هێزەکانی ئاسایش ئەمڕۆ چوارشەممە چوار تۆمەتباری بەکارهێنەر و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەریان لە سۆران دەستگیر کرد و لە کاتی دەستگیرکردنیان هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەیان دا، لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆردا گیرا.
ئاسایشی سۆران ڕایگەیاند: دواى وەرگرتنى زانیارى و بەدواداچوون هێزەکانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران بە هاوبەشى لەگەڵ بنکەى ئاسایشى بازگەکانى سۆران و هەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى ناوشار، بەپێى ماددەى 25 ماددە هۆشبەرەکان توانرا 4 کەسى بەکارهێنەر و فرۆشیارى ماددە هۆشبەرەکان بە بڕى 125 گرام ماددەى هۆشبەرى جۆرى شیشە و حەشیش و کەلوپەلى بەکارهێنان دەستگیر بکرێن.
ڕاشیگەیاند: لە کاتى دەستگیرکردن تۆمەتباران بە چەک هەوڵى ڕووبەرووبوونەوەى هێزەکانى ئاسایشیان دا، بەڵام خۆشبەختانە هێزەکانمان بە لێهاتوویى توانیان ڕووبەڕوویان ببنەوە و هەر چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن، هەروەها دەستسەر چەکەکانى جۆرى کلاشینکۆف، 3 ڕوومانە و دەمانچەیەکدا بگرن.
ئاماژەی بەوەشدا کە تۆمەتبارەکان بەپێی ماددە 25 لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.