Erbil 15°C دووشەممە 24 حوزەیران 15:01

وەزارەتی تەندروستی: داخستنی دەرمانخانەی سەروەران پەیوەندی بە هەرزانی نرخەوە نییە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، داخستنی دەرمانخانەکە هیچ پەیوەندییەکی بە هەرزانی نرخی دەرمانەکانەوە نییە.

وەزارەتی تەندروستی لە ڕوونکردنەوەکەدا ڕایگەیاند: دوای دەستکەوتنی زانیاری سەبارەت بەبوونی دەرمانێکی ساختە لە چەند دەرمانخانەیەک، لێژنەکانی چاودێری بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان بە ھەماھەنگی لەگەڵ سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان و قایمقامیەتی قەزای ناوەندی ھەولێر بەدواداچوونیان بۆ دەرمانخانەکان کرد، لە ئەنجامدا دەرکەوت بڕێکی زۆر لە دەرمانە ساختەکە لە دەرمانخانەی سەروەران بوونی هەیە.

ڕاشیگەیاند: دوای پشکنینی دەرمانخانەکە لەلایەن لێژنەکەوە، دەرکەوت دەرمانخانەکە پڕە لە دەرمانی قاچاخ و نایاسایی کە بڕەکەی زیاتر لە 4 هەزار و 500 پاکەت دەرمانی جۆراوجۆر دەبێت، بۆیە دەرمانخانەکە بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر.

وەزارەتی تەندروستی ڕوونیشی کردەوە "بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە داخستنی دەرمانخانەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە ھەرزانی نرخەوە نییە، بەڵکو ھەرزانی نرخی دەرمانەکانی دەگەڕێتەوە بۆ مامەڵەکردنی دەرمانخانەکە لەگەڵ دەستگێڕ و دەرمانی نایاسایی و سەرچاوە نادیار و ساختە."

ئەوەشی خستۆتەڕوو "دەرمانخانەکە پێشتریش لەسەر مامەڵەکردن بە دەرمانی میری (MOH) کە کڕین و فرۆشتنی قەدەخەیە داخراوە و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەبەر."

وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە خەمخۆری جددی تەندروستییانن و ئاماژەی بەوەش دا، بۆیە بەدواداچوونەکانمان بەردەوامیان دەبێت و ناھێڵین ڕای گشتی بە بیانووی جۆراوجۆر و ھەرزانی بەلاڕێدا ببرێت."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.