاربه‌ده‌ستانی به‌رپرسی مه‌عنی، به‌خۆێندنی باڵا له هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌مه‌شیان له‌سه‌ر داواكاری خۆم نه‌بووه بگره پێشنیاری لیژنه‌كه بوو، كه‌وا به‌نده شایسته‌یه بۆ خۆێندندنی دكتۆرا، چونكه كه داوای سمپڵی قوربانیه‌كی توندوتیژی سیاسیان كرد ، یه‌كسه‌ر شیعرێكم له‌سه‌ر كچانی رفێنراومان خۆێندمه‌وه كه به‌زمانی عه‌ره‌بی نوسیبووم به‌م تایتڵه:
عذرا اني امراة كوردیة
مكویة بنار ال عبودیة
الی یومي تنتهك كرامتي
ودمي
ویبیعوني في اسواق الجاهلیة
باسم الاسلام في واحات
النجاسة لاني كوردیة
هتد ٠٠٠٠
* تاچه‌ند سازدانی فیستیڤاڵی شیعر گرنگه ؟
- فیستیڤاڵی شیعر زۆر گرنگه بۆ گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆنتاكت و گڕوگهرمی، یه‌كتر ناسین وه‌كو نوخبه‌یه‌ك كه هه‌ڵگری شوناسی خه‌مخۆری نه‌ته‌وه‌ی كوردن، به‌ڵام هه‌میشه مه‌رج نییه بۆ ماركێتینگی شاعیر، چونكه هه‌ر شاعیرێكی مایكرۆفۆن به‌ده‌ست لێزان نیه و شاعیر نییه، واتا نمایشكاره یاخود له سه‌ر شانۆ كاری نه كردووه، واتا لایه‌نی هونه‌ری ناكامڵه یا لهكنهی نییه ده‌نگی ته‌وا نییه، به‌ڵام گه‌وره‌ترین شاعیره ئه‌ستێره‌ن له‌سه‌مای شیعریدا وه‌كو مامۆستا مدحه‌ت بێخه‌و وه زۆر شاعیریش هه‌ن ئه‌سڵه‌ن خوێنده‌وار نین یا خۆیندنێكی ئاست مام ناوه‌ندیان هه‌یه به‌ڵام شاعیرن. له‌ناو كاكه‌ییان ( سه‌ید قودره‌تی) شاعیرمان هه‌یه باوكی گه‌وره‌ترین شاعیری سه‌رده‌می خۆی بووه (مه‌لا عه‌باس) كه دیوانی شیعری هه‌یه به‌ڵام نه‌خۆێنده‌وار بوو. ته‌نها پێگه‌یی شیعیری خۆی له‌رێگای ته‌كیه‌ی كاكه‌ییه‌كان به‌هێز ئه‌كرد وه ئێستا سه‌ید قودره‌ت شاعیرێكه پێگه‌یه‌كی زۆر به‌رزی هه‌یه له‌ناو سه‌یدانی كاكه‌یی و شاعیره، به‌ڵام به‌شداری یه‌ك ڤیستیڤاڵیشی نه‌كردوه.
* تاچه‌ند ره‌خنه بۆ شاعیر گرنگه به‌تایبه‌تی ره‌خنه‌ی بنیاتنه‌ر ؟
ره‌خنه گرتن زۆر گرنگه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ره‌خنه‌كه بونیادنان بێت نه‌ك شكاندن یان به‌كه‌م زانیین یان پاڵنه‌ری ئیره‌یی له‌دواوه بێت، كاتێك من ده‌ستم به‌شیعر نووسین كرد زۆر كه‌س له‌گۆڕه‌پانی شیعردا ده‌ركه‌وتن مایكرۆفۆنیان گرته ده‌ست و جه‌ماوه‌ریان كۆ كرده‌وه و ته‌نانه‌ت دیوانیشیان به چاپ گه‌یاند و ناوی خۆیاننا شاعیر، به‌ڵام پرسیاری جه‌وهه‌ریی ئه‌وه‌یه زه‌حمه‌ت نه‌بێ ئێستا له‌كوێن پاش به چاپ گه‌یاندنی به‌رهه‌مه‌كه‌یان؟ كانییهكهیان وشك بوو، خۆ شیعر ده‌ریایه راوه‌ستانی نییه چونكه ئه‌گه‌ر راوه‌ستا واتا ئاوه‌كه‌ی له‌بنه‌ره‌تا لیخن بووه شایه‌نی ئه‌وه نه‌بووه تونێتیمانی پێ بشكێنێنن و ناوی لێبنێین شاعیر، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و جۆره شاعیرانه دوور كه‌ونه‌وه له‌فه‌زای شیعر زۆر باشتره چونكه بونیادی روحیان نه‌بووه و دووچاری هه‌ژان نه‌بوونه و ژانی شیعیریان نه‌بینیوه كه وه‌كو قۆناغی له‌دایك بوونی كۆرپه‌ڵه‌یه، هه‌رهه‌مووی ئازاره نیگه‌رانییه چاوه‌ڕوانییه،پاش ئه‌م هه‌موو قۆناغه كورپه‌ی شیعیری له‌دایك ده‌بێ چونكه له‌و دونیا ماددییه‌دا له‌پڕێك ده‌بێته كوڕێك. شیعر ئه‌زموونێكی روحیی زۆر قووڵه ، قۆناغ به‌قۆناغ ئهناكانی ناوه‌وه‌ت كاڵ ده‌كه‌یته‌وه دوور ده‌كه‌وی له زۆر شت كه پڕ له باق و بهریقن له‌ژیاندا، دوور ده‌كه‌ویته‌وه له درۆ و دووڕویی و ته‌نانه‌ت تموحی مادیات و پله و پۆستت نامێنێ، به‌ڵام به‌و واتایه‌یش نا ببییت به ده‌روێش ، به‌ڵام كاریگه‌ری كارهكتهرت له بووندا گۆرانكاڕی شه‌ن ده‌بێت بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ بكه‌ی، جا ئه‌وانه‌ی نمایشكارن با دوور كه‌ونه‌وه، ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌گران قهبوڵكهن دوور كه‌ونه‌وه خۆ گوناحیان ناگا چونكه نه‌خوڵقاون ببن به‌شاعیر، ره‌نگه له‌بواری نووسیندا گه‌وره‌ترین نوسهرهیان لێ ده‌ر بچێ ، به‌ڵام له شیعر عه‌فوویان فه‌رموو، شیعر هه‌ژانی روحه من به‌ش به‌حاڵی خۆم تا فرمێسكم تێكه‌ڵ فرمێسكی قوربانیان نه‌بوو جورئه‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو به خۆم بڵێم شاعیر.
* شاعیرێكی دیاركراو هه‌یه كاریگه‌ری له‌سه‌ر تۆ هه‌بێت ؟
- به‌ڵێ بێ گومان هه‌ر شاعرێك رێچكه‌ی خۆی هه‌یه له نوسین به‌ڵام كێ كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه ئه‌وانه‌ی كۆن وه‌كو مێژوو ئه‌ستێره‌ن هه‌رگیز ناكوژێنه‌وه ئه‌وه ( بابا تاهیری هه‌مه‌دانی، حاجی قادری كۆیی ، ناڵی ، مه‌حوی ، سالم ، هێمنی شاعیر) هه‌ڵبه‌ته به‌هه‌زاران شاعیریش پایه به‌رز ناودێر وا ده‌گه‌شێنه‌وه له‌پانتایی ئه‌ده‌بی كوردیدا سه‌رچاوه‌ی هێزن به‌ڵام ئه‌وه له‌رابردوودا، به‌ڵام كامیان كاریگه‌رتره كامیان زیاتر هه‌ستم ده‌ورووژێنی په‌شێوی شاعیر، بۆ په‌شێو چونكه كاتێك شیعره‌كانی ده‌خۆێنمه‌وه هه‌ر وا ده‌زانم برایهكمه وه له سه‌كۆی هاوار كاكه‌یی.
له هه‌مان كات دا ره‌هه‌ندی په‌روه‌رده‌یی فیكریی و سایكلۆژیی و ئه‌ده‌بیی باوكم رێك له فیكری په‌شێودا ، ئه‌یدۆزمه‌وه بوونی هه‌یه و هه‌ستی پێده‌كه‌م چاویشم ره‌فتار و هه‌ڵوێسته‌كانی ده‌خوێنێته‌وه بۆنموونه كاتێك له‌ده‌ستم دێ. هه‌موو ئافره‌تان ده‌می ره‌خنه‌یان ئاراسته‌ی په‌شێو كرد ته‌نیا شه‌نگ نه‌بێ خۆێندنه‌وه‌ی جیاوازی هه‌بوو به‌و وه‌ڵامه كه‌وا شۆرشگێرێكی قه‌ڵه‌مه ناكرێ له كۆمه‌ڵگایه‌كی باوك سالاریدا كۆڵوانه‌ی شیعری له‌پشت به‌ستووه، راستگۆ به‌ڵێ له‌ده‌ستی دێ به‌ڵام نایكا چونكه عاشقه.
بۆیه لهوتارێكما داوام له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی كردووه په‌یكه‌رێك له‌زێدی خۆی یان شه‌قامێك یان ماڵێك به‌ناوی په‌شێو دابمه‌زرێنن و چیتر زوڵم له‌و كه‌ڵه شاعیره نه‌كه‌ن كه قسه‌و ره‌فتاری یه‌كه، هه‌روه‌ها به‌ده‌یان شاعیر و نووسه‌ری هه‌ڵپه‌رست قه‌ربووی خه‌باتی خۆیان وه‌رگرت له‌م حكومه‌ته كوردییه ته‌نها په‌شێو نه‌بێ، ئه‌گه‌ر ئازاریشمان ئه‌دا ئازاری په‌شێو ئازارێكی شیرینه چونكه نه ده‌ستێكی له پشته و نه بۆ پله و پۆسته. ئینشاالله هه‌تا ماوم له قوتابخانه‌یه تونوێتیم ده‌شكێت.
* ئاستی شاعیرانی لاو له كوردستان چۆن ده‌بینی؟
- شاعیرانی لاو هیوا و دوا رۆژمانن، ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تێكی زۆر قورسیان له‌سه‌ر و ده‌بێ تا پێیان ده‌كرێ له ئاست ئه‌و بهرپرسیارێتییهدابن.
به‌ڵام من بۆم نییه رای خۆم بڵێم چونكه ئه‌وه شه‌نگه جورئه‌تی شیعری خۆی ئه‌كا هیچ شاعیرێك مه‌جبوور نییه پاڵنه‌ری شیعر بنووسی و شی بكاته‌وه، به‌ڵام له كه‌یسه‌كانی توندوتیژیی هه‌ر چی تایبه‌تمه‌ندی خێزان له شێوه‌ی نه‌رمه شیعر ووروژاندمه به‌زمانێكی ساكار و پاراو دوور له زمانی فه‌لسه‌فه‌ی شیعریی، چونكه ئه‌گه‌ر به فه‌لسه‌فه بمنووسیبایه كه‌یسه‌كان به سه‌رهاتی خۆیان نه‌ده‌زانی كه باسی تایبه‌تمه‌ندیی لایه‌نه تاریكه‌كانی ژیانی ههرتاكێكم كردبێ، واتا باسی رووی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگای خۆم نیشان داوه به‌بێ رتوش و ئارایشت و ده‌مامك، واته باسی من و تۆ و ئه‌م و ئه‌وم كردوه له هه‌مان كات له رۆژنامه‌ی هه‌ولێریش زۆر شیعری فه‌لسه‌فیم بڵاو كراوه‌ته‌وه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه ئاماژه‌ی پێبده‌م لایه‌نێكی ورۆژێنهری شیعری هه‌یه ، بۆنی توندوتیژیی تیادا به‌دی ئه‌كه‌م ، هیچ وێنه‌یه‌كی شیعریی سه‌رقافڵه نییه و تكه‌ی شه‌رمی حه‌یا ده‌مگرێ كاتێك له‌پێش خێزانم دهیخۆێنمهوه به‌س ئه‌وه‌ش به‌و واتاییه نییه ئه‌وه شیعر نییه، به‌ڵكو شیعره به‌ده‌ست هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی له‌وانه‌ی زینده‌وه‌رزانی وه‌رگرتوه وه ده‌بێ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌وا به‌م شێوه باس له ورده‌كاری تایبه‌تمه‌ندیی له‌شی ئافره‌ت ئه‌كه‌ن ئه‌بێ زیهنییه‌ت و كه‌شی خێزانی خۆی ئاماده بكا یهكێكێش به‌هه‌مان شێوه ، به‌ژن و باڵای خوشكی یا كچه‌كه‌ی وشه و قافییه‌ی شیعری هه‌ڵدێرێ ، له‌میانه‌ی كار كردنم شیعر فه‌لسه‌فه‌ی بوونه زمانی هه‌موو سه‌رده‌مێكه ئه‌و ره‌خنانه‌ی ناتوانین به رێگایه‌كی راست و ره‌وان بیدركێنین ده‌كرێ له‌ڕووی نێكی جیاوازه‌وه هه‌مان مه‌سج ئاراسته بكه‌ین.
كه‌واته له‌ڕووی وێنه‌ییه‌وه ، سه‌رجه‌م شاعیران پابه‌ندین به بوونی وێنه‌ی شیعری له شیعر نوسیندا، دووه‌م خه‌سله‌ت زمان زان بێت، له ئه‌زموونی خۆم زۆر سوودم له زمانی عه‌ره‌بی وه‌رگرتووه كه خۆێندنم به‌زمانی عه‌ره‌بی بووه وه ماچۆ زمانیش ئه‌زانم كه زمانی هه‌ورامییه ، زۆر ده‌سته‌واژه و وشه تێك هه‌ڵكێشی شیعره‌كانم ئه‌كه‌م بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، پرسم به مامۆستا كه‌مال غه‌مبار كردووه ، كه ئایا ده‌كرێ وشه‌ی عه‌ره‌بی بۆ هۆنینی هۆنراوه‌كانم به‌كار بێنم .
له‌وه‌ڵامدا پێی ئاسایی بوو چونكه گه‌وره شاعیرانی كورد له حوجره‌وه فێری شیعر نوسین بوونه وشه‌ی عه‌ره‌بی ره‌نگی داوه‌ته‌وه له به‌رهه‌مه‌كانیان بۆیه ئاساییه له‌شیعره‌كانتا وشه ی عه‌ره‌بی یا هه‌ورامی به‌كار بهێنی.
مه‌رجی سێیه‌م به‌رده‌وامیدانه كه ده‌بێ شاعیر به‌رده‌وام بێ له دیالۆگ و مه‌سیجه روحانییهكانی خۆی و ده‌ست هه‌ڵنه‌گرێ له نهسجی ویساڵی له‌گه‌ڵ خوای گه‌ردوون، ده‌بێ خواناس بێ، به‌واتا و به‌مانا ده‌بێ لێبوردهبێ، ده‌بێ خۆ نه‌ویست بێ سه‌روی هه‌موویشی نیشتمان په‌روه‌ر بێ و لهبهرپرسیارهێتیی سڵ نه‌كاته‌وه، خۆی به به‌رپرسیار بزانێ ئه‌گه‌ر دارێكی وشكی بینی نه‌ڵێ كه‌ی كێشه‌ی منه ده‌بێ بێته خواره‌وه له‌كورسی غهفاوهت و غهشاوهت ئه‌و داره تێنوه برۆێنێ، هه‌روه‌ها خۆێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وامیشی هه‌بێ خراپ نییه.
* به‌رهه‌می چاپكراوت هه‌یه؟
ره‌نگه وه‌كو پرۆژه بیرم لێی كردووته‌وه و سه‌رجه‌م كه‌یسه‌كانی توندوتیژییم به دكتۆره (شوكریه ره‌سوڵ) سپارد كه‌وا سه‌رنج و راو تیبینییهكانی خۆی بۆ من بنووسی، دیار بوو ده‌ستخۆشیی لێكردم و پێشه‌كیی بۆم نووسیوه، به‌ڵام نه‌بووه‌ته ختۆك، ئیلا ده‌بێ چاپی بكه‌م و لای من گرنگه به‌رده‌وام بم. خۆزگه ستۆنێكی شیعریم وه‌رده‌گرت له رۆژنامه‌یه‌ك خوای ئه‌كرد هه‌ر به‌رهه‌می چاپكراو نه‌ئه‌بوو چونكه من له‌م روانگه‌یه‌ش جیاواز بیر ده‌كه‌مه‌وه چونكه مه‌به‌ستم بازرگانی و كه‌سابه‌ت نییه، ته‌نها ناودێرییه ئه‌وه ده‌بێ بنووسم به‌رده‌وام بم زۆر جاریش وا بیر ده‌كه‌مه‌وه كه ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێكم هه‌بوو چاپ كرا، واتا كۆتاییم هاتووه چیتر ناتوانم بنووسم. حه‌قه رۆژنامه و گۆڤاره‌كان به‌م ئه‌ركه هه‌ڵسن چوونكه قه‌ڵه‌مم له‌سه‌ر ئه‌وان حسابه چوونكه نوسین چ وتار بێ یا شیعر سه‌لیقه و عه‌شقه.
ئه‌وه‌ی جێگای ئاماژه و شانازییه بۆ من هاوسه‌رم كه‌له لاپه‌ڕه‌ی سیاسه‌ت له رۆژنامه‌ی خه‌بات نوسه‌رێكی ره‌خنه‌گره و ماسته‌ری له بواری مێژوودا هه‌یه زۆر جار به‌ڕێكه‌وت هه‌ردووكمان له‌یه‌ك لاپه‌ڕه ،بابه‌تمان داده‌به‌زێ به‌ڵام من له وتاری سیاسیش هه‌ر به‌هه‌ناسه و نه‌فه‌سی شاعیرانه ده‌نوسم.
له‌م رێچكه‌یه‌دا هاوسه‌رم هانده‌ر و پاڵپشتم بووه و كوڕه‌كه‌م پێشه‌وا به‌هه‌مان شێوه ده‌ستی نوسینی هه‌یه له‌ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا بێ ئه‌وه‌ی من و باوكی ئاگادار بكا به‌شدار بووه له پێشبركێیه‌كی چیرۆك نوسین له شاری سلێمانی و له رێگای ئه‌نته‌رنێته‌وه چیرۆكێكی زه‌ریفی مناڵانه‌ی نوسیوه، دیاره ره‌وانی كردبوو و چیرۆكه‌كه‌ی خه‌ڵاتكرا. رۆژكیان رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێم ده‌خۆێنده‌وه ناوی ئه‌و مناڵانه‌م خۆێنده‌وه كه به‌هره‌مه‌ندن خه‌ڵات كروان گه‌یشته ناوی پێشه‌وا فارس به‌هاوسه‌رم ووت ئه‌م ناوه چه‌ن به‌ناوی كوڕی من ده‌چێ ئه‌وه نه‌مانزانی ده‌ستیكرده پێ كه‌نین و وتی ئه‌وه منم ئه‌و چیرۆكه‌م نوسیوه به‌راستی شاگه‌شكه بووم چونكه خۆشم ئه‌م به‌هره‌یه‌م له‌م ته‌مه‌نه ده‌ستیپێ كرد به‌گه‌شه‌كردن،كه‌واته حه‌قی نازاندنم هه‌یه با گۆ ڤارو رۆژنامه‌كان ده‌رگام بۆ واڵا كه‌ن بابه‌تم به‌چاپ بگه‌یه‌نن.
* پرۆژه‌ی داهاتوو چیه؟
پرۆژه‌ی داهاتووم بڕهودانه به فه‌لسه‌فه‌ی ناتوندوتییژیی خۆێندنی دكتۆراكه‌م هه‌یه پرۆژه‌ی زۆر گرنگ كه هانده‌رن ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگا بگۆڕی وه‌كو ئاراسته‌ی سێیه‌م له‌كاتی به‌ده‌ر كه‌وتنی ته‌نگژه دارایی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان، وه ناكرێ من لێره‌دا ئاماژه‌ی پێبده‌م چونكه له ئاستی تمووح نه‌چووته ده‌ره‌وه و نه‌مخستووه‌ته سه‌ر كاغه‌ز به‌ڵام ده‌ستم پێكردوه به خاك نه‌رم كردن به نوسینی وتار، له رۆژنامه‌ی خه‌بات وه‌كو ئاراسته‌ی سێیه‌می كار كردن وه‌كو وه‌ره‌قه‌یه‌ك بۆ خۆێندنه‌وه، دواییش هه‌نگاوی عه‌مه‌لییه و كۆتا پرۆژه‌م هه‌تا هه‌تایی ئه‌گه‌ر خوا پشتیوان بێ هه‌ر نووسینی شیعر به پله‌ی یه‌كه‌م دوایی وتار و رۆمان نووسین.
*دوا پرسیارمان وه‌كو شاعیرێك عه‌شق و سۆزداری چۆن پێناسه ده‌كه‌یت؟
- بۆ شه‌نگ كه‌شی ، عه‌شقی بچووك بچووك پچر پچر هه‌رگیز و هه‌رگیز خۆم تیا نهگهوزاند ، ئه‌وه‌ی له‌نێوان كور‌و كچێكا رووده‌دا و ناویان لێناوه دڵداریی، هه‌رگیز ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیریشم زۆر ئاسایی بهتهحهفز بوو ئێمه هه‌ردووك مامۆستا بووین ، رێزێكی بێ پایانمان بۆ یه‌كتری هه‌بووه ، بگره خۆشه‌ویستیه‌كی راده‌به‌ده‌ری پێشمه‌رگانه له نێوانمان بووه، نه كه‌سایه‌تی من نه مامۆستا فارس هانده‌ر نه‌بووه كه له‌ژێر سێبه‌ری دارێك دانیشین و ناومان له‌سه‌ر دار بنوسین وه‌كو عاشقانی ئه‌م سه‌رده‌مه یان له كه‌شێكی رۆمانسی دانیشتنی تایبه‌تیمان هه‌بێ،چونكه خوای گه‌وره له عه‌شقێكی زۆر گه‌وره‌تر ئێمه‌ی توانده‌وه كه عه‌شقی نیشتمانه ، عه‌شقی ئاو هه‌وا و خاك و شه‌هیدانی ئه‌و وڵاته ،چونكه بیر كردنه‌وه‌مان عاشقانه بوو سوفیانه و ده‌روێشانه بووه،
*زۆر سوپاس بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌ئێمه‌ت به‌خشی.
له‌كۆتاییدا منیش سوپاستان ده‌كه‌م هیواى به‌رده‌وامیتان بۆ ده‌خوازم.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.